دواڕۆژ، #زریان محەمەد#
بەمەبەستی پشتگیریکردنی بەرهەمی ناوخۆ، عمولە لە جوتیاران وەرناگیرێت، بۆ هاوسەنگیکردنی بەرهەمی ناوخۆش باج دەخرێتە سەر ئەو بەرووبوومانەی هاوردەدەکرێن.
وەسفی خەلیل، نوێنەری ژووری بازرگانی و پیشەسازیی #سلێمانی# لە قایمقامێتی سلێمانی ئەمڕۆ دووشەممە 25ی حوزەیران بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ لە دیوانی قایمقامییەت لیژنەی هاوسەنگی سەوزە و میوە کۆبووەوە بۆ دیاریکردنی ئەو بەرووبومانەی لەوەرزی هاوین و گەرمادا خواستی هاوڵاتیانی لەسەرە، ئەویش بە ڕەچاوکردن و هاوسەنگيکردنی لەگەڵ بەرووبوومی ناوخۆ.
وتيشی بەهۆی پێگەیشتنی بەرهەمەکانی ناوخۆ لەم وەرزەدا کە بەرێژەی %58 زیاددەکات و سەرجەم بەرووبوومەکانی سەوزە و میوە پێداویستی و خواستی هاوڵاتیان پردەکاتەوە و بەشێکیشی هەناردەی ناوەڕاست و خواروی عێراق دەکرێت، ئەم ڕێژەیەش بە بەراورد بە مانگی ڕابردوو زیادیکردووە کە بەرهەمی ناوخۆ تەنها %20 پێداویستییەکانی ناوخۆی دابینکردووە.
ئاماژەی بەوەشدا لەکۆبوونەوەکەدا بریاردرا باج بخرێتەسەر هاوردەکردنی بەرووبوومی سەوزە و میووە بە جۆرێک بۆ یەک کیلۆ میوە بری 350 دینار، و بۆ یەک کیلۆ سەوزەش بری 250 دینار باجی بخرێتەسەر.
لەبارەی بڕیاری وەرگرتنی عمولە لە جوتیاران ئەمیر دارا، دەستەی کارگێری کۆمەڵەی گەشەپێدان خانووە پلاستیکییەکان بە دواڕۆژی وت قایمقامی سلێمانی پشتگیری زۆری کردوین تا بریاری دانانی باج بچێتەوە بواری جێبەجێکردنەوە.
وتیشی جێبەجێکردنی ئەو بریارەش جوتیارانی دڵخۆشکردوە بوەتەهۆی ئەوەی گرنگی زیاتر بە بەرهەمەکانیان بدەن و بەرهەمێکی زیاتر و باشتر بخەنە بازاڕەوە.[1]
#25-06-2018#