ئەمڕۆ، ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل-#هەپەگە#، لە ڕاگەیەندراوێکدا وەردەکاریی و ئەنجامی چالاکییەکانی گەریلاکانی لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا، هاتووە: لەچوارچێوەی هەنگاوی شۆڕشگێڕیی شەهید پیرۆز و شەهید ئاگرییدا، ڕۆژی 30ی حوزەیران کاتژمێر 03:00ی دوانیوەڕۆ، لەدژی سەربازانی تورک لە گردی لەیلەکی شەمزینانی جولەمێرگ، چالاکییەک ئەنجامدرا، گورزی تووند لە سەنگەرەکانی سوپای تورک درا و سەربازێک کوژرا.
ئەوەش ڕاگەیەندراوە: لەچوارچێوەی هەمان هەنگاوی شۆڕشگێڕیدا، هێزەکانی یەژاستار ئێوارەی هەمان ڕۆژ چالاکییەکیان لەدژی سەربازانی تورک لە گردی هارونای شەمزینان ئەنجامدا، لەو چالاکییەشدا سەربازێک کوژرا.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەی هەپەگەدا، هاتووە: لەچوارچێوەی هەنگاوی شۆڕشگێڕی شەهید دەلال ئامەد و شەهیدانی بەستا-دا، ڕۆژی 29ی حوزەیران کاتژمێر 09:30 خولەکی شەو، لە نزیک گوندی دەیوان-ی شارۆچکەی کەربۆران-ی مێردین، چالاکییەک لەدژی سوپای تورک ئەنجامدرا، گورزی توند لە سەنگەرەکانی سوپای تورک درا و 2 سەربازیش کوژران.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەی هەپەگەدا، هاتووە: هێزێکی کۆنتراگەریلای تورک لەنزیک گوندی کۆلە لە ناوچەی خاچاڕەشی سەر بە شارۆچکەی مۆتکێ-ی بەدلیس لەکاتێکدایە سەرقاڵی داربڕین بوون، ڕۆژی 1ی تەمووز بوونە ئامانجی چالاکی گەریلاکانمان، لەو چالاکییەدا گورزی توند لە کۆنتراگەریلاکان درا، بەڵام ژمارەی کوژراو و بریندارەکان نەزانرا.[1]
#02-07-2018#