بە مەبەستی دەستبەکاربوونیان لە کێڵگە نەوتییەکانی پارێزگای #دهۆک#، نوێنەری کۆمپانیای ڕۆسنێفت لە کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەی پارێزگاکە کۆبووەوە. بڕیارە لە مانگی داهاتوودا لە سێ کێڵگەی ئەو پارێزگایە دەست بە کارەکانیان بکەن. مەزەندە دەکرێ کۆمپانیاکە ڕۆژانە 180 هەزار بەرمیل نەوت لەو سێ کێڵگەیە بەرهەمبێنێ.
بەهزاد عەلی ئادەم، جێگری پارێزگاری دهۆک کە بەشداریی کۆبوونەوەکەی کردووە، بە (رووداو)ی ڕاگەیاند: لەگەڵ نوێنەرانی کۆمپانیای ڕۆسنێفت باسی ڕێکارە ئیدارییەکانمان کرد، بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کەمپەکانی خۆیان لەو شوێنانە دابنێن کە کاری تێدا دەکەن.
بە گوتەی جێگری پارێزگاری دهۆک، کۆمپانیا ڕووسییەکە لە سێ شوێن کار دەکات، ئەوانیش: ناوچەی باتلێ لە شارۆچکەی سێمێل، ناوچەی زاویتە لە سنووری شارۆچکەی ناوەندی دهۆک، ناوچەی سەرسنگ و چەمانکێ لە قەزای #ئامێدی#.
بەهزاد عەلی پێیوایە کارکردنی ئەو کۆمپانیایە سوودێکی زۆری بۆ دانیشتووانی ناوچەکە دەبێ و دەڵێت قسە لەگەڵ کۆمپانیاکە دەکەن بۆ ئەوەی هەلی کار بۆ خەڵکی ناوچەکە بڕەخسێنن.
یەکەمین شوێن کە حکومەتی هەرێمی کوردستان نەوتی لێ دەرهێنا کێڵگەی تاوکێ بوو لە سنووری قەزای #زاخۆ#. بەگوتەی جێگری پارێزگاری دهۆک ئێستا پێنج کۆمپانیای نەوت لە سنووری قەزای دهۆک کار دەکەن، ئەوانیش کۆمپانیاکانی دی ئێن ئۆ، ئیکسۆن مۆبیل، گۆڵف کیستن، ئێج کەی ئێن و کۆمپانیای کار.
دڵشاد شەعبان، جێگری سەرۆکی لێژنەی سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی ئاماری بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: ئێستا ڕۆژانە هەرێمی کوردستان لە هەر سێ پارێزگای دهۆک، #هەولێر# و #سلێمانی# نزیکەی 350 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدێنێ، نزیکەی 270 هەزار بەرمیل هەناردە دەکرێ و ئەوەی دیکەش لە نێوخۆدا بەکاردەهێنرێ. لەو نەوتە ڕۆژانە 185 هەزار بەرمیل لە سنووری پارێزگای دهۆک دەردەهێنرێ.
دڵشاد شەعبان باسی گرنگیی هاتنی کۆمپانیای ڕۆسنێفتی بۆ دهۆک کرد و گوتی: هاتنی هەر کۆمپانیایەک ئاماژەیەکی ئەرێنییە بۆ زیادبوونی بەرهەمهێنانی نەوت، سوودیشی بۆ خەڵکی ناوچەکە دەبێ، چونکە بەپێی یاسای نەوت و غاز سندووقێک بۆ ئەو ناوچانە دادەنرێ کە نەوتی لێ دەردەهێنرێ، دوو دۆلاری هەر بەرمیلێک کە لەوێ دەردەهێنرێ دەخرێتە نێو سندووقەکە، بەشێکی بۆ پرۆژەی خزمەتگوزاری بۆ ناوچەکە خەرج دەکرێ، بەشێکیشی هەڵدەگیرێ بۆ نەوەکانی داهاتوو، بەڵام بە داخەوە هەتا ئێستا کار بەو ماددەیە نەکراوە.
دڵشاد شەعبان باسی هۆکاری جێبەجێنەکردنی ئەو یاسایە دەکات و دەڵێت: سندووقەکە پێویستی بە کارمەند و کردنەوەی فەرمانگەی تایبەت بە سندووقەکە هەیە لەو شوێنانەی نەوتیان لێ دەردەهێنرێ، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە دامەزراندن و کردنەوەی فەرمانگەی نوێ ڕاوەستاوە.
د.بێوار خنسی شارەزای بواری وزە، کارکردنی ڕۆسنێفت لە دهۆک بە گرنگ وەسف دەکات و دەڵێت: گرنگییەکەی تەنیا زیادبوونی بەرهەمی نەوت نییە، بەڵکو لە ڕووی سیاسیشەوە بۆ کوردستان گرنگە، چونکە ڕۆسنێفت تەمسیلی حکومەتی ڕووسیا دەکات، لە هەر شوێنێک کار بکات، نیشانەی ئەوەیە کە ئەو شوێنە ئارام و پارێزراوە.[1]
#24-07-2018#