دواڕۆژ، کۆچەر عەلی
وتەبێژی پۆلیسی #هەولێر# ڕایدەگەیەنێت، ماوەی 23 ڕۆژە لە سنوری پارێزگای هەولێر هیچ تاوانێکی کوشتن ڕووینداوە، هۆکارەکەشی بۆ قەدەغەکردنی هەڵگرتنی چەک لەلایەن هاوڵاتیانەوە دەگێڕێتەوە.
دوای ئەوەی لە هەفتەی یەکەمی دوای جەژنی ڕەمەزان لە سێ ڕووداودا چوار تاوانی کوشتن ڕوویاندا، #وەزارەتی ناوخۆ#ی حکومەتی هەرێم بڕیارێکی دەرکرد بەوەی، نابێت هیچ کەسێک لەسەر شەقامەکان و شوێنە گشتیەکان چەکی پێبێت و بۆئەمەش دەزگا ئەمنییەکانی ڕاسپارد دەست بەسەر چەکی نایاسايدا دابگرن.
هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە دواڕۆژی ڕاگەیاند لە دوای ئەوەی هەڵمەتی قەدەغەکردن و دەست بەسەردا گرتنی چەکی نا یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستی پێکردووە له و ماوەیەدا 124 کەس دەستگیرکراون، دەست بەسەر نزیکەی 100 پارچە چەکيشدا گیراوە.
وتیشی بەهۆی ئه و هەڵمەتەوە لە 19ی حوزەیرانەوە تاوەکو 12ی تەمووزی 2018، هیچ ڕووداوێکی کوشتن لە سنوری پارێزگای هەولێر ڕووینەداوە.
لەبارەی هۆکاری ڕوونەدانی هیچ تاوانێکی کوشتن له و ماوەیەدا وتەبێژی پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد، لەوەتەی بڕیاری قەدەغەکردنی هەڵگرتنی چەک لە شوێنە گشتییەکان و لەناو ئۆتۆمبێل دراوە تاوانی کوشتن نەماوە، خەڵکیش ئێستا ترسی هەیە لەوەی چەک هەڵگرێت لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستی بەسەردابگیرێت کە ئەمە هۆکارێکی سەرەکیە کە له و ماوەیە تاوانی کوشتن ڕووینەداوە.
ناوبراو هۆشداریشیدا بەوەی، چەک هەڵگرتن بە هەموو جۆرێک قەدەغەیە و هەڵمەتەکەش بەردەوام دەبێت و هەرکەسێکیش چەکی لەلا ببیندرێت یان لەناو ئۆتۆمبێلەکەی دايبنێت هێزە ئەمنییەکان دەستی بەسەردا دەگرن. [1]
#13-07-2018#