ناوی خانای قوبادی:
ئەوە ڕوونە کە بەشێک لە شاعیران بەهۆی ئەوەی لە لایەن خانەوادە و نەوەکانیانەوە، یان بەهۆی باری ناهەمواری ناوچەکەوە، بەرهەم و مێژووی ژیان و ناو و ناونیشانیان لە ئەدەبیاتی کوردیدا ون بووە. یان ناوی تەواویان لە مێژوودا ڕوون نییە. یا تەنها بەرهەم و نازناوی شعیرییان دیارە... خانای قوبادیش یەکێکە لەو شاعیرە گەورانەی کورد کە خاوەنی بەرهەمێکی زۆرە لە شعر و وەرگێڕان و لەناو مێژووی ئەدەبیاتی کوردیدا جێگەی بەرز و دیاری کراوی هەیە. سەبارەت بە ناوی تەواوی لە پێشوودا تەنها بە خانا ناوی براوە. لەوە زیاتر شتێکی ڕوونیان لە بەردەست دا نەبووە.
هەندێک لە ئەدیبان و نووسەرانی کۆنی کورد ناوی خانایان بە (موحەممەد) هێناوە. بەڵام بە بێ بەڵگە و سەرچاوەیەکی ڕوون ئەوەیان وتووە. لێرەدا هەوڵ دەدەم بە پێی ئەو سەرچاوە و بەڵگانەی بەردەستم ئەوە ڕوون و ڕاست بکەمەوە، ناوی خانا موشەخەس بکەم.
بەگزادەکانی جوانڕۆ دەڵێن: بەپێی شەجەرە نامە، ناوی خانا خانلەرخان یا خانلەر بەیگی.
هەروەها بە تەلەفۆن وتەیەکم لە مامۆستا ئیبراهیمی غەفاری سارۆ وەرگرت2 لەبارەی ئەم موحەممەد ناوەوە، ئەویش وتی: من لە هەندێ کەسی پیری هۆزی قوبادی و باوەجانییەکانم بیستووە کە خانا ناوی موحەممەد بووە. غەففاری سارۆیی ئەوەشی وت: کە چەند کەسێک هەن بە ناوی موحەمەد خان. بەڵام نەم بیستووە بەناوی موحەممەد خانا و بەتایبەتی لەو دەم و کاتەدا.. کە دەمی خانای قوبادی بووبێت.
لەناو شەجەرە و سەنەد و دەستنووسەکانی بەردەستی منیشدا بە چەندین شێوە باسی ئەم بنەماڵە کراوە. بەشێوەیەک شەجەرە و خانەوادەی ئەم شاعیرە تێک دراوە و تێکەڵ کراوە، ئەگەر بە وردی لێی ڕوون نەبیتەوە، ئەوا دەکەویتە هەڵەی گەورەوە.
ئەوەی جێگەی باس بێت لە سەر ناوی خانا، ئەوەیشی ئاماژەی بەو لایەنە بکات، دەیخەمە ڕوو. لە یەکێک لە بەڵگەنامەکاندا کە لە ساڵی (29-5-1341) نووسراوە و ئیمزا و مۆری چەندین کەسی لە سەرە. بەم شێوە هاتووە: (کوڕانی جەنابی خوالێخۆشبوو سەیید ئەحمەدی دووەم بریتییە لە: 1- بەڕێز مومن بەگ کوڕی خوالێخۆشبوو سەیید ئەحمەد. 2- بەڕێز هەمیر خان بەگ کوڕی سەیید ئەحمەد. 3- بەڕێز یارحوسێن بەگ کوڕی سەیید ئەحمەد. 4- بەڕێز خانلەر بەگ گوڕی کوڕی سەیید ئەحمەد لە بەراوری 1317 لە سەردەمی خوالێخۆشبوو علیحچرت کۆچکردوو تا ئێستا قەباڵەی کوڕانی بەڕێزی ناوبراو سەیید ئەحمەد دانیشتووی قوبادی لە بەرواری ساڵی 1301 بەڕێز مەنسوور ئاغایی کەیخوسرەوی کوڕی موحەممەد خان و... میرزا مورادی کوڕی کوێخا عەبدوڵڵا و عەزیزی کوڕی مەهدی و میرزا مورادی کوڕی عەبدولقادر و غەفووری کوڕی ئەعزەم، لە بەرواری سەرەوە تا ئێستا نووسینی قەباڵەی موڵکدارێتییان لە منداڵانی سەیید ئەحمەد وەرگرتووە...). لە کۆتایی ئەم قەباڵەیەدا ئەمەش هاتووە: (چەندین کەس لە لاپەڕەی وەرگیراو، بەڵام بەم شێوەیەی خوارەوە عیسا بەگ کوڕی سەیید ئەحمەد بەگ، ڕۆستەم بەگی کوڕی سەیید ئەحمەد بەگ، خانە بەگ برای سەیید ئەحمەد، شۆرە بەگ برای سەیید ئەحمەد و میرزا بەگ کوڕی سەیید ئەحمەد.).
