مامۆستا سەعید سدقی کابان کەسایەتییەکی گەورەی پەروەردەیی کوردستانە و زیاتر لەنیو سەدە خزمەتی بەرەوتی خوێندن و پەروەردە و ڕێزمانی کوردی کرد.
مامۆستا سەعید لەبنەماڵەی کابانە، ئەو بنەماڵە دیارەی شاری #سلێمانی# کەزیاتر لەیەک سەدەیە لەخزمەتی کۆمەڵی کوردەواریدان و دەیان کەسایەتی سیاسی و ڕووناکبیری و هونەری و پەروەردەیی و کۆمەڵایەتیان تێدا هەڵکەوتووە و لەکایە و ڕشتە جیاجیاکاندا خزمەتیان بە گەل و نیشتمانەکەیان کردووە.
سەعید کابان بەسەرقافڵەی ئەو بنەماڵە هێژایە دادەنرێ کە لەمەیدانی زمان و پەروەردەدا خزمەتێکی زۆری کردووە و بەیەکەم کەس دادەنرێ لە کوردستانی باشووردا کە لەسەر ڕێزمانی کوردی نووسیوە و دوو پەڕتووکی لەوبارەیەوە نووسیوە ئەوانیش پەڕتووکەکانی (گوڵزار و موختەسەری سەرف و نەحوی کوردی) ن.مامۆستا زێوەری شاعیر بۆ بەرز نرخاندنی ئەو بەرهەمەی مامۆستا سەعید کابان، لەسەر دەستنووسەکەی بەخەتی خۆی ئەم شیعرەی بۆ نووسیوە:
تەماشاو دەیقەتم کرد، دەکەم تەحسینی ئەفکارت
موبارەک بێ لەمیللەت ئەی ڕەفیقم تازە ئاسارت
لەمەیدانی مەعاریفدا لەبۆ ئەم میللەتی کوردە
حەقیقەت باغەبانیت کرد بمێنێ باغ و گوڵزارت
کە سەرفی هیممەتی خۆت کرد لەسەرف و نەحوی کوردیدا
لەتەئریخی هەزار و سێ سەد و سی و هەشتی هیجریدا
مەتاعی قاعیدەی کوردیت نیشان دا بۆ خڕیدارت
بەپێی شیعرەکەی زێوەر مامۆستا کابان پەڕتووکی موختەسەری سەرف و نەحوی کوردی لە ساڵی 1919 نووسیو ەو ساڵی 1928 لە چاپخانەی نەجاح لە بەغدا لەسەر ئەرکی خۆی چاپی کردووە.
شانازییەکی دیکەی مامۆستا سەعید ئەوەیە کە لە سەرەتای بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا لەسەر دەستی ئەمدا خوێندن لە حوجرەوە گوازرایەوە بۆ قوتابخانەی ئاسایی.
مامۆستا سەعید کابان لە ساڵی 1866 لە شاری سلێمانی لەدایک بووە.
هەر لە سلێمانی خراوەتە بەر خوێندنی ئایینی و ماوەی 15ساڵ خوێندویەتی و مۆڵەتی مەلایەتی وەرگرتووە.
دواتر چووەتە شاری #موسڵ# و لەخانەی مامۆستایان تاقی کراوەتەوە و بەپلەی نایاب دەرچووە و بڕوانامەی دراوەتێ کە وەک مامۆستای قوتابخانە وانە بڵێتەوە.
لە دوای ئەوە بووە بەمامۆستا لە سلێمانی و لەقوتابخانەکانی ڕوشدیەی عەسکەری و تەشویقیە و سەعادەت و خالیدیە و مەحمودیە و نموونەیی و قوتابخانەی یەکەم وانەی وتۆتەوە.
لەدەرەوەی سلێمانیش لە #سەرگەڵو# و #قەرەداغ# و #قەمچوغە# مامۆستا بووە.
ساڵی 1936 خانەنشین کراوە.
لە دوای خانەنشینکردنیشی هەر بەردەوامە بووە لەخزمەتکردنی پەروەردەیی و لەسەر داوای پیرەمێردی نەمر ئەرکی بەڕێوەبەریی قوتابخانەی زانستیی ئێوارانی لەئەستۆ گرتووە و خزمەتی بە خوێندن و پەروەردە کردووە.
ئەم کەسایەتییە هەڵکەوتووەی کوردستان، دوای خزمەتێکی زۆر بەخوێندن و پەروەردە و زمانی کوردی لە 5ی تەمووزی 1961 لە تەمەنی 95 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد و لە #گردی سەیوان# بەخاک سپێردرا.
سەرچاوە:
1- مستەفا ساڵح کەریم - گوڵەوەچنی 2017-
2- هەندێ زانیاری مامۆستا نەجمەدین عەلی بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی پەروەردەی سلێمانی[1]