بەڕێوەبەری چاکسازیی گەورانی #سلێمانی# ئاشکرایدەکات، کە لەناو چاکسازییەکەدا زیندانیان مامەڵە بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەکەن.
ئەمڕۆ، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەرەوە، بەڕێوبەری چاکسازیی گەورانی سلێمانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیی ئەنجامدا و تیایدا.
بەپێی ئامارێکی بەڕێوبەری چاکسازیی گەورانی سلێمانی، 139 سزادراو لە چاکسازیی گەورانی سلێمانی هەیە، کە 108 سزادراویان بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان دەکەن و 31 سزادراویش بەکارهێنەربوون، کە دەکاتە ڕێژەی 17٪ی ڕێژەی سزادراوان.
هەر بەپێی ئامارەکە، لە ماوەی پێنج مانگی ئەمساڵدا، 37 کەس بە ماددەی یاسایی 14ی هۆشبەر گواستراونەتەوە بۆ چاکسازی گەورانی سلێمانی، کە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو کەمیکردووە.
پێشەنگ حەمید، بەڕێوبەری چاکسازی گەورانی سلێمانی، لەبارەی دزەپێکردنی ماددەی هۆشبەر بۆ ناو چاکسازیی، لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا وتی: مامەڵەکردن بە ماددە هۆشبەرەکان لەناو چاکسازییدا کەمیکردووە.
دەشڵێت: یاسای لێبوردنی گشتیی بۆ سزادراوانی ماددەی هۆشبەر کاریگەری ئەرێنی و نەرێنی هەیە، بەڵام لەمساڵدا ئەو کەسانەی کە ئازادکراون، کەمتر گەڕاونەتەوە سەر کارەکانی پێشوویان لەچاو ساڵانی ڕابردوودا.
ب.م، بەکارهێنەرێکی ماددەی هۆشبەر کە ئێستا بۆ تەواوکردنی ماوەی سزاکەی لە چاکسازیی گەورانی سلێمانییە، لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا وتی: لە ڕابردوودا بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەرم بە خەڵەت نەدەزانی، بەڵام لە دوای ئەوەی چارەسەری دروونیم وەرگرت، بۆم دەرکەوت کە ئەو کارەی من کردوومە هەڵە بووە و بۆ ژیانی من خراپ بووە، بۆیە داوا دەکەم کە کەس ماددەی هۆشبەر بەکارنەهێنێت.
ڕێکخراوی وچان، کە لە بواری پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ کاردەکات، لەمساڵدا 264 سیمیناری هۆشیاریی بۆ چاکسازییەکانی پیاوان و ژنان و منداڵانی سلێمانی و هەولێر ئەنجامداوە و ڕێنمایی و هۆشیاریی و چارەسەریی تەندروستی و دەروونی بە 92 حاڵەت کە 91 پیاوان بوون و 1 ژنبووە، داوە.[1]
#26-06-2018#