سابیر ڕەشید
چاپی یەکەم 2017 هەولێر
باس لە ژیانی جولەکەکانی عێراق و کوردستان دەکات
لێکۆڵەرو ڕۆماننوسی کورد سابیر ڕەشید تازەترین ڕۆمانی خۆی(2017) لە ژێر ناوی شیری موسا بڵاوکردەوە کە لە لایەن بەرێوبەرایەتی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوەی هەولێر لە قەبارەی مامناوەندی بە 192 لاپەڕە چاپکراوە.
ڕۆمانی شیری موسا باس لە ژیانی جولەکەکانی عێراق و کوردستان دەکات لە ساڵانی نێوان (1947 تا 1951) بەڵام کاتەکان بە فلاشباک و گێڕانەوە درێژ دەبنەوە لە ساڵی 1947 تاکو ئێستا.
دەربارەی ئەوەی ناونیشانی شیری موسا لە چیەوە سەرچاوەی گرتووە، نووسەر دەڵێت: ناوەرۆکی ڕۆمانەکە لەگەڵ ناونیشانەکەی پەیوەندییەکی پتەویان لەگەڵ یەکدا هەیە، لەبەر ئەوەی کاتی خۆی ئه و جووانەی لە شاری هەولێر دەژیان هەموو ڕۆژانی شەممە دەچوونە دەرەوە و کۆبونەوەیان دەکرد، لە بەرامبەر ئەوەدا خەڵکەکەش دەیانگۆت ئەوە بە دوای شیری موسا دا دەگەڕێن.
جێی باسە سابیر ڕەشید ی ڕۆنانووس خاوەنی چەندین بەرهەمی چاپکراوە، لە ئێستادا ڕۆمانێکی دیکەی دەسنووسی هەیە بە ناوی (کوێرەی چاوساغ) کە هەموو کارەکانی تەواو بووە تەنها ماوە چاپبکرێت.
شیری مووسا لەبڵاوکراوەکانی بەڕێوبەرێتی گشتی ڕاگەیاندن وچاپ و بڵاوکردنەوەیە 190 لاپەڕەیە. ئەم ڕۆمانە خەیاڵی خوێنەر دەباتەوە بۆ ڕابردووی ئەم نەتەوەیە و گێڕانەوەکان لەزاری نووسەر و هاوکات لە زاری ئیسحاقی کارەکتەری ڕۆمانەکەوە، نووسەر بەجۆرێک کاری تێدا کردووە کە خودی خۆشی بووە بە کارەکتەرێکی بەرهەمەکە و تەواوی ڕوداوەکان کە لە ئۆتێل ڕۆیاڵ لە عەممانەوە دەست پێدەکەن، لەعەممانەوە بۆ کوردستان، لە ئێستاوە بۆ ڕابردوویەکی تاڵ دەگەڕێتەوە و لەڕێگای گێڕانەوەی ئیسحاقەوە چیرۆکی تراژیدیای دەرکردن و ڕەوکردنی جوولەکەکانی کوردستان دەست پێدەکات، دەستپێکردنی ئەم ڕوداوانە لە گەڕانەوەی ئسحاقەوە بۆ هەولێر. ئیسحاق دوای گەڕانەوە بۆ ئیسرائیل جارێکی تر دەگەڕێتەوە بۆ نێو چیرۆکی ڕابردووی خۆی و ژیان لە هەرێمی کوردستان وەک جوولەکەیەکی کورد. لێرەوە باسی ڕۆمانەکە دەچێتە سەر بابەتی ژیان و بەسەرهاتی جوولەکەکانی کوردستان و هاوکات باسی ڕەوشی ئه و ڕۆژگارەش دەکات کە خەڵک چۆن ژیاوە و ئاغا چۆن خەڵکی چەوساندۆتەوە. ململانێی نێو ڕۆمانەکە لەنێوان ئاغا و جوولەکەکاندایە، هاوکات باسی شۆڕش و چالاکی سیاسی شیوعییەکانیش دەکات.
