ڕێژەی سەوزایی شارۆچکەی #چەمچەماڵ# تەنها %4-ە، ئەمەش بەبۆچوونی ژینگەپارێزانی شارۆچکەکە، کاریگەریی هەیە لەسەر پیسبوونی ئاوهەوای شارۆچکەکە و بەرزبوونی پلەکانی گەرما و سیمای شارۆچکەکە، سەرۆکی شارەوانیی چەمچەماڵیش دانیپێدادەنێت، کە وەک پێویست نەیانتوانیوە گرنگیی بە ڕێژەی سەوزایی شارۆچکەکە بدەن.
کەمیی ڕێژەی سەوزایی لە سنوری شارۆچکەی چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای #سلێمانی#، کاریگەریی جیاوازی بەسەر شارۆچکەکەوە جێهێشتووە، لەئاست ڕێژەی سەوزایی ستانداردی جیهانیی بۆ شارەکان کە %15-یە، ڕێژەی سەوزایی چەمچەماڵ تەنها %4-ە.
مەعروف مەجید، سەرۆکی ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە، هۆکارەکانی کەمیی ڕێژەی سەوزایی لە شارۆچکەی چەمچەماڵ، بۆ چەند هۆکارێک دەگێڕێتەوە، کە بریتین لە وشکەساڵیی، کەمتەرخەمیی لایەنە پەیوەندیدارەکان، ئاونەدانی پێویستی دارودرەختەکان، دیاردەی ئاژەڵداریی لەناو شارۆچکەکە و ئاگرکەوتنەوە.
مەعروف مەجید، بۆ ڕۆژنیوز وتی: بەرزکردنەوەی ئاستی سەوزایی تەنها بە شارەوانی و ڕێکخراوەکانی بواری ژینگە ناکرێت، بەڵکو دەبێت تاک بەتاکی کۆمەڵگا هەست بەبەرپرسیارێتی بکەن و ببن بەژینگەپارێز.
سەرۆکی ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە، کاریگەرییەکانی کەمی ڕێژی سەوزایشی دەستنیشانکرد، بەوەی کە کاریگەریی هەیە لەسەر سیمای شارۆچکەکە و پیسبوونی ئاوهەواکەی و بەرزبوونی پلەکانی گەرماش لە شارۆچکەکە.
ئارام نەجات، سەرۆکی شارەوانی چەمچەماڵ، بۆ ڕۆژنیوز ڕێژەی سەوزایی شارۆچکەکەی بە %4 دیاریکرد و هۆکارەکەشی بۆ قەیرانی دارایی گەڕاندەوە، چونکە بەوتەی خۆی: زیاتر گرنگیی بە پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی وەک ئاو و ئاوەڕۆ و قیرتاوکردن دراوە، دەرفەت نەبووە گرنگیی بە لایەنی سەوزایی سنوورەکە بدرێت.
سەرۆکی شارەوانی چەمچەماڵ، ئەوەشی خستەڕوو، کە لە کارنامەیاندایە %20ی داهاتی شارەوانییەکەیان بۆ بەرزکردنی ڕێژەی سەوزایی شارۆچکەکە تەرخان بکەن، بۆ بەرزکردنەوەی ڕێژەی سەوزایی شارۆچکەکەش، لەئێستادا سەرقاڵی دروستکردنی دوو باخچەن، ڕاشیگەیاند: بەو داهاتی %20ی شارەوانییەکەمان، کار بۆ دروستکردنی پشتێنەیەکی سەوزایی دەکەین بەدەوری چەمچەماڵدا.[1]
#23-07-2018#