چالاکوانی ناسراوی کورد، ئیقبال مورادی لە شارۆچکەی #پێنجوێن#ی سەر بە شاری #سلێمانی#، بووە ئامانجی دەستی ڕەشی تیرۆرستانی دەوڵەت و بەکرێگیراوەکانی. کە بەداخەوە لە ئەنجامدا گیانی لەدەستدا.
ئیقبال مورادی، خەباتکەر و چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ، بە درێژایی تەمەنی بێ پسانەوە لە تێکۆشاندا بووە بۆ دەستەبەرکردنی مافە ڕەوا زەوتکراوەکانی گەل کورد و کوردستان. مخابن شەوی 17 لەسەر 18ی ئەم مانگە لە شارۆچکەی پێنجوێن بەدەستی ڕەشی دوژمنان تیرۆر کرا.
لە کاتێکدا لە باشووری کوردستان، ئەمە جاری یەکەم نییە، چالاکوان و وڵاتپارێزانی پارچەکانی تری کوردستان دەکەونە بەر هەڕەشە و تیرۆر کردن. تیرۆرکردنی ئیقبال ورادی دوایین قوربانی هەوڵەکانی داگیرکەران و بەکرێگیراویانە کە لە ژێر سایەی باشووری ئازاد دا دەبێتە قوربانی. گومانی تێدا نییە کە ڕووداوی ئاوا دەرەنجامی بەربڵاوبوونی دەزگا سیخوڕیەکانی دەوڵەتانی داگیرکەرە لە هەرێمی کوردستان. هەروەها کەمتەرخەمیی دەزگاکانی ئاسایش و سەر بە حکوومەتی هەرێمن کە داگیرکەران بە ئاسانی کارە تێرۆریەکانیان بە ئەنجام دەگەیێنن. بۆیە پێویست و ئەرکیشە لە سەر حکوومەت و دەزگا تایبەتمەدەکانی، ڕێ لەبەر ئەم کردارانە بگرن و تۆمەتباران ئاشکرا بکەن و دادگایی بکرێن.
موردای لە هەڕەتی لاوێتیدا وەک #پێشمەرگە#یەک بەشداری شۆڕشی گەلانی ئێرانی کرد. دوای ئەوەی کۆماری ئیسلامی دەستی بەسەر دەسەڵاتدا گرت، لە ساڵی 1982 مورادی دەستگیردەکرێت و لە زیندانی شاری #مەریوان#ی سەر بە #سنە# زیندانی دەکرێت. بۆ ماوەی دوو ساڵ لە زینداندا مایەوە. دوای ئازادبوونیشی لە خەباتی مەدەنیانە کۆڵی نەدا و لە چالاکیەکانی مافی مرۆڤ لە تێکۆشاندا بوو. بۆیە بەردەوام لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە بەر چاودێری و هەڕەشەدا بوو و سەرەنجام لە ساڵی 2005 ناچار بوو ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەجێبێڵێت و لە شارۆچکەی پێنجوێنی باشوور نیشتەجێ بێت.
ئیقبال مورادی ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان بوو و بەبەردەوامی پێشێلکاری و تاوانەکانی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان لە دژی گەل کورد و کوردستانی ڕادەگەیاند و بەسەر ڕای گشتیی مرۆڤایەتی بڵاوی دەکردنەوە. هەر ئەوەش وای کرد کە لە ساڵی 2018 دا هەوڵی تیرۆرکردنی درا و بریندار کرا.
ئێقباڵ مورادی باوکی زانیار مورادی و مامەی لوقمان مورادی یە. زانیار و لوقمان لە ساڵی 2009 لە زیندانەکانی زوڵم و تیرۆری دەوڵەت دا زیندانیی سیاسیین و سزای لەسێدارەدانیان لەسەر سەپێندراوە.
ئێمە لە کۆمیتەی مافی مرۆڤی #کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان# ک ن ک، دیسانەوە بە توندی تیرۆرکردنی ئیقبال مورادی مەحکووم و شەرمەزار دەکەین و داوا لە دەزگا پەیوەنددارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی مەرکەزیی عێراق دەکەین کە هەرچی زووە تاوانباران و بکوژانی ئیقبال مورادی بدۆزنەوە و ئاشکرای کەن و دادگایی بکرێن.
سڵاو لە گیانی پاکی ئیقبال مورادی و هەموو خۆبەختکراوانی ڕێگای ئازادی و ڕزگاری کوردستان.
نەفرەت لە تیرۆرست و داگیرکەران
کۆمیتەی مافی مرۆڤ
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ک ن ک
#19-07-2018#