حاجی ئیسماعیل دوایین گوندنشینی کورد بوو لە دەوروبەری دوبز کە ناچار بوو لە ترسی هەڕەشە و چاوسوورکردنەوەی توندئاژۆکان و عەرەبە هاوردەکان زێدی خۆی جێبهێڵێ. ئێستا گوندەکانی دەوروبەری شارۆچکەی دوبز خاڵین لە کورد.
گوندی قوشقایە، سەر بە شارۆچکەی دوبزە لە پارێزگای سەلاحەدین، نزیکەی 70 خێزانی کورد لەوێ دەژیان کە زۆربەیان خەریکی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری بوون، بەڵام لەدوای 16ی ئۆکتۆبەری 2017، ڕۆژگاری ئارامی و دڵنیایی ئەوان شێوا. چونکە بە دوورکەوتنەوەی #پێشمەرگە#، گرووپی توندئاژۆکان کەوتنە تەراتێن لەناوچەکەدا و ئەوەش دەرفەت بوو بۆ ئەو عەرەبە هاوردانەی هێشتا خەونی دەستگرتنەوە بەسەر زەوی کورداندا کەللەی جێنەهێشتوون.
حاجی ئیسماعیل عومەر، ساڵی 1934 لە گوندی قوشقایە لەدایکبووە، بەڵام ئێستا بەهۆی نەبوونی پشت و پەناوە، ناچارە کەلوپەلەکانی ماڵەکەی کۆبکاتەوە و لە تراکتۆرێک باری بکات و ڕووبکاتە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری #کەرکووک#. ئەمە دەبێتە سێیەمین جار کە بە ناچاری گوندەکەی جێدەهێڵێ. یەکەمجار ساڵی 1963، دووەمجاریش لە ساڵی 1988.
ئەو گوندنشینە کوردانەی زۆربەیان هاوماڵ و دۆستی حاجی ئیسماعیلن و پێش ئەو سەری خۆیان هەڵگرتووە، باس لەوە دەکەن کە لەوەتەی گوندەکانیان جێهێشتووە، زەوییەکانیان کەوتوونەتەوە دەست عەرەبنشینەکان، ئێستا گوندی مامە و عەلە غێر، بەتەواوی بوونەتە عەرەبنشین.
حاجی ئیسماعیل دەڵێ: ساڵی 2003 کاتێک لە #هەولێر#ەوە گەڕاینەوە گوندەکەمان چەند دڵمان خۆش بوو. پێمانوابوو ئیدی باقی تەمەنمان لێرە بەسەر دەبەین، بەڵام ئەوەتا لەدوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە عەرەبەکانی پڕۆسەی تەعریب هاتوونەتەوە بۆ ئەو گوندە و جارێ بە پۆشاکی سەربازی و جارێکی دیکە بەناوی #داعش#ەوە دێن و هەڕەشەی جێهێشتنی گوندیان لێدەکردین. بەوجۆرە حاجی ئیسماعیل چیدی نەیتوانی لە گوندەکەی بمێنێتەوە.
هێشتا بەشێکی زۆر لە حیزبە کوردییەکان لەنێو شاری کەرکووک بارەگایان هەیە، بەڵام هەموو هەوڵەکان بۆ ڕێگەگرتن لەو شاڵاوەی لە سایەی بێدەنگیی سوپای عێراق و گرووپەکانی #حەشدی شەعبی#یەوە بەڕێوەدەچێ، بێسوود بوون.
مەلا فەرمان، ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی #بزووتنەوەی گۆڕان# لە کەرکووک، پێیوایە پرۆسەی بەعەرەبکردن لە گوندەکانی سنووری #داقوق# و #خورماتوو#ەوە دەستیپێکردووە و بەم جۆرەی ئێستا درێژە دەکێشێ تاوەکو ناوچەکانی پردێ و شوان و ساڵەیی و قەرەهەنجیریش.
ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان هەروەها دەڵێ، ئەو عەرەبانەی ئێستا دێنە سەر ماڵە کوردەکانی ئەو گوندانە عەرەبی شیعەن و لە هۆزی ئەلبودێرن کە پێشتر حکومەتی سەدام لە باشوور و ناوەڕاستی عێراقەوە هاوردەی کەرکووکی کردبوون. ئێستاش بەپشتیوانی حەشدی شەعبی و پۆلیسی فیدراڵی و سوپا بەئاسانی دەتوانن بەئامانجەکانیان بگەن، هەر بۆیە جگە لە دەرکردنی کورد ناوی گوندەکانیشیان گۆڕیوە بە عەرەبی، بۆ نموونە ناوی گوندەکانی مامە و عەلەغێریان کردووەتە زەهرا و عززە.
دەیان خێزانی ئاوارەی خورماتوو و کەرکووک لە #سلێمانی# و هەولێرەوە سۆراخی گەڕانەوە دەکەن، لەولاشەوە ڕۆژانە گوندنشینە کوردەکانی خورماتوو و داقوق، لە سلێمانی و هەولێر بەدوای خانووی کرێدا دەگەڕێن.
عەبدووڵا نورەدین، قایمقامی دوبز کە ئێستا بەهۆی ئەو دۆخەوە لەمۆڵەتدایە و مەترسی دوورخستنەوەی لەسەرە، ڕایگەیاند: 65 گوند لە سنووری قەزای دوبز هەن زیاتر لە 30 گوندیان کوردنشینن و بەشێک لە گوندەکانی دیکەش کورد و عەرەب بەهاوبەشی دەژین. لە تەواوی ئەو گوندانەی فرەپێکهاتەن، کورد لەژێر هەڕەشەدا ناوچەکانیان جێهێشتووە و هەر 30 گوندەکەش یان کوردیان تێدا نەماوە یان چەند ماڵێکی کەم ماون، یان هاوشێوەی پەڵکانە لە سنووری سەرگەڕان دانیشتووانەکەی بەرگرییەکی بەهێز دەکەن لە بەرامبەر هەڕەشەی عەرەبە توندڕەوەکانی ناوچەکە.[1]
#25-07-2018#