دواڕۆژ، زریان محەمەد
لەئێستادا بازاڕی گۆشتفرۆشتن لاوازبووە و هاوڵاتیان خۆیان دەپارێزن لەخواردنی گۆشت، گۆشتفرۆشێکیش دەڵێت تای خوێنبەربون وایکردووە هاوڵاتیان گۆشت بەکارنەهێنن.
دارا محەمەد، خاوەنی دوکانی گۆشتفرۆشتن لەشاری #سلێمانی# بە دواڕۆژی وت فرۆشتنی گۆشت کەمیکردووە، ئێمە لەپێش بڵاوبونەوەی ئەم نەخۆشییە ڕۆژانە 5 ئاژەڵمان سەردەبڕی، بەڵام لەم هەفتەیەدا بووە بە 2 ئاژەڵ.
وتیشی من ڕۆژانە گۆشت بۆ سێ چێشتخانەی گەورە ئامادە دەکەم، بەڵام ئەوانیش ماوەی دوو ڕۆژە کەمترین داواکاری گۆشتیان هەیە، پێیانوتوم کە خەڵک گۆشت ناخۆن کەمیانکردۆتەوە بەهۆی ترسیان لەو نەخۆشییە.
نەخۆشی تای خوێنبەربوون لەناو ئاژەڵدا بڵاودەبێتەوە و بەهۆی ئاژەڵەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، ئەمەش وایکردووە لایەنە تەندروستییەکان و حکومەت، هاووڵاتیان لەوە ئاگادار بکەنەوە کە خۆیان بەدوربگرن لە خوردنی گۆشتی سوور، ئەگەر مۆری تایبەتی تەندروستی پێوەنەبوو.
هاوکات فەهمی فایەق، کارمەند لە کوشتارگەی نوێی سلێمانی بەدواڕۆژی ڕاگەیاند سەربڕین لەکوشتارگە بەردەوامە، بەڵام هەست بە کەمبونەوە کراوە، ئەوەش بەهۆی بڵاوبونەوەی نەخۆشییەکەیە کە هاوڵاتیان لەم ماوەیەدا خۆیان دەپارێزن لە زۆر خواردنی گۆشتی سوور، گۆشتفرۆشەکانیش کەمتر ئاژەڵ دێنن بۆ سەربڕین.
وتیشی هەر ئاژەڵێک کە لای ئێمە سەر دەبڕدرێت، پشکنینی تەواوی بۆ دەکرێت و هەر گرفتێکی هەبێت ناچێتە دەرەوە و لەناودەبرێت.
ئاکۆ محەمەد، خاوەنی چێشتخانەیە لەشاری سلێمانی و دەڵێت کڕیارەکانمان کە سەردانمان دەکەن کەمتر گۆشتی سور دەخۆن، زۆرتر داوای مریشک دەکەن، چونکە خەڵک دەڵێن، گۆشتی سور نەخۆشی پێوەیە، بۆیە کەمتر داوای دەکەن و نایخۆن، وە ئێمەش گۆشت کڕین و بەکارهێنانیمان کەمکردۆتەوە.
لیژنەکانی قایمقامیەتی سلێمانی بڕیاری قەدەغەکردنی تەواوی فرۆشتنی گۆشتی سەرشەقامەکانی دەرکردوە، هەر گۆشتفرۆشێک پابەندنەبێت ڕووبەڕووی سزادەبێتەوە.[1]
#13-07-2018#