رۆژی هەینی خێزانێکی خەڵکی شارۆچکەی #دوکان# بۆ خۆفێنککردنەوە دەچنە ئاوی دەریاچەکە، کچێکی خێزانەکە دەکەوێتە قوڵایی ئاوەکەوە دایکی و یەکێکی دیکە دەیانەوێت ڕزگاری بکەن، بەڵام دایکی کچەکەش دەکەوێتە چاڵەکەوە و دەخنکێن.
دوو ڕۆژە ئەم ڕووداوە لەدەریاچەی دوکان ڕوویداوە و ئێستا پرسەکەیان بەڕێوەدەچێت، مەلا بەکر کە هاوژین و کچەکەی بوونەتە قوربانی ڕووداوەکە پێیوایە نەبوونی ڕێنمایی گەشتیاری و نەبوونی شوێنێکی گونجاو بۆ گەشتیار هۆکاری ڕووداوەکەیە.
ئەبوبەکر سابیر، هاوسەر و باوکی قوربانییەکان بە ڕووداوی ڕاگەیاند: سەرەتا یەکێک چووە ئاوەکەوە لە دەریاچەش تەنکایی نییە، لەناکاو ڕۆدەچێت، یەکێکمان ڕۆچووە ئاوەکەوە دووانەکەی دیکە ویستیان بەهانایەوە بچن، ئیدی خۆم یەکێکیانم دەرهێنایەوە و ئەو دووانەی دیکەمان خنکان.
ساڵی ڕابردوو لەماوەی پێنج مانگ 16 کەس خنکابوون و 16 حاڵەتی بەهاناوەچوون هەبوون، بەڵام ئەمساڵ لەماوەی کەمتر لەدوو مانگ تاوەکو ئێستا هەشت کەس خنکاون نزیکەی 20 حاڵەتی ڕزگاربوونیش تۆمارکراون.
بەرگریی شارستانی بۆ تەواوی ئەو ناوچە گەشتیارییانە تەنیا 18 کارمەندیان هەن، ڕێکان جەمال، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی #سلێمانی# دەڵێت: تیمی مەلەوانی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان چوار تیمن، ژمارەی کارمەندەکانمان هەژدەیە، دابەشبوون بەسەر هەر چوار ناوچەی دوکان و #دەربەندیخان# و ئاغجەلەر و #چەمچەماڵ#، ئەم تیمانە ڕاهێنانیان پێکراوە.
بەهۆی زۆری ڕووداوەکانی خنکانەوە یەکەی ئیداری شارۆچکەی دوکان چەند ڕێوشوێنێکی تووند لە ناوچە گەشتیارییەکان و کەپرەکانی سەر زێی بچووک دەگرنەبەر.
زۆرترین ئەو کەسانەی لە دەریاچە و زێی دوکان و ناوچە گەشتیارییەکانی باشووری کوردستان دەبنە قوربانی گەشتیارانی باشوور و ناوەڕاستی عێراقن و نەبوونی شارەزاییان بە جوگرافیای ناوچەکە و پابەند نەبوون بەرێنماییە گەشتیارییەکان ساڵانە هۆکاری ئەو ڕووداوانەن.[1]
#23-07-2018#