دواڕۆژ، عەلی حەمە سەعید
بە گوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی پارێزگای #هەڵەبجە# لە سەرەتای شەش مانگی ئەمساڵەوە 46 ڕووداوی هاتوچۆ لە سنورەکەدا تۆمارکراون کە بەهۆیانەوە چوار کەس گیانیان لەدەستداوە و 47 کەسیش بریندار بوون، هاوکات بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە سنورەکەدا زیادیان کردووە.
عەقید فازیل حەمە ئەمین، بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتوچۆی پارێزگای هەڵەبجە بەدواڕۆژی ڕاگەیاند، لەسەرەتای شەش مانگی ئەمساڵدا لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە 46 ڕووداوی هاتوچۆ تۆمارکراون کە بەهۆیانەوە چوارکەس گیانیان لە دەستداوە و 47 کەسی دیکەش برینداربوون و بەشێوەیەکی گشتی 51 کەس بونەتە قوربانی کە 18 ڕووداویان بەهۆی ماتۆڕسکیلەوە بووە.
ئەوەشی خستەڕوو، هەر بەپێی ئامارەکە، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 384 مۆڵەتی شۆفێری بۆ هاووڵاتیان دەرهێنراوە کە 124 مۆڵەتیان لە گشتی و 260 مۆڵەتی دیکەشیان لە جۆری تایبەت بووە، هەروەها بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی دیکە دەستکراوە بە هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی ماتۆڕسکیلی بێ سەرەتا و بێ ژمارە.
بەڕێوەبەری هاتوچۆی پارێزگای هەڵەبجە ئەوەشی ڕونکردەوە، بەراورد بە شەش مانگی سەرەتای ساڵی ڕابردوو، ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە زیادیانکردوە، چونکە لە ساڵی ڕابردوودا 31 ڕوودای هاتوچۆ تۆمارکراون کە بەهۆیانەوە 36 کەس بونەتە قوربانی، له و ژمارەیە 32 بریندار و چوار کەسیش گیانیان لەدەستداوە.[1]
#07-07-2018#