دواڕۆژ، بەختیار شەریف
بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە 7ی تەمموز، ڕوداوێکی دەگمەن بەشێک لە میدیاکانی هەژاند و هەواڵی ئەوە بڵاوکرایەوە کە بوکێک خەسووە تەمەت 80 ساڵانەکەی خۆی کوشتووە. ئەم هەواڵە زۆرترین قسه و باسی لەسەر کرا لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و لەنێو خەڵکی.
رەعنا محەمەد ساڵح، ژنێکی بەتەمەنی سپی کەلانەبووە لە گوندی بنگردی خۆرئاوای شارۆچکەی #چەمچەماڵ# لەدایکبووە، لەڕاپەڕینی ساڵی 1991 مێردەکەی شەهید دەبێت و ناچاردەبێت هەشت منداڵەکەی بەخێو بکات.
شەوی ڕووداوەکە
سەرتیپ حاجی برزۆ، کوڕی ئه و خانمە و هاوسەری ئه و کەسەی کە تاوانەکەی ئەنجامداوە وردەکاری چیرۆکی ڕوداوەکەی بۆ دواڕۆژ گێڕایەوە و وتی ئێمە لەسەفەری دەرەوەی هەرێم بووین، شه و قسەم لەگەڵ دایکم و خێزانم کرد، وەزعیان زۆرئاسایی بوو، زۆر بە گەرموگوڕییەوە قسەیان دەکرد. دایکم قسەی خۆشی بۆکردم و هەردووکیان دوعاخوازی (سەفەر سەلامەت)یان بۆ خواستین، بەڵام دواتر و لەکاتژمێر 2:50 خولەکی بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە 7ی تەموز دایکمیان گەیاندووەتە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی شەهید پێشڕه و لەچەمچەماڵ.
ئەوەشی خستەڕوو دوای پشکنینی سەرەتای وادەزانن دایکم بە سروشتی گیانی لەدەستدوە، بەڵام دواتر دەبینن ئاسەواری ئەشکەنجە بە جەستەیەوە هەیە، تەرمەکەی دەنێردێتە پزیشکی دادی #سلێمانی#، لە کۆتایدا بە ڕاپۆرتی پزیشکی دادوەری 90% سەلمێنرا کە خنکێنراوە.
تۆمەتباری ڕووداوەکە کێیە؟
تۆمەتباری سەرەکی ڕووداوەکە یەکێک لەبووکەکانی بوو بەناوی (س، ف، م) لەدایکبووی 1987)، دواتریش دانی بە تاوانەکەیداناوە کە خەسوی خۆی خنکاندووە.
لەسەر ئه و ڕووداوه قایمقامیەتی چەمچەماڵ ڕۆژێک دواتر ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە وێنەیەکی دەست دواڕۆژ کەوتووە و تێیدا هاتووە دوای لێکۆڵینەوەی ورد لەڕووداوەکە توانرا تۆمەتبارێکی ڕەگەزی مێ بەناوی (س، ف، م)ی لەدایکبووی 1987، دەستگیربکرێت کە دوێنی شەممە 7ی تەموز، هەستاوە بە کوشتنی دایکی هاوسەرەکەی (خەسوی)، لەئێستادا تۆمەتبار بەفەرمانی دادوەر و بەپێی ماددەی 406 لەیاسای سزادانی عیراقی بەندە و دانی بەتاوانەکەیدا ناوە.
لەلایەکی ترەوە سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دانپێدانانی تۆمەتبار (س،ف) بە دواڕۆژی وت تۆمەتبار لەبەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەی چەمچەماڵ دانی بەتاوانەکەیدا نا کە به لەچکەکەی ڕەعنا خۆی خنکاندویەتی.
ئه و سەرچاوەیە وتیشی تۆمەتبار بیانووی بۆ ڕووداوەکە ئەوەبووە کە (خەسوی) بۆی خراپ بووە لەگەڵی.
لەبەرامبەردا سەرتیپ حاجی برزۆ، کە هاوکات هاوسەری تۆمەتبارەکەشە وتی هەستمان نەکردووە هیچ کێشەیەک لەنێوان دایکم و خێزانمدا هەبووبێت، هیچ کەسیشیان گلەیی و گازندەیان نەکردووە، بەڵام دوای ڕووداوەکه تۆمەتبار (س) دانی بەوەداناوە کە هەڵەی کردووە. ئێمەش چاوەڕوانی بڕیاری دادگا دەکەین.[1]
#13-07-2018#