ئەنجوومەنی سوریای دیموکراتیک (مەسەدە) ڕۆژی 16ی تەمووزی 2018 لە شاری تەبقا بە دروشمی 'بەرەو چارەسەریی سیاسی و بونیاتنانی سوریای دیموکراتیکی نا ناوەندی' بە بەشداریی نزیکەی 300 ئەندام و میوان و نوێنەری هێز، حیزبەکان و دەستە و ڕێکخستنەکانی خۆبەڕێوەبەری و مەدەنی، قەسەدە، کەسایەتیی نیشتمانیی و ئۆپۆزسیۆنی دەرەوە و ناوەوە، بەڕێوەچوو.
دەیان پەیامی پیرۆزبایی لایەنە کوردی، عەرەبی، کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان گەیشتنە کۆنگرەکە و خوێندرانەوە. لە هەموو پەیامەکاندا پشتیوانی لە کۆنگرە و تێکۆشانەکەی کرا بۆ ئەم قۆناغە، کە سوریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان پیایدا تێدەپەڕێت.
لەم قۆناغە ڕاگوزەرەدا پێویستی بە بۆچوونێکی دیموکراتیک و بە ڕێکخستن کراو و بەرپرسیارێتی هەیە. هەروەها دەبێت مرۆڤ نزیکایەتیی بەرژەوەندیخوازانەی حیزبی قبوڵ نەکات. لەسەر ئەو بنەمایە ئەنجوومەنی سوریای دیموکراتیک (مەسەدە) چەتری خۆبەڕێوەبەری و ئەنجوومەنە مەدەنییەکان و چەتری هێزکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە)یە. بەشداران ڕایانگەیاند، چارەسەریی سیاسی و دیالۆگ ڕێگای ڕزگاربوونە لەو قەیرانەی ئێستا.
دوای پێشکەشکردنی وتەی دەستپێکردن، کە لەلایەن هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی سوریای دیموکراتیکەوە پێشکەشکرا، بەشێک لە میوانەکانیش وتەیان پێشکەشکرد. هەروەها پەیامەکانی پیرۆزبایی خوێندرانەوە. کۆنگرەکە بە خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی کار و خەباتی ئەنجوومەنەکە و هەروەها خوێندنەوەی ڕاپۆرتی نووسینگە و لقەکان، خوێندنەوەی پەیڕەو و پڕۆگرامی ئەنجوومەکە و گۆڕانکارییەکانی، درێژەی بە دانیشتنەکەی دا.
هەروەها لە کۆنگرە میکانیزمەکانی ئەنجوومەنەکە گۆڕدران و جەخت لەسەر دۆزە نیشتمانییە بنەڕەتییەکان بۆ چارەسەرکردنی دۆزەکانی کۆمەڵگە و دۆزەکانی پەیوەندیدار بە مافی پێکهاتەکانەوە کرایەوە.
بەشداران لێکدانەوەیان بۆ دامەزراندنی ئەنجوومەنی سوریای دیموکراتیک کرد و بە هەنگاوێک بەرەو چارەسەریی ئاڵۆزییەکانی سوریایان لێکیاندایەوە و ڕایانگەیاند، پرۆژەی سوریای دیموکراتیک باشترین پرۆژەیە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جێگای ئومێدی پێکهاتەکانی سوریا، لە کورد و عەرەب و سوریانی و ئاسوور و تورکمان و.... هتد و هیواکانیان دەهێنێتەدی.
لە کۆنگرەکەدا چەندین بڕیار دەرکران و گۆڕانکاریش لە هەندێک خاڵی پەیڕەو و پڕۆگرام دا کرا. دیسانەوە جەخت لەسەر درێژەدان بە هێڵی ستراتیژی لەسەر بنەمای میکانیزمەکانی بە دامەزراوەیکردن، خۆمادەکردن، بەهای برایەتیی گەلان لە نێوان هەموو پێکهاتەکان و یەکێتیدا، بۆ گەل چارەنووسساز دەبێت.
بەشداران ڕایانگەیاند، هەموو ڕێگایەک دەگرنە بەر بۆ تێکشکاندنی داگیرکەریی تورکیا لە سوریا و هەموو بڕیارەکانی کۆنفرانسی ڕزگارکردنی #عەفرین# و شەهبا جێبەجێ دەکەن و هەموو هێزە نیشتمانی و ناوچەی و جیهانییەکان دەخەنە کار بۆ گەڕانەوەی گەلی عەفرین.
بەشداران لە کۆتایدا ئەمینە عومەر و ڕیاز دەرار – یان وەک هاوسەرۆکانی نوێی ئەنجوومەنی سوریای دیموکراتیک (مەسەدە) هەڵبژارد. ئیلهام ئەحمەد بۆ سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەنجوومەنەکە هەڵبژێردرا. هەروەها 41 ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری بۆ ئەنجوومەنەکە هەڵبژێردران، کە 20 کەسیان ژنن. ئەندامانی دەستە جۆراجۆرەکانی ئەنجوومەنەکەش لە یەکەم دانیشتی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەنجوومەکەدا هەڵدەبژێردرێن. ئەندامانی ئەنجوومەکە بەڵێنیان دا، کە درێژە بە هێڵی شەهیدانی ئازادی و دیموکراسی دەدەن و بۆ دامەزرادنی سیستمێکی نا ناوەندی و دیموکراتیک لە سوریادا کار دەکەن.
#16-07-2018#