بەناوی پەروەردگاری بەخشندەو میهرەبانەوە
ئەی گەلی عێراقی دلێر
ئەی ڕۆڵەکانی بەسرەی فەیحا،
سڵاوی خوداتان لێ بێت،
چەند ناوچەیەکی پارێزگای بەسرە خۆپیشاندان و کۆبونەوەی ناڕەزایی هاوڵاتیانیان بە خۆوە بینیوە کە زۆربەیان بێکار و بێ دەرامەتن و داوای دۆزینەوەی دەرفەتی کار و دابینکردنی خزمەتگوزاریی و چاککردنی باری ئابوریی و گوزەرانیان دەکەن، سەرباری ڕەتکردنەوە و بەگژاچونەوەی دیاردەکانی گەندەڵیی و کەموکورتییەکان لە هەمو بوارەکاندا.
ئەو ناڕەزاییانە پەرەیان سەند و هەندێک کات گەیشتە ئەوەی هەندێک خۆپیشاندەری دیاریکراو هەڵبکوتنە سەر دامەزراوەکانی نەوت لە پەترۆڵە جاڕەکانی گوڕنە و ئاگر تێبەردانی بینا و موڵک و ماڵی حکومیی و ئۆفیسی کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت، ڕوبەڕوبونەوەکانیش بریندار و بەرکەوتوی تریان لێکەوتەوە لە نێو هاوڵاتیانی بێ دیفاعدا.
لە کاتێکدا داوا لە هەمو ڕۆڵەکانی گەلمان بە تایبەتیی خۆپیشاندەرانی ناڕازیی دەکەین هێمنی و پابەند بون بە قانون و دان بەخۆدا گرتن و زیان نەگەیاندن بە بیناو موڵک و ماڵی حکومەت و ئۆفیسی کۆمپانیاکانی نەوت بخەنە سەرو هەرشتێکی ترەوەو، هەر دەستدرێژیی کردنە سەر کارمەندانی عێراقیی و بیانیی ئیدانە دەکەین، داواش لە دەسەڵاتدارانی ئەمنیی دەکەین لێکۆڵینەوەی بە پەلە بکەن لەبارەی هەرزیاد ڕەوییەک و لێپێچینەوەی کەمتەرخەمییەکان، هاوکات داوا لە حکومەتی خۆجێی لە پارێزگاکە و حکومەتی فیدراڵیی دەکەین کاری جدیی و بەپەلە بکەن بۆ بەدەنگەوە چونی داخوازیی ڕەوای خۆپیشاندەران و گرتنە بەری هەنگاوی جدیی و پراکتیکیی بۆ چاککردنی خزمەتگوزارییەکان بە تایبەتیی کارەبا، ئاوی خواردنەوە، تەندروستیی، خزمەتگوزارییە گشتییەکان و چارەسەرکردنی ئەو ئاستەنگانەی کە هاوڵاتیانی لە ناوچە جیاجیاکانی پارێزگاکە بێزار و وەڕس کردوە.
لە کاتێکدا لەیەزدان دەپاڕێینەوە شیفای خێرای برینداران بدات، داواش لە هێزە ئەمنییەکانی بەسرە دەکەین گیانی هاوڵاتیان بپارێزن و مافی خۆپیشاندەران زامن بکەن لە دەربڕین و خستنەروی داوا و خواستەکانیان بە شێوازی ئاشتیی، دوپاتیشی دەکەینەوە کە پێویستە ڕێ بگیرێت لە بەلادابردنی ڕەوتی ڕاستەقینەی خۆپیشاندانەکان و کارکردن بۆ پاراستنی موڵک و سامانە گشتیی و تایبەتییەکان، هاوکات داوا لەخۆپیشاندەران دەکەین خۆیان بەدور بگرن لە دامەزراوە حکومییە ژیارییەکان و پەترۆڵە جاڕەکان. بەم بۆنەیەوە پێشوازیی دەکەین لە هەوڵی حکومەتی فیدراڵیی بۆ گرتنەبەری کۆمەڵێک بڕیاری بە پەلە بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە بە پێکهێنانی لیژنەیەکی وەزاریی بە مەبەستی بەدواداچونی بارودۆخی پارێزگاکە، ڕاستەوخۆش پشتگیریی وەزارەتی نەوت دەکەین بە جێبەجێکردنی ڕاگەیاندنی دابینکردنی دەهەزار پلەی وەزیفیی لە کەرتی نەوتدا بۆ ڕۆڵەکانی پارێزگاکە بەزوترین کات، لێرەدا جارێکی تر پێویستیی هەرچی زوتری چارەسەرکردنی تەواوی کێشەکان دوپات دەکەینەوە بێ دواکەوتن و کۆتایی هێنان بە هەمو شێوەیەکی گرژیی و ئاڵۆزیی لەسەر بناغەی دەستور و قانونە کارپێکراوەکان، پێداگرییش دەکەین لەسەر پێویستیی گەڕانەوەی دەستبەجێی ژیانی هاوڵاتییان لە پارێزگای بەسرە بۆ دۆخی ئاسایی خۆی و بەشێوەیەکی هەمیشەیی. هیوادارین و دڵنیاین لەوەی کە هەموان هەلومەرجەکە ڕەچاو بکەن، پێکەوە کاری جدیی و لێبڕاوانە بکەن لە پێناوی دان بەخۆدا گرتن و ڕێ خۆشکردن بۆ چارەسەری ئاشتیی بنیاتنەر و دەستوریی کە بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانیی بپارێزرێت، شانبەشانی بەدەنگەوەچون و دەستەبەرکردنی مافەکانی هاوڵاتییان و چاککردنی باری ژیانی ڕۆژانەیان.
#فوئاد مەعسوم#
سەرۆک کۆمار
#13-07-2018#