دابەزینی نرخی تمەن ڕەوتی گەشتیاری نێوان کوردستان و ئێران پێچەوانە دەکاتەوە چوونی گەشتیاران بۆ ئێران لە دەروازەی #باشماخ#ەوە %26 زیادیکردووە و هاتنی گەشتیاران %15 کەمیکردووە.
دابەزینی بەهای تمەنی ئێرانی، ئاڕاستەی گەشتیاریی لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران تەواو پێچەوانە کردوووەتەوە. ژمارەی ئەوانەی لێرەوە دەڕۆن چەند هێندەی ئەوانەیە کە دێن.
جێگر عەبدوڵڵا، گەشتیارێکی هەرێمی کوردستان کە سەردانی ئێرانی کردووە دەڵێت: گەشتەکەمان زۆر خۆشبوو، لەبەرئەوەی تمەنی ئێرانی دابەزیبوو، پارەیەکی زۆرکەمی تێچوو، ئاشنابووین به و وڵاته و کۆمەڵێ دیاریمان هێناوه، ئەوەی جێگەی سەرنج بوو بۆ ئێمە گەشتیارێکی زۆری کوردستانمان بینی له و وڵاتە.
سەیفەدین عەبدولڕەحمان، گەشتیارێکی دیکە دەڵێت: سەفەرکرنم بۆ ئێران سەفەرێکی خۆشبوو، لەگەڵ جاران گەشتکردن جیاوازی هەیە، جاری پێشوو گەر بچوویتایە مەسرەفێکی زۆرت دەکرد و قورس بوو لەسەرت، بۆ سەردانی پزیشک بچوویتایە یان بۆ گەشتکردن، بەڵام ئەمجارە لەبەر ئەوەی تمەن بەرامبەر دینار و دۆلار دابەزینی بەخۆیەوە بینیووە سەفەرێکی ئاسانتر و کەم مەسرەف بوو.
بەڕێوەبەری دەروازەی سنووریی نێودەوڵەتیی باشماخ دەڵێ، دابەزینی بەهای تمەن هێشتا کاریگەریی زۆری لەسەر هاوردەکردنی کاڵا و شمەکی ئێرانی دروستنەکردووە بەڵام خەڵکی وەک دەرفەتی زێڕین سەیری دابەزینی بەهای ئه و دراوە دەکەن، تاوەکو گەشتی ئێران بکەن.
ئەزوەر مەحموود، بەڕێوەبەری دەروازەی سنووریی نێودەوڵەتی باشماخ دەڵێت: بەهۆی دابەزینی بەهای تمەنی ئێرانی ئێستا گەشتکردنی هاتن و ڕۆشتن گۆڕانی بەسەردا هاتووه و گەشتیارێکی زیاتر لەهەرێمی کوردستانەوە ڕوو لەئێران دەکەن، ڕۆشتن بۆ وڵاتی ئێران زیادی کردووە بەڕێژەی لە %26، هاتنی گەشتیاریش لەئێرانەوە بەرێژەی لە %15 کەمیکردووە، جیاواز لەوەش خەڵێکی زۆر بۆ چارەسەری پزیشکی سەردانی ئێران دەکەن، ئەوەش بەدەرفەتێکی باش دەزانن بەهۆی کەمی تیچوونەکەیەوە.
ئاماری گەشتیاران لە 5 مانگی سەرەتای دوو ساڵی ڕابردوو لە سنوری نێودەوڵەتی باشماخ
ساڵی 2017، 130 هەزار و 58 گەشتیار هاتوون بۆ هەرێمی کوردستان
ساڵی 2018، 127 هەزار و 517 گەشتیار هاتوون بۆ هەرێمی کوردستان
ساڵی 2018، 95 هەزار و 389 گەشتیار ڕۆشتوون بۆ ئێران
ساڵی 2018، 154 هەزار و 38 گەشتیار ڕۆشتوون بۆ ئێران[1]
#05-07-2018#