لە سەنەدێکی موڵکداری تریدا کە لە ساڵی (1130)ی کۆچی دا نووسراوە، بەم شێوەیە باس لەم خانەوادەیە دەکات: (بۆیە ئەم نووسراوە شەرعییەمان نووسی، چونکە عەزیزالله خانی کوڕی خوالێخۆشبوو سەیف الله حانی جەلیلوەندی و موتیعولئیسلام هاروونی کوڕی سلێمان یەهوودی، دانیشتووی شاری کرمانشاهان، هەردوولایان لە حاڵەتی تەندروستی باشدان و ئەم کارەیان بە ڕەزامەندی تەواوی هەردوولایان کردووە. عەزیزالله خانی جەلیلوەند، پێنج دانگ لە شەش دانگی موڵکی نەهرئاب کە بە میرات بۆ ئەو ماوەتەوە و هاروون یەک دانگی وەرگرتووە، بفرۆشێت بە جەنابی سەعادەت قروون هەمیرخان بێگی کوڕی سەیید ئەحمەد بێگی حاجی جوانڕۆیی ئێناقی ئەسڵ و بەو نرخەی کە دیاری کراوە لە لایەن (حەل و فەسل)ەوە. کە بڕی (400) قرانی پارەی کار پێکراوی ئەو کاتەی ئێران بووە...).
هەروەها لە سەندێکی کۆنتردا کە لە ساڵی (1102)ی کۆچی دا نووسراوە. بە شایەد و مۆر و ئامادەبوونی چەندین کەس لەو دانیشتنەدا و گفتوگۆی تێر و تەسەل، ئەو موڵکە بە بنەماڵەی قوبادییەکان دەفرۆشن. ئەم موڵکە دوای کەمتر لە ساڵێک گرفتی تێ دەکەوێت، بە ئامادەبوونی کەسانی پێشوو و تەسدیق کردنی سەنەدی پێشوو و سەنەدێکی تر لەبەر ڕۆشنایی سەنەدی پێشوو بە ئاڵوگۆڕێکی زۆر کەم لەناوی کەسەکان و هەردوو سەنەدەکە دووبارە ساڵی (1103)ی لە سەر دەنووسنەوە.
لەم سەنەدەدا ئەوە هاتووە کە: (ڕۆستەم بەگی دووەم کوڕی سەیید ئەحمەد بەگی سێیەم ئێناخی ئەسڵ کە ناسراوە... هەمووی بە تەواوەتی و کەماڵی هەر چوار لاکە ناسراوە لە پاڵ (شاب الاجل) ئەمر خان کوڕی موحەممەد و ئوغڵوو بەگ، ئەو نووسراوە قەبوڵ بکات... دوای تێپەڕبوونی چەند کاتژمێرێک داواکارییەکی تازە... ئەمیر خان بەگی ناوبراو لە ڕۆستەم خان نووسراوێکی وەرگرت. ڕۆستەم بەگ بە مۆڵەتی تازە لە وەرگرتنی و ئەو و ئەمیر خان بەگ وەرگرتووە بە فەرمانی سوڵحی شەرعیی و هەموو مەرجێکی بێ کەموکوڕی و ئاشکرابوونی...).
هەروەها لە کەشکۆڵێک کە لە لای مامۆستا (موحەممەد عەلی قەرەداغی)یە و بە کەشکۆڵی مەولانا حەمزە ناسراوە. دوای ئەوەی خودی کەشکۆڵەکەم دی و لێکۆڵینەوەیەکم لەبارەوە کرد. هەندێ وردەکاریم لەم دەستنووسەدا بۆ دەرکەوت کە جێگەی بایەخ بوون و پێویستی بە ورد بوونەوە و لێتوێژنەوە بوو. هەر لەو کەشکۆڵەدا بە چەند شێوەیەک ناوی خانا و شیعر و نازناوی خاناوە هاتووە.
مەولانا حەمزە خاوەنی کەشکۆڵەکەیە. نووسەر تاکو ساڵی (1110- 1138)ی کۆچی لە ژیاندا بووە. ئەم دەستنووسە لە سەردەمی ژیانی خانادا نووسراوەتەوە. بەڵام لە شاری کەرکووکدا. ئەو کاتە خانا تەمەنی 40 ساڵ بووە.
لە چەند جێگەیەکدا ناوی خانای هێناوە. لە سەر پارچە شیعرێک نووسیویەتی: (مخمس محمد خان جوانروی)، هەروەها لە شوێنێکی دییدا نووسیویەتی: (خانای جوانرودی).
مامۆستا قەرەداغی لە کتێبەکانی دا چەند جێگەیەکی تریدا هۆنراوەی خانای بڵاو کردووەتەوە. لە سەرەتای هۆنراوەکان نووسراوە: (قازی خانا). هەر لەو سەرچاوانەی مامۆستادا شیعرێکی تری بە ناوی (من کلام محمد خان قبادی) بڵاوکراوەتەوە.
