دواڕۆژ، ڕاپۆرت، ئاکۆ حەمەد ڕابی
نەخۆشیەکی ڕووەکی لە نێو بەرهەمی تەماتەی جوتیارانی سنوری باڵەکایەتی سەر بە پارێزگای #هەولێر# بڵاودەبێتەوە و بەوهۆیەشەوە تەماتەکان لە شوێنی خۆیان وشک دەبن، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی #چۆمان#یش ڕایدەگەیەنێت کە ڕێنماییان بە جوتیاران داوە بۆ چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئه و جۆرە نەخۆشیەدا.
سەعید عەبدوڵا کە جوتیارێکی سنوری شارۆچکەی چۆمانە، ماوەی سێ ساڵە سەرقاڵی بەرهەم هێنانی بەروبوومی کشتوکاڵییە، بەدواڕۆژی وت پارەم قەرزکردووە تاکو تەماتەکانم گەیاندووە بەڵام بەداخەوە جۆرە نەخۆشییەک بڵاوبووەتەوه و خەریکە هەموو بەروبوومەکەم لەناو دەبات و هەموو ماندوبوونی ئەمساڵی کارکردنم بەهەدەر دەچێت و ئەمساڵ هیچ قازانجێکی ماددی ناکەم.
ئه و جوتیارە ئاماژەی بەوەشدا کە وەک کۆمەڵێک جوتیاری ناوچەی باڵەکایەتی داوایان لە کشتوکاڵی قەزای چۆمان کردووە کە یان هاوکاری بکرێن، یاخود قەرەبووی ماددی بکرێنەوە.
لەبارەی ئه و جۆرە نەخۆشیەوە سلێمان عەبدوڵا بەڕێوەبەری کشتوکاڵی چۆمان بە دواڕۆژی ڕاگەیاندنەخۆشییەکی ڤایرۆسی لە نێو تەماتەی سنوری چۆمان بڵاوبۆتەوە، ئەم نەخۆشیە چارەسەری نیە، بەڵام لە ئێستادا جوتیارەکانی ناوچەکەمان ئاگادارکردۆتەوە کە ئەگەر لەناو تەماتەکان بینیان چەند بڕێک تەماتە توشی ئه و ڤایرۆسە بووە، واباشە لە ڕەگەوە دەریبهێنن، بۆ ئەوەی کۆی بەروبوومی تەماتەکان تووشی ئەم نەخۆشیە نەبن و ڤایرۆسەکەیان بۆ نەگوازرێتەوە.
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی چۆمان وتیشی بەهۆی ئه و نەخۆشیەوه و وشک بوونی نەمامە تەماتەکان کاریگەریی زۆری دەبێت لەسەر کەمبوونەوەی بەرهەمی تەماتەی سنورەکەمان.
لەکاتی پێگەیشتنی بەرهەمی تەماتەی باڵەکایەتی ڕۆژانە 50 تەن تەماتە ڕەوانەی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێت، بەڵام بە پێی وتەی بەڕێوەبەری کشتوکاڵی چۆمان بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئه و نەخۆشیە بەرهەمی تەماتەی باڵەکایەتی بەڕێژەی % 30کەم دەبێتەوە.
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی چۆمان جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە کە نابێت هەموو ساڵێک زەوی کشتوکاڵی بکرێتە یەک جۆر بەره و بووم، بەڵکو پێویستە، سێ ساڵ جارێک زەویەکە بکرێتە جۆرە بەره و بوومێکی جیاواز و وتیشی لەبارەی ئه و کێشەیەوە سەروی خۆمان ئاگادارکردۆتەوه و داوامان لێکردون لیژنەیەک بنێرن بۆ لێکۆڵینەوە لەم جۆرە نەخۆشیه و بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە لە ئێستادا ناتوانین هیچ چەشنە هاوکارییەکی جووتیاران بکەین.[1]
#26-07-2018#