نەبوونی کارمەندی پێویست و قەیرانی دارایی، بەرهەمهێنانی نەمام و داهاتی نەمامگەی سیروانی بە ڕێژی لە %50 دابەزاندووە، بەشێوەیەک کە لە ئەگەری چارەسەرنەکردنی گرفتەکانیان، ئەوا مەترسی بۆ دابەزینی یەکجاریی ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەماگەکە هەیە.
نەمامگەی سیروان لە پارێزگای #هەڵەبجە# بۆ بەرهەمهێنانی نەمام بۆ پڕۆژە کشتوکاڵییەکانی کەرتی حکومی و تایبەت، ماوەی چەند ساڵێکە بەهۆی گرفتی کەمیی کارمەندی پێویست و تەرخاننەکردنی بودجە بۆی، ڕێژەی بەرهەمهێنانی ڕووی لە کەمی کردووە.
نەمامگەی سیروان لەسەرەتای ساڵی 2000 لەلایەن ڕێکخراوی فاو-ی نێودەوڵەتییەوە بنیاتنراوە، ڕووبەری نەمامگەکە 122 دۆنم زەویی کشتوکاڵیی حکومییە، نەمامگەکە لە دوو بەشی دارستان و باخداریی پێکدێت و تیایدا چەندین جۆر نەمامی جۆراوجۆری بەرهەمدار و بێ بەرهەمی باوەڕپێکراو بەرهەم دەهێنرێت.
ساڵانی پێش دەسپێکردنی قەیرانی دارایی، ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەمام نزیکەی 800 هەزار نەمام بووە و داهاتی فرۆشتنی نەمامەکانیشی 90 ملیۆن دینار بووە، داهات لە فرۆشتنی نەمامەکان بە ڕێکخراو و پڕۆژە کشتوکاڵیەکانی کەرتی تایبەت، بەوتەی بەرپرسانی نەمامگەکەش، لە ئەگەری چارەسەرنەکردنی گرفتەکانیان، ئەوا مەترسی بۆ دابەزینی یەکجاریی ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەماگەکە هەیە.
ئەو داهاتەی کە ساڵانە لە نەمامگەکە دەستدەکەوێت، ڕاستەخۆ دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنە حکومەت و حکومەت لەو پارەیە بۆ پێداویستییەکانی نەمامگەکە تەرخاندەکاتەوە، ئێستاش بۆ زیاتر پەرەدان بە بەرهەمهێنان، نەمامگەکە پێویستی بە کارمەندە، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە حکومەت بودجەیان بۆ دابینناکەن، ناتوانرێت کارمەند بۆ نەمامگەکە دابینبکرێت.
لەگەڵ دەستپێکی قەیرانی دارایی و کەمبوونەوەی دەستی کار بەهۆی خانەنشینکردنی کارمەندان و خەرجنەکردنەوەی ئەو داهاتەکە بۆ خودی نەمامگەکە، ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەمامی بۆ زیاتر لە 50% و نزیکەی 250 هەزار نەمام کەمکردووەتەوە، داهاتەکەش بەهەمان شێوە بۆ نزیکەی 35 ملیۆن دینار کەمیکردووە.
جەلال جەمیل، سەرۆکی بەشی تێبینی و هونەریی نەمامگەی سیروان، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: پێویستە وەک ساڵانی پێشوو لەکاتی چاندن و بەرهەمهێنانی نەمام واتە مانگی 12 تاوەکو 4، ڕێژەی کارمەند و کرێکاری دەستی کارمان بۆ زیادبکات.
جەلال هۆشدارییش دەدات و دەڵێت: ئەگەر حکومەت و وەزارەتی کشتوکاڵ بەدەم نەمامگەکەوە نەیەن، ئەوا بەرەو لەناوچوون دەچێت.
جیا لەوەی دەستی کار بەتەواوی لە نەمامگەکە نەماوە و بەرهەمهێنانیش لە نەمامگەکە کەمیکردووە، بەناچاریی ئەو ڕێژە کەمە کارمەندە سەرقاڵی ئاودێرانی نەمامەکان دەبن بۆ پاراستنیان لە نەفەوتان و ساڵ دوای ساڵیش ڕێژەی بەرهەمهێنانەکە ڕوو لەکەمیی دەکات.[1]
#04-07-2018#