بەهۆی زوو پێگەیشتن، بەرهەمی باش و ئەو خواستە زۆرەی لە شارەکانی عێراق لەسەر خەیار هەیە، جووتیارانی کوردستان 90%ی خانووە پلاستیکیەکانیان بەخەیار دەچێنن، زۆربەی بەرهەمەکەشیان هەناردەی شارەکانی عێراق دەکەن، ئەمەش بووەتە دەستکەوتێکی باش بۆ جووتیاران و وای کردووە ساڵ بەساڵ بەرهەمی خەیار لە کوردستان زیاد بکات.
بەپێی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو کە پشتی بە بەرهەمی هێنراوی جووتیاران لە کێڵگەوە بۆ گومرگەکان بەستووە، لە پێنج ساڵی ڕابردوودا بەرهەمی خەیار بەڕێژەی 40% زیادی کردووە، لە 61 هەزار و 85 تۆنەوە بووەتە 100 هەزار و 552 تۆن. دوای پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆش، زۆربەی ئەو بەرهەمە هەناردەی شارەکانی عێراق کراوە.
کەمال محەممەد، بەڕێوەبەری خانووی پلاستیکی لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بە (رووداو)ی گوت: خەیار یەکێکە لەو بەرهەمە کشتوکاڵیانەی زوو پێدەگات و چاندنیشی لەنێو خانووی پلاستیکی زۆر سەرکەوتووە و 10 بەرامبەری چاندن بەشێوەی کراوە بەرهەم دەدات. لە وەرزی پێگەیشتنیش لە شارەکانی عێراق خواستێکی زۆری لەسەرە، بۆیە لە وەرزەکانی بەهار و هاوین و پایز جووتیاران 90%ی خانووە پلاستیکییەکانیان بەخەیار دەچێنن.
بەگوتەی کەمال محەممەد، بەرهەمی خەیار زۆر لەو بڕە زیاترە کە لە ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵدا تۆمار دەکرێت، چونکە بەشێکی زۆر لە جووتیاران ڕاستەخۆ بەرهەمەکانیان هەر لەسەر کێڵگە بە بازرگانانی عەرەب و دووکاندار و دەستگێڕەکان دەفرۆشنەوە.
ئەو نموونە بە بەرهەمی ساڵی ڕابردووی خانووە پلاستیکییەکانی شاری #سلێمانی# دەهێنێتەوە و دەڵێت: لە سلێمانی نزیکەی 12 هەزار و 66 خانووی پلاستیکی هەن، ساڵانە 90%یان بەخەیار دەچێندرێن. هەر خانووێکیش بەگوێرەی خزمەت 8 تاوەکو 12 تۆن خەیار بەرهەم دەدات، بۆیە دەتوانین بڵێین ساڵی ڕابردوو تەنیا لە سلێمانی زیاتر لە 100 هەزار تۆن خەیار بەرهەم هاتووە، ئەمە لەکاتێکدایە لە پارێزگاکانی #هەولێر# و #دهۆک# و #هەڵەبجە#ش بەشێوەی داخراو و کراوە و بڕێکی باش خەیار دەچێندرێ، بۆیە پێشبینی دەکەین بەرهەمی ساڵی ڕابردوو 150 هەزار تۆنی تێپەڕاندبێت.
بەپێی توێژینەوەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، تێچووی بەرهەمهێنانی یەک کیلۆ خەیار لە خانووی پلاستیکی نزیکەی 240 تاوەکو 250 دینار لەسەر جووتیار دەکەوێ، بۆیە بۆ پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی، ئەمساڵ وەزارەتی کشتوکاڵ ڕەسمی سەر هاوردەکردنی کیلۆیەک خەیاری لە 250 دینارەوە بۆ 350 زیاد کرد، ئەم هەنگاوەش وایکرد بەرهەمی هاوردە بەڕێژەی کەمتر لە جاران بێت و نرخیش هاوسەنگ بێت.
کۆمپانیای سۆفی گرین هاوس، بۆ بەرهەمهێنانی بەروبوومی سەوزە لە نزیک شارەدێی شەمامکی پارێزگای هەولێر، نزیکەی 440 خانووی بەخەیار چاندووە، ڕۆژانە نزیکەی 60 تۆن خەیار بەرهەمی هەیە.