شوێن لە ڕۆمانەکەدا
شوێن لە ڕۆمانەکەدا هەولێر و شەقڵاوە و عەمان و کەرکووک و تەلئەبیب و سلێمانی و بەغدا و.. تەواوی ئه و شوێنانەی کە جوولەکە تێیدا ژیاوە و چیرۆکی تراژیدی و بەژانیان هەبووە لەعیراقێکی فرە مەزهەب و فرە نەتەوەدا. نووسەر لەڕێگای چیرۆکی ڕۆستەم ئاغای موسڵمان و یونەی کوڕە جوولەکەوە لەسەر زوهرە کە کچە جوولەکەیەکە و عاشقی یونەیە لەم چیرۆکەدا نووسەر لەڕێی ستەمی ڕۆستەم ئاغاوە باس لە چەوسانەوەی جوولەکەکان دەکات لە کوردستان کە چۆن ئەوان وەکو کەمینەیەک چەوسێنراونەتەوە و هاوکات وێنەی ناهۆشیاری تاکی کورد نیشاندەدات لەبەرانبەر کەمینەیەکی وەکو جوولەکە کە چۆن بوونەتە قوربانی ئه و ناهۆشیارییەی کۆمەڵی کوردەواری. لەگەڵ ئەوەشدا نووسەر وێنە ناشیرینەکەی دەرەبەگ نیشاندەدات کە ڕوستەم ئاغا نموونەکەیەتی، کاتێ دەزانێ زوهرە عاشقی یونەیە و به و ڕازی نابێ ، دەیکوژێ و تاوانەکەشی دەخاتە ئەستۆی یونەی خۆشەویستی. هاوکات لەچیرۆکی جوەکانەوە دەچێتە نێو ململانێی سیاسی و باسی شۆڕش پەیدابوونی حزبی شیوعی و پارتییەکان. کۆیە شوێنێکی دیکەیە لەم ڕۆمانەدا وەکو سەرچاوەیەکی گرنگی هۆشیاری و سیاسی خۆی هەبووە و بەشێکی زۆر لەچالاکییە سیاسی و ڕۆشنبیرییەکان لەکۆیەوە سەریان هەڵداوە وەک مەڵبەندێکی سیاسی زیندوو له و ڕۆژگارەدا.
لەلاپەڕەی 41ی ڕۆمانەکەدا تەکنیکی گێڕانەوە دەگۆڕێ و گێڕانەوە لەدەستی ئیسحاقەوە دەچێتە دەستی نووسەر وەک گێڕەرەوەی هەموو شتزان. ئیسحاق کورتەی ژیانی گێڕایەوە و نووسەر دێت ململانێی نێوان جووەکان و ئاغای زۆردار دەگێڕێتەوە. مامی ئیسحاقیش وەک جوولەیەکی شیوعی کارەکتەرێک بووە ڕۆڵی هەبووە لەکایەی سیاسی و شۆڕشدا. گێڕانەوە لە ڕێگای چیرۆکی جوولەکانەوە دەگەڕێتەوە بۆ مێژووی سیاسی و شۆڕش و ڕۆشنبیری کومەڵی کوردەواری له و ڕۆژگارەدا. چیرۆکی هەڵهاتنی فەرحەی جوولەکە لەگەڵ سیامەندی موسڵمان شوێن لە ڕۆمانەکەدا دەباتەوە سلێمانی وپاشان بۆ بەغدا.. لەگەڕانی ئیسحاقیشدا بە شوێن خونچەدا گێڕانەوە دەچێتە نێو چیرۆکی بە ژانی ئەنفالەوە. چیرۆکی خونچە کە کچە موسڵمانێک بووە و مەعشوقی ئیسحاق بووە و ئاین ڕێگەی له و عەشقەی ئەوان گرتووە، ئیدی دوای ئەوەی لەئیسحاق دابڕاوە و دوای ساڵانێک ئیسحاق بەشوێن پێی خونچەدا دێت و عاقیبەتی خونچەش لەگەڵ مێرد و مناڵەکانی ئەنفال کردن بووە و پاشان ڕوداوەکان ئیسحاق بۆ هەولێر دەهێننەوە، ئیسحاق ئەمجارە وەکو بازرگانێک دێتەوە بۆ هەولێر و بیرۆکەی بازرگانی و پڕۆژەی ئابووری لە کوردستاندا دابمەزرێنێ لێ ئه و خەیاڵەشی دەبێ بەخۆڵەمێش و بەنائومێدییەوە جارێکی تر دەگەڕێتەوە. چیرۆکەکەیش سەردەکێشێ بۆ سەردەمی گەندەڵی وبێزاری ئیسحاق و بە جێهێشتنی هەولێر و گەڕانەوە بۆ ئیسرائیل.