پاریزەری ڕاوێژکار: بڕیار ئیبراهیم مەحمود
چاپی یەکەم 2016
ئەگەر پارێزەر نەتوانێت پارێزەری شکۆمەندی خۆی بێت، ئەوا ئەستەمە پارێزەری داد و دادپەروەریش بێت!
(شکۆی پارێزەر) بەڕێز پارێزەری ڕاوێژکار (بڕیار ئیبراهیم محمود) لەمانگی ئابی ساڵی 2015 نوسیویەتی، و کتێبەکەی هەدیە کردووە بە کتێبخانەی فەرهەنگی قانونیی و بەو کەسانەی بە شکۆمەندییەوە پەیڕەوی پیشەی پارێزەرایەتی دەکەن و پیرۆزی پیشەکەیان دەخەنە پێش بەرژەوەندییە شەخسیەکانیان!
هەیکەلیەتی توێژینەوەکە دابەشکراوەتەوە سەر سێ بەش و هەر بەشێکیشی دابەشکراوەتەوە سەر دوو باس و خۆی لە بابەتەکانی (چەمکی پارێزەر و مێژوی پارێزەرایەتی و تایبەتمەندیەکانی پارێزەری سەرکەوتوو و ئەرک و مافەکانی پارێزەر و بەر پرسیاریەتی پارێزەر و سزاکانی سەر پارێزەر و و) دەبینێتەوە، توێژەر بە زمانێکی کوردی سادە و سانا گەنگەشەی مەوزوعەکانی دەکات.
کتێبەکە قەبارەی بچوکە (103) لاپەڕەیە بەڵام جێیەکی زۆر گەورە دەگرێ بۆ ئەوانەی تازە دێنە ناو ئیشەکەوە(پارێزەرایەتی)، و جوابی زۆربەی ئەو پرسیارانەی داوەتەوە کە پارێزەری تازە لە مێشکیا هەڵیگرتووە، وە هەروەها بەرچاو ڕونییەکی زۆر باشیشە بۆ تازە بە ئەندامبووەکان لە سەندیکای پارێزەران و ئەوانەی ئەیانەوێ ئەدا و مومارەسەی پیشەی پارێزەرایەتی بکەن.
قوتابیانی کۆلێژی یاسا لە کۆی مەنهەجی چوار ساڵی خوێندن تاقە دەرسێکیش ناخوێنن کە بە عەمەلی ئاشنایان بکات بە کارەکە(پارێزەرایەتی) و دوای ئەوەش کە تەخەروج دەکەن لە کۆلێژ و بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە یاسا بە دەست دەهێنن شارەزاییەکی ئەوتۆیان نیە لە کاروبار و ئیشەکانی دادگا لە ڕووی کردارییەوە و شارەزای تەعامولکردن نین لەگەل هاوپیشە(پارێزەر) و دادوەران وکاردارەکان(موکل)ەکانیاندا، بۆیە گرنگی کتێبەکە لەو خاڵەوە دەست پێ دەکات.
ئەوەش بڵێین کە کتێبەکە کۆمەڵێک هەڵەی ڕێزمانی و چاپی تێدایە بەڵام هێشتاکە لە قیممەت و گرنگییەکەی کەم ناکاتەوە.
ئەوەی تایبەتە بە ڕوخسار و شکڵ و شکۆی پارێزەر لە کۆمەڵێک خاڵدا کۆکراوەتەوە، وەکو ئەمانەی خوارەوەدا :-
1- جوانی و قەشەنگی، پارێزەر پێویستە گرنگی بە ڕوکاری دەرەوەی خۆی بدات، شیک پۆش بێت و جلوبەرگی لەگەل ئاداب و نەریتی کۆمەڵگادا بگونجێت و جل وبەرگەکە بە شێوەیەک بێ پشو بە چاوەکان بدات، وە ڕەنگەکانی تەنسقی پێبکات.
2- بۆنی خۆش، پارێزەر پێویستە لەسەری بۆنی خۆش بەکار بێنێت، بەڵام بۆنەکەی توند و بێزارکەر نەبێت، وە خۆی بە دوور بگری لە خواردنی بۆن ناخۆشی وەکو سیر و پیاز و جگەرەکێشان...هتد
3- گەشاوەیی ڕوخسار، پارێزەر دەبێ هەمیشە دەموچاوی ڕوخۆشی و نەرم و نیانی پێوە دیار بێت و نابێ گرژ و مۆن بێت.
4- پابەندی پارێزەر بە نوسینەگەکەی خۆی و پێویستە پارێزەر وەرگرتنی داوای نوێ و ڕاوێژە یاساییەکان لە نوسینەگەکەیدا ئەنجام بدات و نابێ لە خارجی نوسینەگە بەو کارانە هەڵسێت چونکە لە هەیبەتی ئیشەکەی کەم دەکاتەوە.
5- گرنگی دان بە خودی ئیشی پارێزەرایەتی، ڕاستە پارێزەر تێدەکۆشێ بۆ بە دەستهێنانی دادوەری و بەرگری کردن دەستە بەر کردنی مافەکان، هەر بۆیە لەسەر پارێزەرە دەست بە قودسییەتی ئیشەکەیەوە بگرێت، گرنگی بە توانای زانیاری و مەعریفی خۆی بدات، وە کارێک ناکەن کاریگەری لە سومعەی ئیشە بکات.
با قسەیەکی خۆشی وەک خاڵێکی تر بۆ ئیزافەکەین، بە پێی ئەو کتێبە بێت نابێ لفەی فەلافل بخۆین هەتا جگەر(جەرگ) و مریشک و قیممە وەستابێت چونکە لەسەرمان دەکەوێت! هههههه
دواجار ئەوەی جێی ئاماژە و ئومێدە ئەوەیە دەبێت پارێزەر لە خەمی پاراستنی شکۆمەندی پیشەکەیدا بێت و کارێک نەکات ببێتە هۆکاری لەکەدار بونی ئیشەکەی، وە قورساییەکیش بۆ ئەو قسەی گەورە بیرمەندی فەرەنسیڤۆڵتێر دابنێت کە دەڵێت (هیوام ئەخواست لە ژیانمدا پارێزەر بومایە، چونکە کاری پارێزەری جوانترین کارە لە جیهاندا..!!)
گۆران ✒[1]