بڕیارە لەماوەی 60 ڕۆژی داهاتوودا کۆمپانیای نەوتی نشتیمانی کۆریای باشوور وێستگەیەکی کارەبایی 300 مێگاواتی ڕادەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکات و پارێزگاری #هەولێر#یش ئاماژەبەوەدەکات، بەمزوانە وێستگەکە بە فەرمی ڕادەستی وەزارەتی کارەبا دەکرێت.
نەوزاد هادی، پارێزگای هەولێر لەبارەی کاتی ڕادەستکردنی ئه و وێستگەیە بۆ دواڕۆژ، ئەوەی خستەڕوو، لە ئایندەیەکی نزیکدا وێستگەی هەڵمی خەبات ڕادەستی حکومەت دەکرێت و کارەباکەش دەخرێتە ناو تۆڕی گشتی کارەبای هەرێم.
بەپێی زانیارییەکانی دواڕۆژ، دوای درێژکردنەوەی ماوەی تەوابوونی پڕۆژەکە بۆ ماوەی چەندجارێک لە لایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بۆ هەردوو کۆمپانیا کۆریەکە، لە کۆتایی مانگی داهاتوودا، ئه و وێستگەیە ڕادەستی وەزارەتی کارەبا دەکرێت، بەڵام تا ئێستا وەزارەتی کارەبا بڕیاری نەداوە، کە لایەن کارمەندانی وەزارەتەوە وێستگەکە بەگەردەخرێت، یاخود بدرێتە کۆمپانیای تایبەت.
دروستکردنی ئه و وێستگەیە لە بەرامبەر پێدانی نەوت بووە به و کۆمپانیا کۆرییانە، چونکە بەپێی گرێبەستێکی نەوت کە ساڵی 2008 لە نێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیای نەوتی نشتیمانی کۆریای باشوور (KNOC)دا واژۆکراوە، تەواوی تێچووی ئه و وێستگەیە لەلایەن ئەم کۆمپانیا کۆرییەکەوە دابیندەکرێت.
بەپێی گرێبەستە نەوتییەکە، کۆمپانیای (KNOC)ی کۆریای باشوور لە قۆناغی یەکەمدا پرۆسەی پشکنین و گەڕان بە دوای نەوتدا لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدەدات، لە قۆناغی دووەمیشدا پشتگیری له پڕۆژەکانی بنیاتنانی ژێرخانی هەرێمی کوردستان دەکات، دابینکردنی تێچووی دامەزراندنی ئەم وێستگەیەش لە چوارچێوەی قۆناغی دووەمی گرێبەستە نەوتییەکەدا بووە.
هاوکات محەمەد ئەمین هەورامی، وتەبێژی وزارەتی کارەبای حکومەتی کوردستان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند وێستگەی هەڵمی کارەبایی لە قەزای خەباتی شاری هەولێر بە نەوتی ڕەش کاردەکات و دروستکردنی وێستگەکەش بەشێوەیەکە هیچ کاریگەی لەسەر ژینگە نییە، چونکە پڕۆژەکە دۆستی ژینگەیە.
ئاماژەشی بەوەکرد، تاوەکو ئێستا 23 مێگاوات له و وێستگەیە چووەتە ناو تۆڕی گشتی کارەبایی هەرێم و پڕۆژەکە ڕادەستی وەزارەتی کارەبا نەکراوە، بەڵام تەواوبووە.
لە 6ی ئابی 2012 لە ڕێوڕەسمێکدا لە هەولێر گرێبەستێک بۆ دامەزراندنی دوو وێستگەی کارەبایی لە هەرێمی کوردستان لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و دوو کۆمپانیای کۆریای باشوور بەناوەکانی کۆمپانیای (KNOC) و (پۆسکۆ) بە بڕی (700) ملیۆن دۆلار واژووکرا.
هەرچەند بەپێی گڕیبەستەکە دەبووایە گرێبەستی یەکەم بۆ دامەزراندنی یەکەمین وێستگەی هەڵمیی بەرهەمهێنانی کارەبایە لە هەرێمی کوردستان کە لە ناوچەی خەبات لە هەولێر دروستبکرابووایە لە قۆناغی یەکەمدا بڕی (300) مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت و لە ماوەی سی و شەش مانگدا تەواو بێت و گرێبەستی دووەمیش بۆ دامەزراندنی وێستگەی گۆڕینی ڤۆڵتییەی (400KV) بوو بۆ گواستنەی وزەی کارەبا لە ناوچەی بازیان لە #سلێمانی# دەبووایە لە ماوەی هەژدە مانگدا تەواوبێت، بەڵام دروستکردنی وێستگەی کارەبایی خەبات بەهۆی قەیرانی دارایی بۆ ماوەی 4 ساڵ دواکەوت و تاو ئێستاش دروستکردنی وێستگەی 400KV بازیانیش نەچوەتە بواری جێبەجێکردن.[1]
#09-07-2018#