رێکخراوێکی فەرەنسی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی کار و ڕاهێنانی پیشەیی لە #زاخۆ#، دەرفەتی کار بۆ 155 بێکار دەڕەخسێندرێت، لە ماوەی ئەمساڵیشدا ئەمە سێیەمجارە لە ڕێگەی کردنەوەی چەند خولێک، کار و پیشە بۆ بێکارانی ئەو دەڤەرە دەکرێتەوە.
یوسف موسا، پەیامنێری ڕووداو لە زاخۆ ڕایگەیاند، ڕێکخراوی ACFی فەرەنسی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی کار و ڕاهێنانی پیشەیی لە زاخۆ، بڕوانامەی پیشەیی بەسەر 155 بەشداربووی هەشت خول لە چەندین بواری جیادا دابەشدەکات.
جووتیار خدر، بەڕێوەبەری کار و ڕاهێنانی پیشەیی لە زاخۆ، لە لێدوانێکدا بە ڕووداوی ڕاگەیاند: بەپێی ئەو پرۆگرامەی بۆ پێگەیاندنی گەنجانی بێکار لە قەزای زاخۆ دانراوە، ئەمڕۆ بە هاوکاری ڕێکخراوی ACFی فەرەنسی کۆتایی بە هەشت خول لە بوارە جیا جیاکان دێت و بڕوانامەی پیشەییان بەسەردا دابەشدەکرێت.
جووتیار خدر، دەڵێت، بەشداربووانی خولەکە لە ماوەی 45 ڕۆژدا فێری پیشەیەک کراون، لە کۆی ئەو 155 کەسەی بەشداری خولەکانیان کردووە، 50یان لەنێو کارگە و شوێنە جیاکانیدا کاریان بۆ دۆزراوەتەوە، ئەوانەی ماونەتەوەش لەلایەن ڕێکخراوی ACFی فەرەنسی بڕێک پارەیان پێدراوە بۆ ئەوەی پرۆژەی بچووک ئەنجامبدەن، خۆشبەختانە ئەمڕۆ ئەو 155 کەسە هەموویان بوونەتە خاوەنی کارو خاوەن پرۆژەی بچووک.
لە ماوەی ئەمساڵدا ئەمە سێیەمجارە ڕێکخراوی ACFی فەرەنسی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی کار و ڕاهێنانی پیشەیی لە قەزای زاخۆ ئەمجۆرە خولانە بۆ گەنجانی بێکار دەکاتەوە، بۆئەوەی لەبوارێکدا پیشەیەک فێرببن و ببنە خاوەنی کاری خۆیان.[1]
#27-06-2018#