دواڕۆژ، #کۆچەر عەلی#
بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی #هەولێر# ڕایدەگەیەنێت، بەراورد بە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ڕابردوو ڕووداوەکانی هاتووچۆ زیادیانکردووە و ئەمساڵ لە شەش مانگی یەکەمدا 92 کەس گیانیان لەدەستداوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 5ی تەمووزی2018، فازڵ حاجی، وتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ئاماری شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵی خستەڕوو و ڕایگەیاند، لە 1ی کانوونی دووەم تا 30ی حوزەیرانی 2018، 21 هەزار و 500 ئۆتۆمبیل هاوردەی هەولێر کراوە، بەلام لە شەش مانگی ساڵی ڕابردوو نزیکەی 40 هەزار ئۆتۆمبێل هاوردەکراوە.
وتیشی کۆی گشتی ئه و ئۆتۆمبێلانەی لە هەولێر تۆمارکراون کە هەڵگری تابلۆی هەولێرە بریتییە لە 732 هەزار و 660 بووە بە هەموو جۆرەکانییەوە، تەنها لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 27 هەزار 264 ئۆتۆمبێل تۆمارکراون.
لەبارەی ڕاییکردنی مامەڵەکانی بەناوکردن و تازەکردنەوە و تابلۆ و گواستنەوە ئاماژەی بەوەکرد، شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ 54 هەزارو 46 مامەڵە ڕاییکراوە و لە بەشی مۆڵەتیش 17 هەزار و 389 مامەڵە ڕاییکراوە لە جۆرەکانی تازەکردنەوە و ونبوون و جۆرەکانی تر، کۆی گشتی پێدانی مۆڵەتی شوفێریش لە هەولێر بریتیە لە 514 هەزار مۆڵەت کە 56 هەزار و 628 مۆڵەت دراوە بە ئافرەتان.
فازڵ حاجی ئەوەشی وت لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا هەزار و 816 ئۆتۆمبێل هەڵوەشاوەتەوە، بەراورد بە شەش مانگی یەکەمی ساڵی پار ژمارەکە بریتی بووە لە هەزار و 776 ئۆتۆمبێل.
باسی لەوەشکرد، تائێستا 93 هەزار و 689 ئۆتۆمبێل پشکنینی ساڵانەیان بۆ ئەنجامدراوە لە کاتێکدا لە شەش مانگی یەکەمی 2017دا 112 هەزار و 640 ئۆتۆمبیل پشکنینیان بۆ کرابوو.
دەڵێت سەرپێچی تۆمارکراویش لە شەش مانگی ڕابردوودا جگە لە کامێرا 108 هەزارو 687 سەرپێچی تۆمارکراون، بەراورد بە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ڕابردوو ژمارەی سەرپێچییەکان بریتی بووە لە 188 هەزار و 284 سەرپێچی، هەرچی سەرپێچی کامێراکانیشە 75 هەزار سەرپێچی تۆمارکراون، لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ڕابردووش 76 هەزارو 750 سەرپێچی کامێرا تۆمارکرابوو.
سەبارەت بە ڕووداوەکانی هاتووچۆش وتی لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ 602 ڕووداو تۆمارکراون کە بەهۆیانەوە 92 کەس گیانیان لەدەستداوه و 541 کەس برینداربوون و 104 ڕووداویش بەهۆی ماتۆڕسکیلەکان بووە، جۆری ڕووداوەکانیش 377 یان پێکدادان و 101 ڕووداویش وەرگەڕان بووە.
بەراورد بە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ڕابردوو کە 630 ڕووادی هاتووچۆ تۆمارکرابوون و 102 کەسیش گیانیان لەدەستدابوو.
تایبەت بە سزا یاساییەکانی هاتووچۆش ناوبراو ئەوەی ئاشکراکرد، دوو هەزار شۆفێر دۆسیەکانیان یەکلایی کراوەتەوە کە بەشێکیان لە ڕێگەی دادگا و بەشێکی دیکەیان بەسەرپێچی دۆسیەکانیان داخراوە و 853 ئۆتۆمبیل و 937 ماتۆڕسکیل دەستیان بەسەرداگیراوه و هەزارو 451 بارهەڵگریش ڕێکاری یاساییان بەرامبەر گیراوەتەبەر بەهۆی ئەوەی کە باری زیاتریان بارکردووە.[1]
#05-07-2018#