دواڕۆژ، ڕەڤەند گوهەرزی
باڵی سەربازی پەکەکە ئاماری شەش مانگی ڕابردووی چالاکییەکانیانی لە دژی سوپای تورکیا ئاشکراکرد و ڕایگەیاند، لە کۆی چالاکییەکاندا گەریلا توانیویانە هەزار و 153 سەربازی تورک بکوژن.
ریڤان وەڵات، بەرپرسی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل #هەپەگە# باڵی سەربازی پارتی کرێکارانی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە 4ی تەمموز بە دواڕۆژی ڕاگەیاند سوپای تورکیا لە پڕوپاگەندەکانی بۆ لەشکرکێشی لەناو خاکی باشووری کوردستان و هێرشکردن بۆ سەر قەندیل بەردەوامە، بەڵام ئەوەیان پێناکرێت، هەرچەندە ڕۆژانە لە شوێنە جیاجیاکانی باکوری کوردستان ئۆپراسیۆن ئەنجامدەدەن.
وتیشی لە ماوەی شەش مانگی ڕابردودا لەکۆی ئه و چالاکییانەی کە گەریلاکانمان ئەنجامیانداوە توانیویانە هەزار و 153 سەربازی تورک لە ناوچە جیاجیاکان بکوژن، ئەمە سەرەڕای تێکشکاندنی چەندین ئۆتۆمبێلی سەربازی.
رونیشیکردەوە، سوپای تورکیا ناتوانێت بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ و لەڕێگەی سەربازەکانییەوە ڕووبەڕووی گەریلا ببێتەوە، بەڵکو لەڕێگەی فڕۆکەی سەربازییەوە ئه و کارە دەکات. ئه و سەربازانەشی کە لەئامارەکەدا هاتوون و کوژراون زۆرینەیان لەناو ئۆتۆمبێلە سەربازییەکاندان کە گەریلاکانمان هێرشیان دەکەنەسەر، یانیش لە چالاکییەکاندا دەکوژرێن کە گەریلا بە هێرشکردن دەیانکات بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی سوپای تورکیا.
بەرپرسی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل هەپەگە ئەوەشی خستەڕوو، لەوکاتەوەی سوپای تورکیا گردی لەلیکان لە دەڤەری برادۆست وەک بنکەی سەربازی بەکاردەهێنێت، گەریلا 94 هێرشیانکردوەتەسەری لە ئەنجامیشدا 250 سەربازی تورک کوژراون.
لەبارەی پێشڕەوییەکانی سوپای تورکیا بۆ ناو خاکی عێراق ڕیڤان وەڵات ئاشکراشیکرد، سوپای تورکیا لە هیچ شوێنێک بەتایبەتی لەسەر سنوری باشوری کوردستان نەیتوانیوە پێشڕەوی بکات.[1]
#04-07-2018#