هەرێمی کوردستان بووەتە جێگەیەکی نائارام بۆ چالاکوانانی سیاسی و ڕۆژنامەنووسان و نەیارانی حزبە دەسەڵاتدارەکان، لەو چوارچێوەیەشدا چەندین چالاکوان و ڕۆژنامەنووس تیرۆر کراون، هەرچەنە یاساکانی هەرێم کە تایبەتن بەتیرۆر، سزایان بۆ بکەران داناوە، بەڵام زۆرینەی کەیسەکان بە کراوەیی ماوەتەوە.
دواترین تیرۆر لە هەرێمی کوردستاندا، ڕۆژی 18ی ئەم مانگەبوو، کە ئیقبال مورادی، چالاکوانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە سنووری شارۆچکەی #پێنجوێن# تیرۆرکرا و تەرمەکەی دۆزرایەوە، ئەمە لەکاتێکدایە، کە لەمێژووی باشوری کوردستان و هەرێمی کوردستاندا، چەندین حاڵەتی هاوشێوە ڕوویانداوە.
ئیقبال مورادی، چالاکوانی سیاسیی و ئەندامی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانە و خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، بەڵام بەهۆی فشارەکانی دەسەڵاتداریی ئێرانەوە، ماوەی چەند ساڵێکە نیشتەجێی شارۆچکەی پێنجوێنە.
ناوبراو باوکی زانیاری مورادی و مامی لوقمانی مورادییە، کە دوو گیراویی سیاسیی کوردن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سزای سێدارە دراون.
$یاسای تیرۆر لە هەرێمی کوردستان$
یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە هەرێمی کوردستان، لەساڵی 2006 لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەرکرا، یاساکە بۆ ماوەی دووساڵ دەرکراوە، لەوکاتەوە هەر دووساڵ جارێک بڕیاری کارابوونی نوێدەکرێتەوە لە پەرلەمانەوە.
$لە یاساکەدا تیرۆر بەم شێوەیە پێناسەکراوە$
کردەی تیرۆر بەکارهێنانی توندوتیژی سازدراوە، هەڕەشەپێکردنییەتی، هاندانە بۆی، یان پێهەڵدانییەتی، کە تاوانکار پەنای بۆ دەبات بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەیەکی تاوانکاری، کە کەسێک یان کەسانێک پێی هەڵدەستن وتا کێک یان کۆمەڵە کەسێک دەکەنە ئامانج، یان هەر بە هەڕەمەکی ئەنجامی دەدەن بەنیازی نانەوەی تۆقاندن و ترس و شڵەژان.
لەمادە دووی یاسای تیرۆردا، کردەوە تیرۆرستیەکان ناساندراون و سزای لە سێدارەدانیش بۆ کردەوەکان داندراوە.
لە بەندی دووی مادەی دوودا هاتووە، تیرۆرکردن بە مەبەستی سیاسی، ئایدۆلۆژی، یان بەکافردانان بە کردەوەی تیرۆرستی ئەژمار دەکرێت، هەروەها لە بەندی حەوتەمی مادەی دوودا هاتووە، هاوکاریکردن لەگەڵ وڵاتێکی بیانی هەر ڕێکخرا و کۆمەڵە و باند و بنکەیەک بێت، یان کۆمەڵێکی دەرەوەی وڵات یان کار بۆ بەرژەوەندی هەریەکێکیان بۆ ئەوەی تاوانێک لەو تاوانانەی لەم یاسایەدا دەقنوسکراون ئەنجام بدات، بە تیرۆر ئەژماردەکرێت و سزاکەی لەناوبردنە- سێدارەیە.
$بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە هەرێمی کوردستاندا$
لە هەرێمی کوردستاندا بێجگە لەوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر هەیە، چەندین دەزگای دژە تیرۆر و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریش هەیە، کە کاریان ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و کرداری تیرۆرستییە لە هەرێمی کوردستان، بۆنمونە دەزگای دژەتیرۆر و دەزگای ئاسایش و پاراستنی هەرێم و دەزگاکانی ئاسایش و چەندین دام و دەزگای دیکەی سیخوڕی سەر بە دەسەڵات هەیە.
