زیاتر لە ٪98ی خوێندکارانی پۆلی نۆی بنەڕەتیی، کە بەپێی سیتسمی پەروەردەی عێراق دەبێتە پۆلی سێ-ی ناوەندیی، لە تاقیکردنەوەکانیدا سەرکەتوو نەبوون، بەرپرسێکی پەروەردەش دەڵێت، ئەگەر ڕێگایان پێنەدرێت تاقیکردنەوەی خولی دووەم ئەنجام بدەن، ئەوا خوێندنی ئەمساڵی بە شی کوردیی فەوتاوە.
بەپێی ئامارێکی بەشی خوێندنی کوردیی لە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی شارۆچکەی #خورماتوو#-ی سەر بە پارێزگای سەلاحەدین، لە کۆی نزیکەی 300 خوێندکاری کورد، لە تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵی پۆلی سێیەمی بنەڕەتیی، (نۆی بنەڕەتیی بەپێی سیستمی پەروەردەی هەرێمی کوردستان و سێ-ی ناوەندی بەپێی سێی ناوەندیی بەپێی سیستمی عێراق)، تەنها پێنج خوێندکار دەرچوون، کە دەکاتە ڕێژەی 1.6٪، بەو پێیەش زیاتر لە 98٪ی خوێندکاران سەرکەوتوو نەبوون.
ڕۆژنیوز ژمارەیەک لەو خوێندکارانەی دواند، کە ساڵانی ڕابردوو لە خولی یەکەمدا بە سەرکەوتوویی قۆناغەکانی خوێندنیان بڕیوە، بەڵام لە ئەمساڵدا زیاتر سێ وانە کوتوون، ئەوان هۆکاری سەرنەکەوتنیان گەڕاندەوە بۆ ئاوارەبوونیان لە ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر و دواکەوتنی خوێندن بۆ ماوەی سێ مانگ و دواتریش نەگەڕانەوەی
80%مامۆستایان بۆ شارۆچککە و خویندنگاکان، تاکو وانەیان پێ بڵێنەوە.
ئەو خوێندکارانە، وتیشیان: ئێمە نەمانتوانی پرۆگرامی خوێندن تەواو بکەین، بۆیە ئەو پرسیارانەی بۆمان دانرابوون بۆ ئێمە زۆر زەحمەت بوو و نەمانتوانی وەڵامی ڕاست بدەینەوە.
هەروەها، ئاماژەیان بە هۆکارێکی دیکەش کرد و وتیان: ئەومامۆستایانەی لەنێو هۆڵی تاقیکردنەوەکان بووون زۆربەیان عەرەب و تورکمان بوون، ئێمە لێییان تێنەدەگەیەشتین، بۆیە نەیاندەتوانی سەبارەت بە پرسیارەکان ڕوونکردنەوەمان بدەنێ.
ئەمە لەکاتێکدایە، کە بەپێی یاسای خوێندنی کوردیی دەبێت، مامۆستای چاودێری هۆڵەکان 40%مامۆستای کورد بن و بەڕێوەبەری هۆڵەکان کورد بن، بەڵام بەپێچەوانەوە بەشێکی زۆری مامۆستای هۆڵەکان مامۆستای عەرەب وتورکمان بوون وهەروەها بەڕێوەبەری هۆڵەکانیش تورکمان بوون، ئەمەش کێشەی بۆ خوێندکاران دروست کردبوو لەڕووی تێگەیشتنەوە.
نەک تەنیا پۆلی سێی ناوەندی، بەڵکو بەشی زۆری خوێندکارەکانی قۆناغەکانی دیکەش سەرکەوتوو نەبوون و زیاتر لە سێ وانە کەوتوون.
بەپێی سیستمی پەروەردە هەر خوێندکارێک زیاتر لە سێ وانە بکەوێت، ئەوا ناتوانێت تاقیکردنەوەی خولی دووەم ئەنجام بدات و بە دەرنەچوو ئەژمار دەکرێت، واتا ساڵی داهاتووش لە هەمان پۆل-دا دەمێنێتەوە.
سەبارەت بە کێشەی ئەو خوێندکارانە، فەریدون قادر، سەرپەرشتیاری کارگێڕیی لە پەروەردەی خورماتوو بەشی کوردیی، بە ڕۆژنیوزی وت: نوسراوێکمان ئاراستەی هەردوو #وەزارەتی پەروەردە#ی هەرێم وبەغدا کردووە بۆچارەسەری کێشەی ئەو خوێندکارانە دوو پێشنیارمان خستوەتە ڕوو، کە بریتین لە:
-ئەو خوێندکارانەی ئێستا کەوتوون جارێکی ترلەوەرزی دووەمی تاقیکردنەوەکاندارییان پێ بکرێت.
-هەموو خوێندکارەکان بە کەوتوون حساب نەکرێت(ڕسوب عام)بە خوێندکارانی پۆلە ناکۆتاکانیشەوە.
وتیشی: تا ئێستا وەڵاممان نەدراوەتەوە، بەڵام ئەگەر ئەم دوو پێشنیارە قبوڵبکرێت ئەوە ئەمساڵ خوێندنی کوردیی نافەوتێت، بەڵام ئەگەر جێ بەجێ نەکرێت ئەوە خوێندنی کوردیی فەوتاوە.[1]
#11-07-2018#