ئاوی زێی بچووک لەدوای گرتنەوەی لەلایەن ئێران، ئاستەکەی لە 111 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا، کەمبووەتەوە بۆ دوو مەتر سێجا، بۆیە بە دروستکردنی بەربەستی بەردین، کێشەی کەمی ئاوی خواردنەوە بەشێوەیەکی کاتی چارەسەرکراوە.
محەممەد حەسەن، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی #قەڵادزێ# دەڵێ پێویستە چارەسەرێکی هەمیشەیی بکەین... ئەمەش پێویستی بە بڕێک پارە هەیە و، لەسەرووی خۆمانەوە داوامان کردووە. بۆ ئەوەی چارەسەرێکی هەمیشەیی بۆ پرۆژەکە بکرێت و ساڵانی داهاتوو کێشەمان بۆ دروست نەبێت، 200 هەزار دۆلاری تێدەچێت.
بەنداوەکانی ئێران بەتەواوی سیمای ناوچەکەیان گۆڕیوە، ڕێڕەوی زێی بچووک وشک بووە و، هێندەی چەمێک ئاوی تێداماوە.
مستەفا ئەحمەد، زیاتر لە 15 ساڵە لە کەناری ئاوی زێی بچووک کشتوکاڵ دەکات. ساڵانی پێشتر ئاوی زێکە سەرچاوەی سەرەکی ئاودێریی باخەکانی بوو، بەڵام ئەمساڵ ئێران ئەو سەرچاوەیەی لێبڕی و، ئێستا بە بیرە دەستکردەکانیشەوە ناتوانیت وەکو پێویست زەوییەکانی ئاوبدات.
مستەفا دەڵێ گرتنەوەی ئاو زێی بچووک لەلایەن ئێرانەوە بووەتە زەرەر و زیانێکی زۆر بۆ بواری جووتیاری و کشتوکاڵەکەمان، بووەتە هۆی کەمکردنی ئاستی ئاوی بیرەکەمان ئێمە. بیرەکان هەر دوو، سێ جار دەتوانین پاکیان بکەینەوە، دوای ئەوە دادەتەپێت و دەڕووخێت. ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت و ئاوەکە بەرنەدرێتەوە، ئاوی جووتیاریمان نامێنێت و کارمان ڕادەوەستێت. هیچ ساڵێک وەک ئەمساڵ کەمئاوی و خراپی جووتیاری نەبووە، زەوییەکەمان زۆر کەم ئاوە زیاتر 60% بەراورد بە پار کەمئاوە.
قەڵادزێ یەکێکە لە قەزا گەورەکانی سەر بەئیدارەی ڕاپەڕین. ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی 82 هەزار کەسە و زێی بچووک سەرچاوەی سەرەکی ئاوی خواردنەوەیەتی، هەرچەندە دروستکردنی ئەو بەربەستە بەردینە کێشەی ئاوی خواردنەوەی چارەسەر کردووە، بەڵام کاتییە و لەئەگەری کەمبوونەوەی زیاتری ئاوی زێکە، کێشەی کەمئاوی لەو قەزایەش سەرهەڵدەداتەوە.[1]
#26-07-2018#