$چەند جۆرێک تیرۆر لە هەرێمی کوردستاندا هەیە$
لەهەرێمی کوردستاندا سێ جۆر تیرۆر هەیە، تیرۆرێک هەیە کە لەلایەن ڕێکخراوە تیرۆرستیەکانەوە ئەنجام دەدرێت، وەک نمونەی ڕێکخراوی ئەلقاعیدە و #داعش# ئەو ڕێکخراوانەی کە لە ڕابردوودا هەبوون، ئەم جۆرە تیرۆرە لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و هێزی #پێشمەرگە# و هێزەکانی دیکەی پەیوەندیدارەوە بەرگری کراوە و زۆرجار لەدوای ئەنجامدانی کردارێکی تیرۆرستی بە ماوەیەکی کەم سەرەداوی ئەنجامدەران و شێوازی ئەنجامدانی کردارە تیرۆرستییەکە و ئەو کەرەستەیەی تاوانەکەی پێئەنجام دراوە دۆزراوەتەوە و بۆ ڕای گشتی ئاشکرا کراوە، بۆنمونە تەقینەوەی تەنکەرێک لەبەردەم ئاسایشی #هەولێر#، کە لەپاش ماوەیەکی کەم جۆری ئەو ئوتومبێلەی تەقییەوە و چۆنیەتی کردارەکە ڕئاشکرا کران.
جۆرێکی دیکەی تیرۆر لە هەرێمی کوردستان ئەو جۆرە تیرۆرەیە کە ئەجام دەدرێت و خزمەت بە بەرژەوەندی حزبە دەسەڵاتدارەکان ناکات، بەڵام زیانێکی ڕاستەوخۆشیان پێناگەیەنێت، بۆنمونە، ساڵی ڕابردوو کە بۆمبێک لەبەردەم کەناڵێکی میدیایی حزبێکدا تەقێندرایەوە لەپاش تێپەڕبوونی چەند ڕۆژێک ئاسایشی هەولێر ئەنجامدەری تەقینەوەکەی ئاشکراکرد و دەستگیریشی کرد، هەر لە ساڵی ڕابردوودا کە ئەندامێکی باڵا کۆمسیۆن و هەرڵبژاردنی هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر تیرۆرکرا، کە هاوکات ئەندامی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بوو، گومانەکان دەچونەوە سەر ئەوەی لەلایەن #پارتی دیموکراتی کوردستان#-عێراق، تیرۆرکرابێت، بۆیە ئاسایشی هەولێر لەماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا، ڤیدیۆیەکی کوالێتی بەرزی لەسەر چۆنییەتی تیرۆرکردنەکەی بڵاو کردەوە، ناسنامەی ئەو کەسانەی کردارە تیرۆرستییەکەیان ئەنجام داوە و چۆنییەتی ئەنجامدانی تیرۆرەکەی تێدابوو.
جۆری سێیەم لە تیرۆر لە هەرێمی کوردستان تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسان و نووسەران و چالاکوانانی سیاسی کوردستانە، کە ئەم جۆرە تیرۆرانە یان ئەنجامدەرانی ئاشکرا ناکرێن، یاخود ئەنجامدەری سەرەکی ئاشکرا ناکرێت، لە ساڵی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە لە هەرێمی کوردستان بەدەیان کادیر و ئەندامی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و باکوری کوردستان تیرۆر کراون و هیچ کات ئەنجامدەرانی ئەو کردەوە تیرۆرستیانە نەدۆزراونەتەوە.
ڕۆژنامەنووس #سۆران#ی مامە حەمە، لە ڕۆژی 21/7/2008 لە شاری #کەرکووک# لە ماڵەکەی خۆیادا تیرۆر کرا، لە هەمان ساڵدا نووسەر عەبدولستار تاهیر، لەشاری کەرکووک تیرۆر کرا، ئەوەش لەدوای ئەوەی چەندین جار هەڕەشەی کوشتنیان لێکرابوو، بەڵام هەتاوەکو ئێستا بکەرانی ئەو کارە تیرۆرستیانە ئاشکرا نەکراون.
لە 11/5/2010 ڕۆژنامەنووس #سەردەشت# عوسمان، بە تیرۆرکراوی لە سەر ڕێگای شاری #موسڵ# دۆزرایەوە، ئەویش گوماندەکرێت لە بەرامبەر ئەو وتارە ڕەخنەییە تەنزئامێزانەی کە لە سایتی کوردستان پۆست دەینوسی تیرۆر کرابێت، پێش ڕفاندنی لەبەردەم زانکۆی سەڵاحەدین لەشار هەولێر و تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان، چەندین جار هەڕەشەی کوشتنی لێکرابوو، سەرۆکی زانکۆ و بەڕێوبەری پۆلیسی هەولێری لە هەڕەشەکان ئاگادار کردبووەوە، بەڵام وەک بنەماڵەکەی دەڵێن تا ئێستا کەس دەستگیرنەکراوە و لێپرسینەوەی لینەکراوە.
ڕۆژنامەنووس کاوە #گەرمیان#ی، لە 5/12/2013 لە شارۆچکەی #کەلار# تیرۆر کرا، لە ماڵەکەی خۆیاندا، هەرچەند کەسێک لەسەر کەیسی تیرۆرکردنەکەی دەستگیرکراوە، بەڵام بنەماڵەکەی پێیان وایە ئەوە کەسی سەرەکی پشت تیرۆرکرنی کوڕەکەیان نییە و ئەوانیش ڕایدەگەیەنن، کە کەیسی کوڕەکەیان بەکراوەیی دەهێڵنەوە.
