قایمقامی #هەولێر# ڕایگەیاند، لەپێناو کۆنتڕۆڵکردنی ئەو بۆنە ناخۆشەی لە بەشێکی شاری هەولێر دروستبووە، نزیکەی 20 پاڵاوگەی سووتەمەنیان لە نزیک شاری هەولێر داخستووە و ئەوەش کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی بۆنەکە هەبووە.
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر، بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند: لەپێناو کۆنتڕۆڵکردنی ئەو بۆنە ناخۆشەی لە بەشێکی شاری هەولێر دروستبووە، دەستیان بە هەڵمەتێکی چڕ کردووە و ئەو پاڵاوگانەی نزیک شاری هەولێرن و پابەندی ڕێنماییەکانی ژینگە نەبوون، ڕۆژی دووشەممە نزیکەی 20دانەیان داخران.
قایمقامی هەولێر، ئەوەشی خستەڕوو، لە بەدواداچوونی ئەو پاڵاوگانە بەردەوام دەبن و گوتیشی ئەگەر بەدواداچوونمان نەبێت ئەوا ڕەنگە دووبارە بیکەنەوە، بەڵام هەرگیز ڕێگە بەوە نادەین، داخستنی ئەو پاڵاوگانەش کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی ئەو بۆنە ناخۆشە هەبووە، کە بەشێک لە خەڵکی هەولێری بێزار کردبوو.
لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو بەشێک لە دانیشتووانی هەولێر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دووبارە باسیان لە سەرهەڵدانەوەی بۆنێکی ناخۆش دەکرد لەناو شاری هەولێر، هەندێکیش پێیانوابوو بۆنەکە بۆنی غازە، لە هاوینی ڕابردووش هەمان گرفت لەشاری هەولێر هەبوو.[1]
#26-06-2018#