بەپێی ئاماری پۆلیسی #گەرمیان#، لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، 722 حاڵەت و تاوانی جۆراوجۆر لە سنوورەکە تۆمارکراوە و هەزار و 44 کەسیش دەستگیرکراوە، بەراورد بە ساڵی ڕابردووش، 123ڕووداو و تاوانی جۆراوجۆر زیادیانکردووە.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە بینای بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان، لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، عەلی قدوری، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا، ئاماری شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵی بەڕێوبەرایەتییەکەیانی ڕاگەیاند.
بەگوێرەی ئامارەکە، لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، 7 حاڵەتی کوشتنی پیاو تۆمارکراوە، بەراورد بە ساڵی ڕابردوو چوار حاڵەت زیادیکردووە، حاڵەتی خۆکوشتنیش تەنها یەک حاڵەت هەبووە، کە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو حەوت حاڵەت کەمیکردووە، شەڕکردنی جۆراوجۆر 197حاڵەت هەبووە، کە بەراورد بە ساڵی پار 70 حاڵەت زیادیکردووە، 10 حاڵەتی دزینی ئۆتۆمبێل تۆمارکراوە، کە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، 9 حاڵەت زیادیکردووە، دزی جۆراوجۆریش 130 حاڵەت تۆمارکراوە و بەراورد بە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، 10 حاڵەت کەمیکردووە.
هەر بەپێی ئامارەکە، 31 حاڵەتی هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت تۆمارکراوە، کە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، 12 حاڵەت زیادیکردووە، هەروەها 6 حاڵەتی ڕفاندنیش تۆمارکراوە و یەک حاڵەت زیادیکردووە.
کۆی گشتی ڕووداو و حاڵەتە جۆراوجۆرەکانی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵی گەرمیان، 722 حاڵەتی جۆراوجۆر بووە، کە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، 123 ڕووداو و تاوانی جیاجیا زیادیانکردووە، بەهۆیانەوە هەزار و 44 کەس دەستگیرکراون.[1]
#08-07-2018#