دواڕۆژ، #سامان قوبادی#
بەهۆی دابیننەکردنی بودجە و ئاونەدانیان، پارک و باخچەکانی سلێمانی وشک و زەرد بوون. بەوتەی ڕاگەیاندنی باخچەکان-یش پارە و تەنکەر بۆ پارک و باخچەکانی هەولێر دابین دەکرێت، بەڵام بۆ سلێمانی تەرخان ناکرێت، ئەمە لەکاتێکدایە سلێمانی لەسەر ئاستی عێراق پلەی یەکەمی لە ڕووبەری سەوزاییدا هەیە.
$سلێمانی زۆرترین پارک و باخچەی تیایە$
هاوژین عوسمان لێپرسراوی ڕاگەیاندنی باخچەکانی سلێمانی بۆ دواڕۆژ دەڵێت ڕێژەی سەوزایی باخچەکان 9%ە. بەهۆی دابیننەکردنی پارە بۆ ئاودانی باخچەکان، زۆربەی چیمەنەکانمان زەرد بوون، دەبوایە لە مانگی 6ی ئەمساڵەوە تەنکەرمان بۆ دابین بکرایە بەڵام تائێستا هیچ شتێکمان بۆ نەکراوە. سلێمانی 556 پارک و باخچەی تیایە بەڵام کەمتر لە 100 بیریان هەیە. ئەم شارە لەسەر ئاستی عێراق پلەی یەکەمی هەیە و زۆرترین پارک و باخچەی تێدایە.
لێپرسیراوی ڕاگەیاندنی باخچەکانی سلێمانی وتیشیدارەکانمان وشکنەبوون، بەڵام دەبێت چیمەن ڕۆژی 2 جار ئاو بدرێت، بەداخەوە زۆربەیان، کە دەکەونە گەڕەکەکانەوە، زەرد بوون. پێشتر ساڵانە 700 ملیۆن دینار بۆ تەنکەرەکان دابینکراوە تا ئاوی باخچەکانی پێ بدەین، ئەمساڵ هیچ بڕە پارەیەک دابیننەکراوە.
بەوتەی لێپسراوی ڕاگەیاندنی باخچەکان ئەگەر جیاوازیی نەکرایە لە خەرجکردنی بودجە لە نێوان هەولێر و سلێمانی، هیچ کێشەیەکیان نەدەبوو چونکە وەزارەتی دارایی لە هەولێر پارە و تەنکەر و ئاویان بۆ دابین دەکەن و بۆ سلێمانی ناکرێت. پێشتریش بۆ خەرجکردنەوەی داهات نووسراومان ئاراستەی شارەوانی کردووە و ئەوانیش ناردوویانە بۆ وەزارەتی دارایی، بەڵام گوێی پێنادەن.
$سلێمانی لە ڕووبەری سەوزایی یەکەمە$
بەپێی ئامارێکی فەرمیی سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی، بەگشتی ڕێژەی سەوزایی لە سلێمانی 18%ە و لە ڕووی ڕووبەری سەوزاییەوە یەکەمی ئاستی عێراقە، ئەمەش لەکاتێدایە بەپێی ستانداردی جیهانی نابێت ڕێژەکە 15% کەمتربێت.
کۆمەڵەی کوردستانێکی سەوز یەکێکە لەو ڕێکخراوانەی بەردەوام گرنگی بە ڕواندنی دار و زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی دەدات، بەڵام لەئێستادا بەهۆی نەبوونی بودجەوە چالاکییەکانیان وەکو پێشتر نەماوە.
سەبارەت بە پشتگوێخستنی پارک و باخچەکانی سلێمانی، ئارارات زەردەشتی سەرۆکی کۆمەڵەی کوردستانێکی سەوز بۆ دواڕۆژ وتی لە هەر شار و ناوچەیەکدا نابێت ڕووبەری سەوزایی 15% کەمتر بێت و ئەگەر ڕێژەکە بەرزبێتەوە بۆ 35% ئەوکات بە ئاستێکی باش دادەنرێت.
زەردەشتی دەڵێت هەندێک لە باخچەکانی سلێمانی لە قۆناغی دروستکردندان، بەشێکی تریان پارەیان بۆ خەرج ناکرێت، هەندێکیان تەنکەرەکان ناتوانن بەردەوام ئاویان بدەن. ساڵی ڕابردوو بە هاوکاریی هاووڵاتیان چەند تەنکەرێکی ئاومان دابینکرد بۆ ئاودانی باخچەکان بۆ ماوەیەکی کاتی. بەداخەوە بودجەیەکی دڵسۆزانە بۆ ژینگە تەرخان ناکرێت کە ئێستا زۆربەی باخچەکان بەرەو لەناوچوون دەچن، ئەمە خەسارەیە، چونکە هەمووی پارەی تێچووە.
سەرۆکی کۆمەڵەی کوردستانێکی سەوز باسی لەوەیشکرد: باخ هەیە تەمەنی 100 ساڵە و هەیە 50 ساڵە، بەڵام بەتایبەت ئەو باخچانەی تەمەنیان نزیکەی 20 ساڵە بەرەو لەناچوون دەچن ئەگەر ئاوڕیان لێ نەدرێتەوە و ئاو نەدرێن. ئەگەر دوو تەنکەرمان هەبوایە نەمان دەهێشت باخچەکان وشک بن.
ئاراران زەردەشتی هۆشداریی ئەوەیشی دا ئەگەر ئەم کێشەیە بەردەوام بێت، ڕووبەری سەوزایی لەناودەچێت، ڕادەی شێ و ئۆکسجین کەم دەکات، ژینگە پیس دەبێت، جگەلەوە ئەو ملیۆنان دۆلارەی بۆ سەوزایی خەرج کراوە، بە خەسار دەڕوات.[1]
#26-07-2018#