کارمەندانی چاکسازی فریانەکەوتن دوو قسە لەگەڵ ئاڵا بکەن، بۆ ئەوەی لێی تێبگەن کێشەکەی چییە، هێشتا 48 کاژێری لە چاکسازییەکە بەسەر نەبردوو کاتێک لەنێو گەرماوی چاکسازییەکەدا بە لەچکەکەی، خۆی خنکاند.
تەنیا دوو ڕۆژ دوای خۆخنکاندنی ئافرەتێک لە گەرماوی خانەی داڵدەدانی ئافرەتانی هەڕەشەلێکراو لە سلێمانی، ئێوارەی ڕۆژی 26/6/2018 ئافرەتێک لەناو چاکسازیی ئافرەتان و نەوجەوانانی هەولێر بەهەمانشێوە بە لەچک لەناو گەرماودا خۆی خنکاند.
ئەو ئافرەتە کە ناوی ئاڵا بوو، تەمەنی 27 ساڵ بووە و دایکی دوو منداڵە. بە گوتەی سەرچاوەیەک کە ئاگاداری ڕووداوەکەیە و نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە، ئەو ئافرەتە لە ڕێگەی فەیسبووکەوە کوڕێکی خەڵکی کەرکووکی ناسیوە بەناوی (س.ع.ئا) کە تەمەنی 25 ساڵە و سەڵتە و پێشمەرگەیە.
ئەو سەرچاوەیە بە (رووداو)ی گوت: ئاڵا باسی پەیوەندیی نێوان خۆی و (س)ی لەلای من نەکردبوو، بەڵام هەستم دەکرد کە هەڵسوکەوتی زۆر گۆڕابوو. ماوەی ساڵێک بوو هەمیشە خەمبار و بێتاقەت بوو، بەشێوەیەک کە هەستت پێدەکرد کێشەیەکی هەیە.
سەرچاوەکە پێیوایە هاوژینەکەی هۆکار بووە بۆ ئەوەی ئەو ژنە بیر لە دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئەو کوڕە بکاتەوە. سەرچاوەکە گوتی: ئاڵا، تەنیا گلەیی لە هاوژینەکەی دەکرد کە لەگەڵیدا بە هەست نییە و کەمتەرخەمە، بەڵام کە بیستم ناپاکی لە هاوژینەکەی کردووە تووشی شۆک بووم، چونکە ئاڵا کەسێکی زۆر پاک بوو، هەمیشە دژی خیانەتکردن بوو، ئەوەی بەسەری هات دەبێت بێ هۆکار نەبووبێ.
سەبارەت بە هۆکاری خۆکوشتنەکەشی، ئەو سەرچاوەیە گوتی: بەدڵنیاییەوە ئاڵا لە ترسی کوشتنی لەلایەن کەسوکاری، پەنای بۆ خۆخنکاندن بردووە. ئەو سەرچاوەیە گوتیشی بەگوتەی (س.ح)ی هاوژینی ئاڵا، کاتێک لەخەو بە ئاگا دێت، دەبینێ ئاڵا لەناو جێگاکەیدا نییە، کاتێکیش بۆی دەگەڕێ، دەبینێت لە سەربانی ماڵی خۆیان لەگەڵ (س.ع) پێکەوەن. گەنجەکە هەڵدێت و ئاڵاش لەلایەن هاوژینەکەیەوە ڕادەستی پۆلیس دەکرێ.
بەپێی زانیارییەکانی (رووداو)، دوای ئەوەی ئاڵا ڕادەستی پۆلیس دەکرێت، دادگا بەپێی ماددەی 377 کە تایبەتە بە خیانەتی هاوسەرگیری، فەرمانی بەندکردنی بۆ دەردەکات و دەبرێت بۆ چاکسازیی ژنان و نەوجەوانان لە هەولێر، دواتر (س.ع)ی هەڵاتووش دەستگیر دەکرێت و ئێستا لە زیندانی گرتن و گواستنەوەی هەولێرە.
دیمەن محەممەد، بەڕێوەبەری چاکسازیی ژنان و نەوجەوانان لە هەولێر وردەکاریی هێنان و دواتر خۆخنکاندنی ئاڵا بۆ (رووداو) دەگێڕێتەوە و دەڵێت: شەوی 24/6/2018 ژنێک بە فەرمانی دادوەر ڕەوانەی لای ئێمە کرا، تەنیا ماوەی دوو ڕۆژ بوو لەناو چاکسازی بوو خۆی خنکاند. ئێمە هەموومان بەداخین بۆ ئەو ڕووداوە و تووشی شۆک بووین، چونکە فریانەکەوتین وردەکاری کێشەکەی بزانین، تاوەکو توێژەرە کۆمەڵایەتییەکانمان هاوکاری بکەن.
دیمەن محەممەد گوتیشی: ئەو شەوەی کە هێنرایە لامان، بۆ بەیانییەکەی بردرا بۆ دادگا. دواتر کە هێنرایەوە بۆ چاکسازی، ئەو ڕۆژە فۆرممان بۆ پڕکردەوە، فریای هیچی دیکە نەکەوتین، چونکە تەنیا ڕۆژ و نیوێک بوو لەلای ئێمە بوو، بەو کاتە کەمە هیچمان دەربارەی نەزانی و تێکەڵی بەندییەکان نەببوو، تەنیا بەندییەکان گوتیان ڕۆژی دووەم زۆر گریاوە و هیچ قسەی نەکردووە، ئێوارە لەکاتی دابەشکردنی خواردن و سەرقاڵیی هەمووان بە خواردن وەرگرتن، ئەو چووەتە ناو گەرماوی ژوورەکەی و لەوێ لەچکەکەی سەری کردووە بە کەتیبەی پەنجەرەکەوە و خۆی خنکاندووە.
بە گوتەی بەڕێوەبەری چاکسازیی ژنان و نەوجەوانان لە هەولێر، ئەمە یەکەمین حاڵەتی خۆکوشتنە لەناو چاکسازییەکەیان ڕوودەدات. سەبارەت بە هەڕەشە لەسەر ژیانی ئاڵاش، دیمەن محەممەد گوتی ئەو ئافرەتە ماوەیەکی زۆر کورت بوو هاتبووە لامان، هیچ کەسێک پەیوەندی پێوە نەکردووە و کەسیش سەردانی نەکردبوو، بۆیە نازانین ئەگەر لە دەرەوە هەڕەشە و مەترسی لەسەر بووبێت.[1]
#05-07-2018#