بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای #دهۆک#، هۆکاری کەمیی کارەبا لە پارێزگاکەیان بۆ کەمپەکانی ئاوارەکان دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت ئەگەر کارەبا نەدەنە کەمپەکان، ڕۆژانە دەتوانن کارەبای زیاتر بدەنە هاووڵاتیان. هەروەها دەڵێت تا ئێستا خەرجیی کارەبای کەمپی ئاوارەکان لە دهۆک 64 ملیار دینار بووە.
لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، سەعاتەکانی پێدانی کارەبای نیشتیمانیش بە هاووڵاتیان کەمتر دەبێتەوە، ئەوەش ناڕەزایی خەڵکی لێکەوتووەتەوە. پێدەچێ حکومەت باش لە ئێشی بێ کارەبایی تێگەیشتبێ، هەفتەی ڕابردوو #نێچیرڤان بارزانی#، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە کارەبایەکی زۆر دابین دەکەن، بەڵام پارەیەکی کەمی ئەو کارەبایەیان دەستدەکەوێتەوە، بۆیە بەنیازن لەمەودوا لەرێگەی سیمکارتەوە کارەبا بدەنە هاووڵاتیان، پرۆژەیەک ڕەنگە کۆتایی بە گرفتی پچڕانی کارەبا بهێنێ.
ئەندازیار کەمال محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای دهۆک باسی پرۆژە نوێیەکەی حکومەتی بۆ چارەسەری کێشەی کارەبا کرد گوتی بۆ دانانی پێوەری سیمکارت پارە لە هاووڵاتیان وەرناگرین، نرخی پارەی کارەباش گران ناکەین، تەنیا سوودەکەی بۆ کۆکردنەوەی پارەی کارەبایە، چونکە هەر کەسێک بۆ ماوەی سێ مانگ پارەی کارەبا نەدات، لە ڕێگەی ئەو سیستمەوە کارەباکەی دەبڕین.
پرۆژە نوێیەکەی حکومەت هەرزوو کەوتە بەر توانج و پلاری بەکارهێنەرانی فەیسبووک و هەندێک پێیانوایە پرۆژەکە تەنیا بە گیرفانی خەڵکی هەژار دەوێرێ و خواپێداوان دەبنە خاوەنی سیمکارتی فری. بەڵام کەمال محەممەد دەڵێت: هاووڵاتیان دڵنیا دەکەینەوە هەموو لایەک سوود لەو پرۆژەیە وەردەگرن، ڕەوشی کارەبا زۆر باشتر دەبێ و هیچ کەسێکیش ناتوانێ فێڵ لە سیستمەکە بکات، هەر کەسێکیش پارەی کارەبا نەدات، کارەباکەی دەبڕین.
ماڵ لە خۆی نەبوو، میوانیشی هات ئەو ئیدیۆمە کوردییە پڕ بە پێستی ڕەوشی ئێستای هەرێمی کوردستانە، لە کاتێکدا هاووڵاتیان بە دەست کەمیی کارەباوە دەناڵێنن، لە دوای 2014 ەوە بەهۆی شەڕی #داعش# زیاتر لە یەک ملیۆن و 400 هەزار ئاوارە ڕژانە هەرێمی کوردستانەوە کە نیوەیان ڕوویان لە کەمپەکانی پارێزگای دهۆک کرد.
ئەندازیار کەمال محەممەد دەڵێت ئەو ئاوارانە بارگرانییەکی زۆریان لەسەر کارەبای نیشتیمانی دروستکردووە
هەر لە سەرەتاوە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵەیەکی گەورەی کرد کە یەکسەر کارەبا و ئاو و خزمەتگوزارییەکانی دیکەی بۆ دابینکردن، دەبووایە ڕێکخراوەکانی مافی مروڤ و حکومەتی عیراق ناچارکرابان هاوکارییان بکەن، ئەگەر ئەوان بێ کارەبا و ئاو بوونایە، یوئێن و حکومەتی عێراق ناچار دەبوون هاوکارییان بکەن، بەڵام ئێمە هەر زوو هاوکاریمان کردن، هەتا ئێستا تەنیا لە کەرتی کارەبا 64 ملیار دینار خەرجی ئەوان بووە، ئەوان بوونە هۆکاری تێکدانی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان.
بە قسەی کەمال محەمەد، ئەگەر کارەبا لە ئاوارەکان ببڕن، دەتوانن کارەبای زیاتر بدەنە هاووڵاتیان. کەمال محەممەد دەڵێت :لە وەرزی زستاندا ڕۆژانە 115 مێگاوات و ئێستاش ڕۆژانە 57 مێگاوات کارەبا بەبێ بەرامبەر دەدەینە ئاوارەکان.
دوای چوار ساڵ لە شەڕ و ماڵوێرانی، ئێستا ڕەوشی کارەبای پارێزگای نەینەوا زۆر لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان باشترە. لەوێ ڕۆژانە نزیکەی 17 سەعات کارەبای نیشتیمانی هەیە. کەمال محەممەد لەبارەی کارەبای مووسڵەوە دەڵێت: ڕاستە کارەبای مووسڵ لە کارەبای کوردستان باشترە، ئەویش لەبەر ئەوەیە کە کۆمپانیاکانی کار و قەیوان، ڕۆژانە 400 مێگاوات کارەبا دەفرۆشنە مووسڵ. ئێمە وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان ناتوانین کارەبا بکڕین، ئەوانیش وەبەرهێنن و بازرگانی دەکەن، کە ئێمە نەتوانین لێیان بکڕین، ئەوان بە لایەنی دیکەی دەفرۆشن.
دەربارەی تواناکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، کەمال محەممەد گوتی لە کوردستان ژێرخانی بەرهەمهێنانی کارەبا هیچ کێشەی نییە، وێستگەکانی کارەبا بە تایبەتی ئەوانەی کەرتی تایبەت دەتوانن 24 سەعات کارەبا دابین بکەن و تەنانەت دەتوانن 2000 مێگاوات زیاد لە پێویستی کوردستان کارەبا بەرهەمبێنن، بەڵام حکومەت ناتوانێ لێیان بکڕێتەوە.[1]
#10-07-2018#