من هیچ ناڵێم
شێخ #حەسیب قەرەداغی# (1929-1997)
وتیان یا شێخ! بۆ ئەو ڕۆژە چی دەنووسی؟
وتم: هەر هیچ!
وتیان یاشێخ!. ئەم ئاهەنگە بێ وێنەیە، تە چ دبیژی؟
وتم: هەر هیچ!
وتیان یاشێخ ڕەشبەڵەکە و جێ خوێنەکەی هەڵۆبەگ و عەولەسیسە، تێک ڕژاوە!
چی دەنووسی و چ شیعرێکت بۆ داناوە؟
وتم: هەر هیچ!
وتیان یاشێخ! چراخانە، خەرمانانە، باوانیە...
وتیان ئەوا چاومان لێتە.. دەروونت قوڵپی کانیە!
شتێک بڵێ، وتم: هەر هیچ!
وتیان یاشێخ! شاعیرەکان لە دامێنی مامەیارە
وا شێخانی هەڵدەپەڕن، سەرچۆپی هەڵدەپەڕن،
سەرچۆپی کێشیان نالی یە.. گۆران بەستە تۆماردەکا
بێکەس دەموپلی مێژوو بیست و حەوجار دەکوتێتەوە و دوژمنی کورد بێزاردەکا!
تۆ چی دەڵێی؟ وتم: هەر هیچ!
وتیان یاشێخ! گۆچانەکەی ئەحمەد پاشا و خەنجەرەکەی شێخی نەمر
بوون بە جامانەی بارزانی و وا بە لوتکەی قەندیلەوە
وتیان ناوی شێخ شەهاب و شەهید ئارام وا بە لێوی ئاگرەکەی بانمیلەوە
تۆ چی دەڵێی؟ وتم: هەر هیچ!
وتیان یاشێخ! ئاوارەکان شێرکۆ و ڕەفیق، عەبە و ئەنوەر
ملی ڕێگەیان گرتووە وا دێنەوە هەگبەکانیان پڕ لە وشەی ئاگردارە
شیعر دەربار، شەرمەزارە!
دەلێلێیە و دەلۆلۆیە شڤان دەچڕێ دەهاوارە،
تۆ چی دەڵێی؟ وتم: هەر هیچ!
وتیان یا شێخ! شەیداکانی ڕێی ئازادی و بەخت یاریی
چەکوش دەدەن بە قەپۆزی ئەژدەهاکا و داس دەخەنە ملی زۆردار
شێخ مارفیان پێش خستووە بەره و بنار،
چەپکە گوڵی نوێیان پێیە بۆ پێشوازی وەرزی بەهار!
تۆ چی دەڵێی؟ وتم: هەر هیچ!
وتیان یا شێخ وا مەرقەدی باوە گوڕگوڕ مەشخەڵانی فەیز و نوورە
بە ناو دایکە کوردەکاندا کوڕ بەش دەکا...
چارەی پیاوە بەدچارەکان بەناو مێژودا ڕەش دەکا!
تە چیت پێیە؟ وتم: هەر هیچ!
وتیان یا شێخ وا خانەقین بوو بەکوورە
جەوەڵ حەمرین جێ هەڵپەرکێی پێشمەرگەیە!
بەرەو هەر دوندێ دەڕوانی ئەو بەستەیە ئەو بەرگەیە
تۆ چی دەڵێی؟ وتم: هەر هیچ!
وتیان یا شێخ کەژی زەردە بەرگەردنی کردۆتەوە شاهۆ ماچی بۆ دەنێرێ
وا دێوانە خۆی شل دەکا بۆ بێڵی دەستی ئاوێرێ!
تۆ چی دەڵێی؟ وتم: هەر هیچ!
وتیان لاڵی؟ یا ئوفتادەی بێ خەیاڵی؟!
وتم نەخێر، ئەم ئاخێزە خۆی چامەیە!
وتم یاران، ئەم ئاهەنگە خۆی نامەیە!
چامەیەکە نەوتراوە و کەس بۆی نایە!
نامەیەکە نەنووسراوە و کەس لێی نایە!
وتم خەڵکە ئەم شۆڕشە هەر خۆی خۆی بوو
دەنگی تۆی بوو، بۆنی تۆی بوو
تینی بەڕۆچکەی زستان و چێژی برسی و نان و دۆی بوو!
هەزار ساڵەی وەجاخ کوێرمان وا دووگیانە، سکەکەشی ئازادییە!
بەری نوشتەی سالم و شێخ و حاجییە!
باس نەماوە لە دنیادا باس یەک باسە
وا خەج بووکی سیامەندە و شەم بۆ وەلی و
زین بۆ مەم و غەزالیش بۆ کاکە لاسە!
15-03-1991