لاوەند ئیبراهیم سۆفی، بەڕێوەبەری پرۆژەی سۆفی گرین هاوس دەڵێت :ساڵانی ڕابردوو بەهۆی هاوردەکردنی خەیار بەقاچاخ و کەمی ئەو ڕەسمەی حکومەت لە وەرزی پێگەیشتنی بەرهەم دەیخستە سەر هاوردە، گرفتی بەبازاڕکردنمان هەبوو زەرەری زۆرمان دەکرد، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی زیادکردنی ڕەسمی گومرگ و کەمی چاندنی خەیار لەشارەکانی عێراق بەهۆی گرفتی کەمئاوی، گرفتی بەبازاڕکردنمان نەماوە و قازانجمان کردووە.
نرخی کیلۆیەک خەیاری باش ئێستا لەبازاڕ و گومرکان نزیکەی 450 تاوەکو 500 دینار بۆ جووتیار دەکات، ئەمە لەکاتێکدا لەساڵی ڕابردوو لەم کاتە نرخەکەی لەنێوان 250 تاوەکو 300 دینار دابوو، تەنانەت ماوەیەک نرخی کیلۆیەک بۆ 80 تاوەکو 100 دینار دابەزی.
لاوەند، دەڵێت :دابەزینی نرخی خەیار زیاتر لەمانگی حوزەیرانە، چونکە لەو کاتەدا بەرهەمی خەیاری کراوە دەست پێدەکات، بەڵام ئەمساڵ زۆربەی ئەو جووتیارانەی پێشتر بەشێوەی کراوە خەیاریان دەچاند لەبڕی خەیار شووتیان چاندووە، جگە لەوەش حکومەت ئەمساڵ تاڕادەیەک باشتر جاران سنوورەکانی کۆنترۆڵ کردو ڕەسمی گومرگی زیادکرد، هەموو ئەمانەش وایکرد نرخی خەیار لە بازاڕەکانی کوردستان زۆر دانەبەزێت، بۆیە دەتوانم بڵێم لە پێنج ساڵی ڕابردوو هیچ ساڵێک وەک ئەمساڵ خەیار پارەی نەکردووە.
بەپێی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ، زیاتر 17 هەزار خانووی پلاستیکی لە کوردستان هەن. کە 12هەزار و 66 خانوویان لە سنووری پارێزگای سلێمانین. هەر بۆیە ئەم پارێزگایە لەڕووی بەرهەمهێنانی خەیار لە پێشەوەیە.
مەلا کامیل داود، جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی گەشەپێدانی خانووی پلاستیکی لەپارێزگای سلێمانی، دەڵێت :لەبەر ئەوەی خەیار یەکێکە لەو بەرهەمە کشتوکاڵیانەی زوو پێدەگات و تەنیا 35 ڕۆژی پێویستە، هەروەها بەرهەمێکی باش دەدات و لەبازاڕیش خواستی لەسەرە، بۆیە 90%ی خانووە پلاستیکییەکانی سلێمانی بەتایبەت لە بەهار و هاویندا خەیاریان تێدا دەچێندرێ.
مەلا کامیل داود هەروەها گوتی چاندنی خەیار لەژێر خانووی پلاستیکی لە پارێزگای سلێمانی بەگشتی و ناوچەی بازیان بەتایبەت شێوازی بازرگانی وەرگرتووە، ساڵانە زیاتر لە 6 هەزار خانووی پلاستیکی لەبازیان دەکرێنە خەیار.
مەلا کامیل 20 خانووی پلاستیکی لە بازیان هەیە، بۆیە لەنزیکەوە ئاگاداری کاروباری جووتیارانە و دەڵێت :زۆربەی جووتیاران شارەزاییەکی باشیان لە بەرهەمهێنانی خەیاردا پەیداکردووە، ئەگەر خەیارەکانیان تووشی نەخۆشی نەبێ لەهەر خانووێک 8 تاوەکو 12 تۆن بەرهەمیان دەستدەکەوێت، بۆیە گرفتیان لەبەرهەمهێنان نییە، بەڵام زۆرجار بەهۆی گرفتی ڕێگای نێوان سلێمانی شارەکانی عێراق و هاوردەکردنی بەرهەمی ئێرانی بەقاچاخ، نرخ دادەبەزێت و تووشی گرفتی ساغکردنەوەی بەرهەم دەبن.
بە گوتەی مەلا کامیل زۆربەی ئەو جووتیارانەی ساڵی ڕابردوو خەیاریان چاندبوو، زەرەریان کردبوو، چونکە کیلۆیەک خەیاریان بە 80 دینار دەفرۆشت، لە کاتێکدا تێچووی چاندنی یەک کیلۆ خەیار 300 دینار بوو. بەڵام ئەمساڵ زۆربەی جووتیاران لە چاندنی خەیاردا قازانجیان کردووە.[1]
#13-07-2018#