ڕووداوەکانی کوشتن و خۆکوشتن لە هەرێمی کوردستان ڕووی لە زیادبوون کردوە و بە پێی ئامارێکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤیش، لە ماوەی شەش مانگدا 180 کەس خۆیان کوشتوە یان کوژراون.
لەم دۆسیەیەدا ڕۆژنیوز تیشکدەخاتە سەر ئامارەکانی کوشتن و خۆکوشتن و دەستنیشانکردنی هۆکارەکانی ئەو تاوانانە و چارەسەرییەکان.
ئاماری کوشتن و خۆکوشتنەکان لە شەش مانگی ئەمساڵدا
بەپێی ئامارێکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان، کە بە ڕۆژنیوز دراوە، لە ماوەی 6 مانگی ئەمساڵدا لە هەرێمی کوردستان 180 کەس کوژراون یاخود خۆیان کوشتووە یان بە هەڵە کوژراون لە هەردوو ڕەگەز، ئەمە جگە لەو کوشتن و خۆکوشتنانەی کە دەکەوێتە ناوچە دابڕێنراوەکانەوە.
لە یاساکاندا سزا بۆ تاوانباران دانراوە
بە پێی یاسای 111ی ساڵی 1969ی عێراقی بە پێی ماددەی 405 کە لەسەر تاوانی کوشتنە، سزاکەی زیندانی هەتاهەتاییە یاخود زیندانیە بۆ ماوەیەکی کاتی، کە 20 ساڵە، وە بە پێی ماددەی 406 کە بۆ کوشتنی بەمەبەست (ئەنقەستە) ئەوا سزاکەی لەسێدارەدانە.
هەروەها سەبارەت بە خۆکوشتنەکان لە یاسادا، سزا بۆ ئەو کەسانە دانراوە کە هانی کەسێک دەدەن کە خۆی بکوژێت، بە پێی مادەی 408ی یاسای سزادانی عێراقی هەموارکراو لە هەرێمی کوردستان، کاتێک کەسێک هانی کەسێکی سەروو تەمەنی 18 ساڵ بدات تاوەکو خۆی بکوژێت، ئەوا بە سزای کەمتر لە حەوت ساڵ زیندانی دەکرێت، ئەگەر کەسەکە لە خوار تەمەنی 18 ساڵیەوە بێت، ئەوا وەکو تاوانی کوشتنی بەمەبەست (بە ئەنقەست) هەژماردەکرێت و سزاکەی دەبێتە سێدارە یاخود زیندانی هەتاهەتایی.
ئاماری سزادراوان لە چاکسازی گەورانی سلێمانی
بە پێی ئەو ئامارانەی کە لە چاکسازی گەورانی سلێمانیەوە دەست ڕۆژنیوز کەوتووە، 243 سزادراو بە ماددەی 405 یاخود 406 تایبەت بە تاوانی کوشتن لەناو چاکسازی گەوراندا هەن و زیاتر لە 120 سزادراویان بەر لێبوردنی گشتی کەوتوون، ئەو کەسانەشی کە بە ماددەی 408 واتا هاندان بۆ خۆکوشتن سزادرابوون، بەڵام بەر لێبوردنی گشتی کەوتوون 7 کەس بوون و لە ئێستاشدا هیچ سزادراوێک بەو ماددەیە لە زیندان نیە.
هۆکارەکانی کوشتن و خۆکوشتن
سەرگوڵ قەرەداغی، پارێزەر، بە ڕۆژنیوزی وت: ڕێژەی کوشتن لەنێوان تاکەکاندا زۆر زیادی کردووە، ئەو ڕێژەیە زۆرە بۆ کۆمەڵگەیەکی بچوکی وەک هەرێمی کوردستان.
ئەو پارێزەرە وتیشی: زۆرترینی ئەو کەیسانەی کە لە دادگادا هەن بەهۆی هەبوونی قەیرانی ئابووری و نەبوونی هەلی کار بۆ گەنجان و ڕێژەیەکی زۆری دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان و قەیرانی سیاسی و ناجێگیری دۆخی سیاسی و هەبوونی چەکێکی زۆری بێ مۆڵەت، وە کاتێک کەسەکە دەمەقاڵێیەکی دەبێت لەگەڵ کەسێک یەکسەر چەکەکەی بەکاردەهێنێت کە دەبێت پێشی پێبگیرێت.
ڕاشیگەیاند: سزای کوشتنی بەمەبەست لە یاساکاندا لەسێدارەدانە، بەڵام لە هەرێمی کورستان ئەو سزایە ڕاگیراوە، ئەو کەسانە بەر لێبوردنە گشتیەکان یاخود تایبەتییەکانیش دەکەون و سزاکانیان لەسەر کەمدەکرێتەوە یاخود ئازاد دەکرێن.
ئەو پارێزەرە داوا دەکات کە بۆ کەمکردنەوەی ئەم حاڵەتانە یاسای لێبوردنی گشتی ئەو کەسانە نەگرێتەوە کە سزاکانیان لە سێدارەدان و زیندانی هەتاهەتاییە.
چارەسەرییەکان بۆ کەمکردنەوەی حاڵەتەکانی کوشتن و خۆکوشتن
هەروەها ڕۆژگار حسێن، توێژەری کۆمەڵایەتی سەبارەت بە چارەسەرییەکان بە ڕۆژنیوزی وت: پێویستە کە تاک هۆشیار بکرێتەوە تاوەکو ئەم جۆرە تاوانانە ئەنجام نەدات، پێویستیشە کەناڵەکانیش سانسۆر بکرێن لە ڕووی پەخشکردنی دراما لەبەرئەوەی لە دراماکاندا ئەو کەسەی کە خۆی دەکوژێت ڕۆڵی قارەمان دەبینێت.
ڕۆژگار بە گرنگیشی زانی کە خێزانەکان ئاگاداری منداڵەکانیان بن لە ڕووی بەکارهێنانی هێڵەکانی ئینتەرنێت و دەڵێت: ئینتەرنێت بە شێوازێکی ناڕاستەوخۆ کاریگەریی نەرێنی هەیە، چارەسەرێکی دیکەش ئەوەیە کە هەر هاوڵاتییەک دەروونی نائارام بوو دەتوانێت سەردانی پسپۆڕانی دەروونی بکات.
سەبارەت بە چەکی بێ مۆڵەتیش، ئەو توێژەرە وتی: پێویستە کە بەکارهێنانی چەکی بێ مۆڵەت سنوردار بکرێت.
بەڕێوبەرایەتی پۆلیس و هاتووچۆ چەند بڕیارێکی دەرکردوە
بەهۆی زۆربوونی حاڵەتەکانی کوشتن لە ڕێگەی تەقەکردنەوە و هەروەها ڕوودانی چەند حاڵەتی وەک تەقەکردن لە ئۆتۆمبێلەوە، وایکرد کە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس و بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بڕیاری قەدەغەکردنی چەند دیاردەیەکی ناشارستانیانی بدەن، وەک: قەدەغەکردنی دیاردەی چەکداریی و هەڵگرتنی چەک بەشێوەی هەڕەمەکی، قەدەغەکردنی دیاردەی (جام تاریک)ی ئۆتۆمبێل و قەدەغەکردن و دەستبەسەراگرتنی ئۆتۆمبێلە بێ ژمارە و بێسەرەتا و نایاساییەکان، هەروەها قەدەغەکردنی ماتۆڕسکێلی نایاسایی.[1]
#01-07-2018#