دواڕۆژ، سیروان حەسەن
لە ناوچەکانی #گەرمیان# پێنج بلۆکی نەوت هەیە و ئێستا لە دووانیاندا نەوت دەردەهێنرێت کە بەرهیمی ڕۆژانەیان 27 هەزار بەرمیلە، لەبەر نەبوونی پاڵاوگەش ڕەوانەی دەرەوەی ناوچەکە دەکرێت، بە وتەی شارەزایەکیش، سەرەڕای ئەوەی نەوتەکە بوەتە گرفت بۆ ناوچەکە داهاتەکەشی نادیارە.
لە سنووری ئیدارەی گەرمیان پێنج بلۆکی نەوت هەیە و لە هەردوو بلۆکی (چیا سورخ و سەرقەڵا) ڕۆژانە زیاتر لە 27 هەزار بەرمیل نەوت دەردەهێنرێت.
بەهۆی نەبوونی پاڵاوگەش نەوتی گەرمیان بە تانکەر ڕەوانەی #سلێمانی# و بەشی زۆریشی بۆ پاڵاوگەی کەڵەک لە #هەولێر# دەبرێت.
غالب محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، هەرچەندە لە ماوەی ڕابردوودا دووجار هەوڵی ئەوەیانداوە لەبەر گرنگی و خزمەتی زیاتر پاڵاوگە بهێننە گەرمیان، بەڵام لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە ڕێگریکراوە و شکستی پێهێنراوە.
غالب محەمەد باسیشی لەوەکرد، له و نەوتەی لە گەرمیان دەردەهێنرێت، کەس نازانێت داهاتەکەی چەندە و خزمەتێکی ئەوتۆشی بۆ ناوچەکە نییە و بە پێچەوانەوە بووەتە هۆی کێشە و گرفت بۆ دانیشتوانی گەرمیان.
لای خۆیەوە یادگار فەتاح، بەرێوەبەری نەوت و کانزاکانی گەرمیان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، بەپێی یاسا، بلۆکە نەوتییەکانی گەرمیان ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە هەیە و بەڕێوەبەرێتییەکەیان هیچ دەسەڵات و کارێکی له و بلۆکانەدا نییە.
بەهۆی نەبوونی پاڵاوگە ڕۆژانە دەیان تانکەر لە گەرمیانەوە نەوت بۆ هەولێر و سلێمانی دەگوازنەوە، کە ئەمەش کێشەی هاتووچۆ و تێکدانی ڕێگاوبانەکانی لێدەکەوێتەوە.
نەقیب کارزان مەجید، بەرێوەبەری هاتوچۆی گەرمیان بە دواڕۆژی وت، تانکەر و ئۆتۆمبیلە بارهەڵگرەکان لە ڕێگە یەک ساید و هەورازەکاندا کێشەی هاتوچۆ دروستدەکەن بە تایبەت لە هەورازەکاندا زۆرجار دەبنە هۆی ڕووداوی دڵتەزێن.
وتیشی هەر بەهۆی ئۆتۆمبیلی بارهەڵگرەوە ڕێگەوبانەکان تێکدەچن و چاڵی گەورەیان تێدەکەوێت، ئەمەش وا دەکات بەبەردەوامی جادەوبانەکان نۆژەنبکرێنەوە.[1]
#26-07-2018#