لە 11 مانگدا نزیکەی 74 هەزار هاوڵاتی هەرێمی کوردستان بەهۆی خراپی قەیرانی دارایی و سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆچیان بۆ وڵاتانی دەرەوە کردووەو کۆچکردنیش بەردەوامیی هەیە.
لە دوای ئەوەوەی ڕیفراندۆم کرایە ڕۆژەڤی میدیاکان، کۆچکردن بەرەوە ئەوروپا بەڕێژەیەکی زیاتر لەجاران دەستیپێکردەوە، بە جۆرێک لە مانگی 8ی ساڵی ڕابردووەوە تا مانگی شەشی ئەمساڵ، 73هەزار و 609 هاوڵاتی هەرێمی کوردستانیان جێهێشتووە.
لە سەروبەندی ڕیفراندۆم و دواتریشدا، هاوڵاتیان چەندین خۆپیشاندانیان ئەنجامدا تاوەکو ژیانیان باشتر بێت، بەڵام حکومەتی هەرێم هیچ گۆڕانکارییەکی لە ژیانی خەڵکدا نەکرد و هاوڵاتیانیش بەهۆی ئەو کێشانەوە ڕێگەی تورکیا و ئەوروپا-یان بە قاچاغ گرتووەتەبەر.
دوای ڕیفراندۆم کۆچی هاوڵاتیان زیاتر بوو
بە پێی ئەو ئامار و زانیاریانەی کە لەلایەن ئاری جەلال، سەرپەرشتیاری فیدراسیۆنی پەنابەرانی سەراسەری عێراقی هەرێمی کوردستان دەست ڕۆژنیوز کەوتووە، لە مانگی 8 هەتاوەکو 12ی ساڵی 2017 بەهۆی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی 25ی ئەیلول(ئەنجامدانی ڕیفراندۆم) وە ڕوداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر(هێرشی #حەشدی شەعبی# و سوپای عێراقی بۆ سەر شاری #کەرکووک# و ناوچە دابڕێنراوەکان) ڕێژەی کۆچی هاوڵاتیان 49 هەزار و 979 هاوڵاتی بووە.
کۆچکردن بەردەوامیی هەیە
لە ماوەی شەش مانگی ئەمساڵیشدا 23 هەزار و 710 کەس بەرەو وڵاتانی دەرەوە بە ڕێگەی قاچاغ کۆچیان کردووە.
کۆچکردن بە ڕێگەی قاچاغ، مردن و دەستگیرکردنتی تیایە
لە ئەسینا و ساڵۆنیک-ی یۆنان، لە کەمپەکاندا زیاتر لە 10 هەزار عێراقی هەیە، وە لە گرتووخانەکانی تورکیا و سوریا لە ئەدلیب و غازی عەنتاب و ئەزمیر و چەنەکەلە و بۆدروم، چەندین گیراو هەیە کە ڕێژەکانیان دیاریکراو نییە و گۆڕانکاری بەسەردا دێت.
تا ئێستا هیچ ئامارێکی ورد لەسەر ڕێژەی مردن و بێسەروشوێن بوونی کۆچکردووان لە ساڵی ڕابردوو ئەمساڵدا نییە، بەڵام بەپێی ئامارەکان، لەسەرەتای هاتنی چەتەکانی #داعش#ەوە 550 هەزار کەس بەشێوەی فەرمی داوانامەی مافی پەنابەرێتیان پێشکەشی وڵاتانی ئەوروپا کردووە.
هەروەها کۆی گشتی ئەو پەنابەرانی کە لە حەوت ساڵی ڕابردوو بە هۆکاری جۆراوجۆر گیانیان لەدەستداوە، 278 کەس بوون، کە 145 کەسیان تەرمیان دیاربووە و تەرمەکانیان گەڕاوەتەوە هەرێمی کوردستان، 133 کەسیشیان چارەنووسیان نادیارە و تەرمەکانیان دیار نییە و بەردەوام بە دوایاندا دەگەڕێن.[1]
#26-07-2018#