بەڕێوەبەری نوسینگەی مافی مرۆڤ لە سلێمانی لەبارەی زیادبوونی پێشێلکارییەکان و ڕووداوەکانی کوشتن و خۆکوشتن دەڵێت، ڕێژەکە ڕوو لە زیادبوونە و پێویستە کۆمەڵگە هۆشیار بکریتەوە.
لەم ماوەیەدا توندوتیژی و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و کوشتن و خۆکوشتنەکان ڕووی لە زیادبوون کردووە لە هەرێمی کوردستان، نوسینگەی سلێمانی دەستەی سەربەخۆیی مافەکانی مرۆڤیش کاری بە کۆمەڵ بۆ هۆشیارکردنەوەی تاک بە گرنگ دەزانن بۆ کەمکردنەوەی ئەو ڕووداوانە.
سابیر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری نوسینگەی مافی مرۆڤ لە سلێمانی، بە ڕۆژنیوزی وت: ڕێژەی خۆکوژیی و کوشتن و پێشێلکاری بەرامبەی مافی مرۆڤ ڕووو لە زیادبوونە، ئەمەش کاردانەوەیەکی زۆر نەرێنی هەیە کۆمەڵگا بە گشتی.
سابیر، وتیشی: کۆمەڵێک هۆکاری زۆر سەرەکی هەیە وەکو هۆکاری کۆمەڵایەتی، سیاسی، بێکاری، دارایی، ئەمانەش وادەکات کۆمەڵگایەکی ناسەقامگیر و نائارام دروستبکات، ئەگەرچی تاڕادەیەکیش دەزگا ئەمنییەکان توانیویانە ئەو دیاردە دزێوانە سنوردار بکەن، بەڵام هەر بەردەوامیشە.
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: دانەمەزراندنی دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان و زۆربوونی ڕێژەی بێکاریی هۆکارێکیترە بۆ خۆکوشتن، لە پێش 2014 ڕێژەی بێکاری لە 6% بۆ 7% بووە، بەڵام ئێستا ڕێژەکە گەیشتووەتە 18% بۆ 21%، هەروەها ئەو دراما تورکیانەی کە ئێستا لە کەناڵە کوردییەکان پەخش دەکرێت کاریگەریەکی زۆری کردووەتە سەر دەروونی هاوڵاتیانی کورد.
ئەو بەڕێوەبەرەی نوسینگەی سلێمانی مافی مرۆڤ دەشڵێت: ئامارەکانی خۆکوژیی ئەوەمان پێ دەڵێت کە پێویستە ئێمە هەڵوێستە بکەین لە ئاست ئەم ڕێژە زۆرەی تاوان، پێویستە کارکردن بۆ ئەم مەبەستە بە سەرجەم لایەنەکان بکرێت پێش هەموویان حکومەتی هەرێمی کورستان کە هەلی کار و دامەزراندن بۆ گەنجان بڕەخسێنێت و دەزگا ئەمنییەکان زیاتر ئەمنیەتی شوێنەکان بپارێزن، هەروەها دەستەی مافی مرۆڤیش پێویستە کۆمەڵگا هۆشیاربکاتەوە لە ئاستی زۆربوونی ڕێژەی تاوان وە ڕێژەی پێشێلکاری بەرامبەر مافی مرۆڤ بەشێوەیەکی گشتی.
بە گرنگیشی دەزانێت، کە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی بەتایبەت ڕێکخراوەکانی پاراستنی مافی مرۆڤ کار بکەن بۆ بڵاوکردنەوەی کلتوری مافی مرۆڤ و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا و ئاشناکردنی کۆمەڵگا بە بنەماکانی ڕێزگرتن لە شکۆی مرۆڤ، هەروەها ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە کە هەوڵی سەروەرکردنی یاسا بدات و جیاوازی نەکرێت لەنێوان حکومدانی کەسانی بکوژ و تاوانباردا، زۆرجار دەبیستین کە چەندین کەس لە بازنەی یاسا دەرباز دەبن، ئەمەش پاڵنەرە بۆ خەڵکی دیکە تاوان ئەنجامبدەن.[1]
#08-07-2018#