کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی کوردستان ناوی ئەو مردووانە بلۆک دەکات کە هێشتا لە تۆماری دەنگدەراندا نەسڕاونەتەوە و تاوەکو ئێستاش ناوی نزیکەی 300 هەزار کەس لە تۆمارەکەدا دەرهێندراوە.
لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی کودستان دەستدەکات بە نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران و پرۆسەکە بۆ ماوەی مانگێک بەردەوام دەبێت. بۆ ئەو مەبەستەش کۆمیسیۆن، داوای لە لایەنە سیاسییەکان کردووە خۆیان کارمەند بۆ نوێکردنەوەی تۆمارەکە دیاری بکەن بۆ ئەوەی کۆمیسیۆن دایانبمەزرێنێت. تاوەکو ئێستاش نزیکەی هەزار و 500 کەس بە گرێبەست دامەزرێندراون.
جووتیار عادل، ئەندامی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند: هەنگاوی باش نراوە و پرۆسەکە زۆربەباشی بەڕێوەدەچێت، دڵنیایی بە لایەنەسیاسییەکان دەدەین کە پرۆسەکە بەشێوەیەکی باش دەڕوات و بۆ ئێمە گرنگە بەشداربن لەگەڵمان و تێبینی خۆیان بە ئێمە بدەن.
پێشتر بڕیاربوو نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە 1 ی تەمموزەوە دەستپێبکات، بەڵام ئەو پرۆسەیە دواخرا. بەپێی داتاکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی کوردستان، زیاتر لە 90% ی تۆماری دەنگدەران پاککراوەتەوەو نزیکەی 300 هەزار ناو لە تۆمارەکەدا دەرهێندراون، کە ئەم ناوانەن:
-ناوی ئەو کەسانەی فۆرمی خۆراکیان هەیە
-ناوی ئەو کەسانەی کە فۆرمی خۆراکیان دەکەوێتە سنووری ماددەی 140
-ناوی مردووان
-ناوە دووبارەکان
-ناوە وەهمییەکان
کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی لەهەرێمی کوردستان لەیەککاتدا تۆمارێکی نوێ بۆ دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان ئامادە دەکات و بەجیاش تۆمارەکە نوێ دەکاتەوە کە پێش هەموو هەڵبژاردنێک نوێکردنەوەکە ئەنجامدەدرێت. بۆ ئەو مەبەستەش هەموو ناوەکانی لە کۆمپانیای خۆراک وەرگرتووە.[1]
#03-07-2018#