ژنانی ستەمدیدەی کوردستان!
تێکۆشەرانی ڕێبازی عەداڵەت و یەکسانی!
15 ساڵ لەمەوبەر ڕێکخراوی ئازادیی ژنانی کوردستان پێی نایە مەیدانی خەباتەوە، بە دامەزرانی ڕێکخراوەکەمان جگە لەوەی پاڵپشت و پوتانسێلێکی نوێ بۆ بەرگری لە پرسی ژن و مافەکانی لە کوردستان هاتە مەیدان، هاوکات لە دایکبوونی وزە و گوتارێکی نوێی جیاواز و داهێنەر بوو لە بواری خەباتی ژنی کورد لە شکڵ و ناوەرۆکدا.
رێکخراوەکەمان لە کاتێکدا یادی 15 هەمین ساڵوەگەڕی لە دایکبوونی دەکاتەوە کە هێشتا بەشێکی بەرچاو لە ژنی کورد لە خراپترین دۆخی کۆمەڵایەتیدا ژیان تێپەر دەکا، هێشتا دیاردە سواو و سونەتییەکان، هەڵاواردنەکان و کەلتووری پیاوسالاری وەک مۆتەکەیەک باڵی بەسەر ژیان و چارەنووسی ژنی کورددا گرتووە، ئەمە لە هەلومەرجێکدایە کە ژنانی نەتەوەکەمان بە گشتی هێشتا لە ئاکامی داگیرکرانی ئه و بەشە لە وڵاتەکەمان و لە سێبەری دەسەڵاتی ڕەش و دواکەوتووی کۆماری ئیسلامی ئێراندا هیچ ڕادەیەک لە ماف و ئازادییەکانی نەک دابین نەکراوه، بەڵکوو ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ژیانی ژنانی نەتەوەکەمان بەره و هەڵدێر شۆڕ دەبێتەوە.
دەوڵەتی داگیرکەری کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەگەر لە لایەک هیچ هەنگاوێکی بۆ دابینکردنی مافە ئینسانییەکانی ژنان هەڵنەگرتووەتەوه، لە لایەکی دیکەوە بە پێی یاسا کوت و بەندیی دیلێتی لە دەست و ملی ژنان کردووە، جگە لەوەش ئەمڕۆ ژنانی وڵاتەکەمان بە دەس نەخۆشییەکانی وەک، مادە هۆشبەرەکان و نەخۆشییە وایرۆسییەکان و گەندەڵی و دەیان دیاردە و قەیرانی کۆمەڵایەتی جۆراوجۆرەوە دەناڵێنن.
مێژووی داگیرکرانی وڵاتەکەمان و خەباتی نەپساوەی ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد ئەوەی سەلماندووە کە نە ژنی کورد و نە هیچ تاکێکی ئه و کۆمەڵگایە هیچ ڕادەیەک لە مافە ئینسانی و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی نایەتە دی ئەگەر خاک و نیشتمانەکەی لە ژێردەستی و داگیرکراوی بێگانەکاندا بێ.
کاتیک باس لە مافی ژن لە کۆمەڵگای کوردستاندا دەکەین، لەبەر چاوکرتنی زەرفییەت و توانای سیاسی گشتی نەتەوەی کورد بۆ دابین کردن و پاراستنی ئه و مافە و ئازادیی هەموو چین و توێژ و کەرتە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە، یەکەمین دەروازەیە کە پێویستە پێیدا تێپەر ببین، بێگومان نە ژن و نە هیچ دەستە و گرووپێکی دیکەی دیاریکراوی کۆمەڵایەتی لە کوردستان بە بێ هاتنە گۆڕێی مەرجی ڕزگاریی نەتەوەیی لە ژێردەستی و داگیرکراوی ناتوانێ بە ماف و ئازادییە تایبەتییەکانی بگا، بۆیە بە لەبەر چاوگرتنی ئه و ڕاستییە و واقعی مافخوراوی ژن لە کۆمەڵگای کوردستان، بوونی چوارچێوەیەکی فیکری و ڕێکخرواەیی وەک ڕێکخراوی ئازادیی ژنانی کودستان-نینا پێویستییەکی مێژوویی بوو.
بە لە دایکبوونی ڕێکخراوی ئازادیی ژنانی کوردستان-نینا گوتارێکی نوێ لە خەباتی یەکسانیخوازی نێوان ژن و پیاو و خەباتی سیاسی و نەتەوایەتی ژنی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبوو، گوتارێک کە پەیامی ڕاستەقینەی ڕزگاری ژنی کوردی لە کوێلایەتی و ژێردەستی و مافخوراوی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەڵگرتووە. ڕێکخراوەکەمان جگە لەوەی لە ماوەی 15 ساڵ ڕابردوودا پێی لە سەر بەها و بایەخە مرۆڤایەتییەکان و چەمک و دەستەواژە باو و دێموکراتییەکان داگرتووەتەوە و پێوەی پابەند بووە، هاوکات خۆی له و ڕاستییەش نەبواردووە کە دۆخی ژیان و چارەنووسی سیاسی و پێگەی کۆمەڵایەتی ژنی کورد دابراو لە دۆخی گشتی کورد نییە و پێویستە ژنانی نەتەوەکەمان بە ڕوانگەیەوە درێژە بە خەبات لە پێناو ماف و ئازادییە تایبەتەکانی خۆیان بدەن.
