دواڕۆژ، سیروان حەسەن
پۆلیسی هاتوچۆی #گەرمیان# ئاشکرای دەکات، لەمساڵدا بەهۆی 114 ڕووداوی هاتوچۆوە 12 کەس گیانیان لەدەستداوە کە زۆربەیان مێردمنداڵن و هەروەها 160 هاووڵاتی دیکەش برینداربوون، بەپێی ئامارەکانیش ڕووداوەکان زیادیان کردووە، بەڵام ڕێژەی گیان لەدەستدان و سەرپێچی کەمبوونەتەوە.
کارزان مەجید، بەرێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلییسی هاتوچۆی گەرمیان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا لە سنوری گەرمیان 114 ڕووداوی هاتوچۆ ڕوویانداوە کە زۆربەیان پێکدادان و شێلان بوون و له و ڕێژەیەش 78 ڕووداویان لەشەودا بووە، ئه و شۆفێرانەش کە ڕووداوەکانیان ئەنجامداوە زۆربەیان خاوەنی مۆڵەتی شۆفێری گشتین.
وتیشی بەهۆی ڕووداوەکانەوە 12 هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە و 160 کەسی دیکەش برینداربوون، ئەوانەی مردون 10 کەسیان منداڵ و مێردمنداڵ بوون دوانیشیان گەنج بوون، لە نێویشیاندا تەنها دوانیان لەڕەگەزی مێ بوون و ئەوانی دیکە لە ڕەگەزی نێرن.
ئەوەشی خستەڕوو، هۆکاری ڕووداوەکان نیوەی بەهۆی خێرایی زیادەوە بووە و هەروەها 43 لە سەدیش بەهۆی پابەندنەبوون بە ڕێنماییەکان و بەشێکی دیکەش بەهۆی خواردنەوەی مەی و هۆکارەکانی ترەوە بووە.
باسیشی لەوە کرد، لە شەش مانگی ئەمساڵدا چوار هەزار و 556 ئۆتۆمبیل بەر کامێرای چاودێری کەوتوون و بە شێوەیەکی گشتی 45 لە سەد ڕێژەی سەرپێچییە جۆراوجۆرەکان کەمیان کردوە.
هەر لە شەش مانگی ڕابردوودا، لە لایەن بەشی مۆڵەتەوە هەزار و 769 مۆڵەت دراوەتە شۆفێران و بەشی ئەندازەش 900 هێمای هاتوچۆ و تاسە و نۆژەنکردنەوەی ئەنجامداوە.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلسی هاتوچۆی گەرمیان ئاماژەی بەوەشدا، هەرچەندە ڕووداوەکان زیادیان کردووە، بەڵام بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، ڕێژەی گیان لەدەستدان و سەرپێچی هاتوچۆ بە شێوەیەکی بەرچاو ڕوویان لە کەمبوونەوە کردوە.[1]
#03-07-2018#