بەپێی ئامارێک کە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای #هەولێر# کە دەست تۆڕی میدیایی ڕووداو کەوتووە و لە کۆبوونەوەکەدا بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئاماژەی پێکردووە، لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا زیاتر لە 1500 کەس لەسەر چەندین تاوانی جۆراوجۆر دەستگیرکراون و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە.
کاژێر 10:30 خولەکی پیشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممەوە، ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە ئامادەبوونی لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لەبارەی ڕەوشی ئەمنی شاری هەولێر کۆبووەوە.
فەرهاد دۆڵەمەڕی، پەیامنێری ڕووداو ڕایگەیاند، ڕووداوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی سنووری پارێزگای هەولێر، کە لەماوەی چوار ڕۆژدا 5 کەس کوژارن، وای لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر کرد بێنە سەر هێڵ بەڕێوەبەی گشتی پۆلیسی هەولێر بانگهێشتی کۆبوونەوەی ئەنجوومەن بکەن.
بەپێی ئامارێک کە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دەست تۆڕی میدیایی ڕووداو کەوتووە و بۆ یەکەمجارە لە میدیا بڵاودەکرێتەوە، بەپێی ئامارەکە لە ماوەی 6 مانگی سەرەتای ئەمساڵەوە، 114 کەس لەسەر تاوانی کوشتن بەپێی ماددەی 406 دەستگیرکراون، 401 کەس لەسەر تاوانی دزیکردن دەستگیرکراون.
هەروەها 169 کەس لەسەر لێدان دەستگیرکراون، لەسەر تووندوتیژی دژی ئافرەتان 141 کەس دەستگیرکراون، لەسەر فێڵکردن 124 کەس دەستگیرکراون.
لەسەر دروستکردنی ئاژاوە 473 کەس دەستگیرکراون، واتە کۆی گشتی ئەو کەسانەی لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوو لەسەر تاوانی جۆراوجۆر دەستگیرکراون دەگاتە 1585 کەس، هەزار و 211 پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ئەو تاوانانە کراونەتەوە.[1]
#26-06-2018#