رێکخراوی ئازادیی ژنانی کوردستان-نینا، جگە لەوەی ڕێکخراوێکی تایبەتە بە خەبات لە پێناو وەدیهێنانی ماف و ئازادییە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و کەلتورییەکانی ژنی کورد، هاوکات پێ لە سەر ئه و ڕاستییەش دادەگرێتەوە کە دۆخی سیاسی کورد، گوتار و شێواز و جۆری خەباتی ژنی کوردی بۆ ڕزگاری لە تەنگ و چەڵەمەکانی کەلتووری کۆمەڵگای پیاوسالاری، لە خەباتی ژنانی دیکەی جیهان جیا دەکاتەوه، لەم سۆنگەیەوە ڕێکخراوەکەمان بە پێویستی دەزانێ پێ لە سەر ئەم خاڵانە دابگرێتەوە:
– ڕێکخراوی ئازادیی ژنانی کوردستان- نینا لە 15 هەمین ساڵی لە دایکبوونی پێ لەسەر درێژەدان بە خەبات لە پێناو وەدیهێنانی مافە زەوتکراوکانی ژنانی کورد لە هەموو بوارەکانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی….هتد لە کوردستان دادەگریتەوە.
– لە قاودان و بەربەرەکانێ لەگەڵ دیاردەی زەبروزەنگ و توند و تیژی و تیرۆر و کوشتنی ژن بە هەر هۆ و بیانوویەک، لە ئەرکە هەمیشەییەکانی ڕێکخراوەکەمانە.
– ڕێکخراوەکەمان لەگەڵ ئەوەدا کە دژی کەلتووری پیاوسالاری لە کوردستان لە خەباتدایە، لە هەمانکاتدا دژی کەلتووری دژە پیاوە و ئێمە لێکگەیشتن و خەباتی هاوبەشی ژن و پیاوی کورد لە پێناو ئامانجه هاوبەشەکان بە کلیلی بەختەوەریی ژن و پیاو لە کوردستان دەزانین.
– ڕێکخراوی ئازادیی ژنانی کوردستان باڵادەستی چین و دەستە و گرووپ و ڕەگەزێکی تایبەتی لە کۆمەڵگا ڕەد دەکاتەوە و پێ لەسەر کەلتووری مرۆڤسالاری و بەها و بایەخە مرۆڤایەتییەکان دادەگرێتەوه و بانگەشەی یەکریزی و تەبایی نێوان ژن و پیاو بە ئەرکی هەنووکەیی هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا دەزانێ.
– ڕێکخراوەکەمان دژی هەموو جۆرەکانی هەڵاواردنە دژ بە ژنان، هەموو حەول و هەنگاوێک مەحکووم دەکا کە دەیەوێ ژن پەراوێز بخا و بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەموو ئه و یاسا و نەریتانەی کە ماف و ئازادییەکانی ژنان لە خێزان و کۆمەڵدا پێشێل دەکا خەبات دەکا.
– ڕێکخراوی ئازادیی ژنانی کوردستان –نینا، بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکی هەست پێکراو لە بزووتنەوەی ژنی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێی نایە مەیدانی خەباتەوە، ئه و بۆشاییەی لە چەند دەیە لەمەوبەرەوە باڵی بەسەر بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی ژنی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کێشابوو، لەم سۆنگەیەوە جگە لەوەی درێژەدەری خەباتە لە پیناو مافەکانی ژنان، ئه و خەباتە گرێ دەدا بە خەباتی نەتەوایەتییەوە و خۆی بە بەشێک لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان دەزانێ لە پێناو سەربەخۆیی و بەدەوڵەتبوونی کورد.
لە 15 هەمین ساڵوەگەڕی لە دایکبوونی ڕێکخروای ئازادیی ژنانی کوردستان-نینا، پیرۆزبایی لە خۆمان و سەرجەم ژنانی ڕیزەکانی ڕیکخراوی ئازادیی ژنانی کوردستان-نینا و هەموو ژنانی تێکۆشەری نەتەوەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین و بەمبۆنەوەیە جارێکی دیکە بەڵێن بە خۆمان و ژنانی نەتەوەکەمان دەدەین تا وەدیهاتنی خەون و ئاواتە ئینسانییەکانی ژنانی کورد لە خەبات نەسرەوین.
رێکخراوی ئازادیی ژنانی کوردستان-نینا
1 گوڵانی 2717
#20-04-2017#