جگە لەو بەڵگانەی سەرەوە کە خستمانە ڕوو، دوابەدوای چاپی یەکەمی دیوانی خانا، چەند دەستنووسێکم دەست کەوت کە لە یەکێک لە کتێبخانەکانی شاری بەرلین دا پارێزراوە. چەند پارچە شیعرێکی بڵاوکراوە و بڵاونەکراوەی خانای تێدایە. لەناو ئەو دەستنووسانەدا بەم شێوە چاومان بەناوی خانا دەکەوێت: (محمد خان قبادی)، (خانە قبادی).
دوا بەڵگە و بەڵگەیەک کە حاشا هەڵنەگرە، لەناو هۆنراوەکانی خانا خۆیدا بەناوی (خانە، خانا، خانای قوبادی، خانەی قوبادی، خانای خان قوباد...) ناوی هاتووە.
لەم بەڵگانەدا زۆر لایەنی شاراوە لە ژیانی خانامان بۆ ڕوون دەبێتەوە، لەوانە:
1- لێرەدا بۆمان ڕوون دەبێتەوە ناوی خانا بەم شێوانە هاتووە: (موحەممەد خان قوبادی، خانەی قوبادی، خانای قوبادی و موحەممەد خانەی قوبادی).
2- تەواو ئەوەمان بۆ ئاشکرا ئەبێت کە خانا لە هیچ دەستنووسێکدا بە ناوی خانلەر و یا کەسێکی تری نەهاتووە. لەناو زۆربەی زۆری شیعرەکان و ئەو بەڵگانەدا کە هێنامانەوە و نوسخەی کۆنن ناوی خانا وەکو خاڵی یەک ناوی هاتووە.
3- خانا لە نەوەی قوباد بەگی جافی جوانڕۆیە.
4- لەناو قوبادییەکاندا چەندین ئەمیر خان بەگ و سەیید ئەحمەد بەگ و ڕۆستەم بەگ هەن.
5- ئەوەیشمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە نەوەکانی سەیید ئەحمەد چەندن و کێن.
6- قوباد بەگ چەند نەوەی هەبووە.
7- جگە لەوەش ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە قوباد بەگ دوو کوڕی بەناوی (موحەممەد)دەوە هەبووە. نەوەی موحەممەد بەگی گەورە موڵکی کڕیوە.
8- ئەم زەوییانە لەچی ساڵ و سەردەمێکدا کڕدراوە، لە کێ کڕاون، سنوورەکان لە کوێوە دەست پێ دەکات و تا کوێن. هەروەها بە چەند کڕاوە.
9- بە ماوەیەکی کەم لە دوای کڕینی زەوییەکان، کێشە و گیر و گرفتەکات دەستی پێ کردووە، ئەگەرچی پێشتریش کێشە لە سەر ئەو زەویانە هەبووە.
10- لە ماوەی یەک ساڵدا ئەو بەڵگەی موڵکە تەسدیق کراوەتە بە ئامادەبوونی هەموو ئەو کەسانەی پێشوو، مۆر و ناوی کەسانی پێشووی تێدا هێنراوە، سەنەدی پێشووش دووبارە ساڵی لە سەر نووسراوە و ئاماژەی پێ دراوە و کێشەکان حەل کراوە...
11- ئەم کێشە و گیر و گرفتە لە پێش خانا و لەکاتی خانا و لە دوای خانا هەتاکو ئێستاش بەردەوامی هەیە.
12- لەناو نەوەی قوبادییەکان دا کڕین و فرۆشتن بەو موڵکانەوە کراوە...
لە سەرەوەدا چەند خاڵێکمان خستە ڕوو لەوەی کە لە سەردەمی پێش خانا و کاتی خانا و دوای خاناشدا ناوی خانا و برا و برازا و مامە و باوک و... زانیارییەکان چۆن نووسراون و چۆن گواستراونەتەوە.
هەر یەکەیان لە جێگەی خۆیدا و لە بەشی خۆیاندا سوودیان لێ وەردەگرین. ئەوەی لەم بەشەدا سوودی لێ وەردەگرین. ئەوەیە، کە لە چەندین نوسخەدا ئەوەمان بۆ دووپات ئەکاتەوە کە خانا ناوی بە: (خانەی قوبادی، خانای قوبادی، موحەممەد خان، قازی خانا، خانە، موحەممەد خان جوانڕۆیی و خانای جوانڕۆیی) هاتووە. هەمان خانای قوبادییە و ناوی ڕاستی خاناشام بۆ ڕوون دەبێتەوە کە خانا ناوی (موحەممەد) بووە.
دیوانی خانای قوبادی
کۆکردنەوە و لێکۆڵینەوەی
کاروان عوسمان خەیات (ڕێبین)