کۆمپانیای گەڵف کیستۆن کە تایبەتە بە بواری بەرهەمهێنانی نەوت ئاشکرایکرد کە بڕی 24 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی وەک شایستەی دارایی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە.
بەپێی ڕاگەیاندراوێکی کۆمپانیای گەڵف کیستۆن، 13ی تەمموز بڕی 24.2 ملیۆن دۆلاریان وەک شایستەی دارایی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە لە بەرامبەر نەوتی فرۆشراوی مانگی حوزەیران لە کێڵگەی شێخان لە پارێزگای #دهۆک#.
ڕاشیگەیاندووە، خەرجکردنی شایستە داراییەکان کاریگەرییەکی باشی هەبووە لەسەر ئەوەی کە کۆمپانیاکان چاڵاکییەکانیان زیادبکەن، چونکە هەرچەند حکومەت لە پێدانی شایستە داراییەکان خێرابێت ئاستی بەرهەمهێنان زیاتر دەکات.
کۆمپانیاکە ئاشکراشیکردوە، تەنها لە ساڵی 2018 بڕی 91 ملیۆن دۆلاریان لە کێڵگەی نەوتی شێخان خستووەتە کارو، لە ماوەی 12 بۆ 18ی ئابی مانگی داهاتووش ئاستی بەرهەمهێنان لە 25 هەزارەوە دەگەیەننە 55 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوو، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێم گەیشتە ڕێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیای گەڵف کیستۆن سەبارەت بە زیادکردنی بەرهەمی کێڵگەیەکی نەوتی شێخان، بەپێی ڕێککەوتنەکە هەرێمی کوردستان بە 22 دۆلار هەرزانتر نەوت دەداتە ئه و کۆمپانیایە و ئەوانیش بەرهەمهێنانی نەوت لە ماوەی 12 بۆ 18ی مانگی ئاب زیاد دەکەن.
هەربەپێی ڕێککەوتنەکەی نێوان هەردوولا لە ئەستۆگرتنی تێچوی گواستنەوەی نەوت لە کێڵگەی شێخانەوە بە تانکەر بۆ فیشخابور و لەوێشەوە بۆری کوردستان و بەندەری جیهانی تورکی لە ئەستۆیی حکومەتی هەرێمە.
گەڵف کیستۆن پترۆلیۆم، کۆمپانیایەکی بەریتانیە لە کێلگەی نەوتی شێخان ڕۆژانە 25هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت.[1]
#17-07-2018#