وەدات حسێن، پەیامنێری ئاژنسی ڕۆژنیوز لە 13/8/2016 لە شاری #دهۆک# ڕفێندرا و تیرۆر کرا، هەرچەند دەیان کامێرای چاودێری لە شوێنی ڕووداوەکە هەیە، بەڵام وێنەی هەموو ئەو کامێرانە سڕاونەتەوە و هیچ بەڵگەیەک بەجێ نەهێڵدراوە، تاوەکو ئێستاش هیچ کەس لەسەر تیرۆرکردنی دەستگیر نەکراوە و لە ڕاپۆرتی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانیشیدا بە ڕێکخراوترین تێرۆر لە مێژووی هەرێمی کوردستاندا ناسێندرا.
دکتۆر هۆشیار، زانای ئاینی 22/11/2016 لەشاری هەولێر تیرۆرکرا، هیچ سەرەداوێکی باوەڕپێکراو لەسەر تیرۆکردنەکەی ئاشکرا نەکراوە.
هەروەها شوکری زەینەدین، کامێرامانی کەناڵی کەی ئێن ئێن، لە 1/12/ 2016 لەپاش چوار ڕۆژ لە دیارنەمانی بە کوژراوی لە نزیک شیلادزێ دۆزرایەوە، دەزگای ئاسایشی ئەو ناوچەیەش ڕایگەیاند، کە ڕۆشتووە بۆ ڕاو و بەراز پەلاماری داوە.
کەمال شێخ سادق، ناسراو بە (کەمالە خڕەی پێنجوێن یان کەمال پێنجوێنی) لە 13/4/2016 لە شارۆچکەی پێنجوێنی سەر بە پارێزگای #سلێمانی#، ڕفێندرا، بۆ ڕۆژی دواتر تەرمەکەی لەنزیک پردی (گۆخڵان) سەر بەشارەدێی گەرمەکی پێنجوێن دۆزرایەوە، ئێوارەی هامان ڕۆژ ئاسایشی پێنجوێن دووکەسی بە تۆمەتی تیرۆرکردنی دەستگیرکرد، کە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- ن، بەڵام تا ئێستاش هۆکاری تیرۆرکردنەکە بۆ ڕای گشتی ئاشکرا نەکراوە، کەسوکاری ناوبراو و #پژاک#، تیرۆرکردنی کەمال-یان ختسە ئەستۆی کۆماری ئیسلامی ئێران.
$ئەنجام$
بە سەرنجدان لە شێوازی ئەو تیرۆرانەی لە هەرێمی کوردستاندا ئەنجام دەدرێت، دەردەکەوێت تیرۆری سیاسی و ئایدۆلۆژی کە لە بەندی دووی مادەی دووی یاسای بەرەنگار بوونەوەی تیرۆرداپێناسە کراوە و بە تیرۆر ناسێندراوە، مەترسیدارترین جۆری تیرۆرە لە هەرێمی کوردستان، چونکە ئەنجامدەرانی نادۆزرێنەوە و بەردەوام نووسەران و ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان مەترسی ئەو جۆرە تیرۆرەیان لەسەرە.
جۆری دووهەم لە تیرۆرە مەترسیدارەکان لە هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت، ئەو جۆرە تیرۆرەیە کە لەبەندی حەوتی مادەی دووی یاسای بەرەنگار بوونەوەی تیرۆر پێناسەکراوە، ئەویش هاوکاریکردن و ڕێنیونکردی دەزگا و ڕێکخراوەکانی وڵاتانی دەروەی هەرێمە بۆ ئەنجامدانی کاری تیرۆر و تۆقاندن لە هەرێمی کوردستان، ئەوەش لە تیرۆرکردنی چالاکوانانی سیاسی هەرێمی کوردستاندا دەردەکەوێت کە جۆرێکی مەترسیداری تیرۆرە لە هەرێمی کوردستان کە بکەرانی نادۆزرێنەوە و بەردەوام دووبارە دەبنەوە.
هەرچەند هەموو جۆرەکانی تیرۆر مەترسین بۆسەر ژیانی تاکەکانی کۆمەڵگە، بەڵام ئەو دوو جۆرە تیرۆرەی کە باسمان کرد مەترسیدارترن تیرۆرن، چونکە دەسەڵاتی سیاسی هەرێم دژیان ناوەستێتەوە، یاخود گومان دەکرێت لەلایەن ئەوانە ئەنجام بدرێت.[1]
#23-07-2018#