بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرگری شارستانیی پارێزگاکان، لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 300 کەس لە ڕووبار و دەریاچەکانی کوردستاندا خنکاون. بەشێک لە خنکاوەکان ئەو گەشتیارە عەرەبانەن کە لە وەرزی هاویندا بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش ڕوویان لە سەیرانگەکانی کوردستان کردووە.
بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی زۆربەی هۆکارەکانی خنکان بۆ نەزانینی مەلە و نەشارەزایی گەشتیاران دەگەڕێننەوە، بەڵام دەشڵێن بەشێک لەوانە بەهۆی نەبوونی هێما و ڕێنمایی لەسەر ڕووبار و دەریاچەکان دەخنکێن.
$زۆرترین ڕووداوەکانی خنکان لە سنووری دهۆکن$
بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو ئەمساڵ زۆرترین حاڵەتی خنکان لە سنووری دهۆک تۆمارکراوە. بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانیی دهۆک، بەدرێژایی ساڵی ڕابردوو 29 کەس لە ڕووبار و بەنداو و دەریاچەکانی پارێزگاکەدا خنکاون، بەڵام ئەمساڵ تاوەکو ئێستا 25 کەس خنکاون.
ڕائید بێوار عەبدولعەزیز، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک، وردەکاری ئاماری خنکانی ئەمساڵی بۆ (رووداو) ئاشکرا کرد و گوتی: لەسەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو نیوەی ئەم مانگە، 25 کەس لە سنووری دهۆک خنکاون، 22 کەسیان کوردی باشووری کوردستانن و دووانیشیان خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستانن، هەروەها یەکێکیان عەرەبە، زۆربەی خنکاوەکانیش لە ڕووباری خابوور لە زاخۆ و ئەوانی دیکەش لە زێی گەورەی شیلادزێ، بەنداوی دهۆک، سحێلا، ئاکرێ و بەردەڕەش خنکاون.
بەرگریی شارستانیی دهۆک تەنیا 8 تیمیان هەیە، بۆیە زۆرترین ڕێژەی خنکان لەو پارێزگایە تۆمارکراوە، وەک ڕائید بێوار دەڵێت: ئەگەر تیمەکانمان نەبوونایە خەڵکی زیاتر دەخنکان، سنووری پارێزگای دهۆک فراوانە و تیمەکانمان لە زاخۆ، سێمێل، دهۆک، شیلادزێ، ئاکرێ و پیشخابوور بڵاوبوونەتەوە، بەڵام تیمەکان کەمن و پێویستمان بە زیاترە.
$زیاتر لە نیوەی خنکاوەکانی هەولێر عەرەبن$
لە ماوەی دوو ساڵ و نیوی ڕابردوودا 86 کەس لە سنووری پارێزگای هەولێر خنکاون، ڕائید بێستوون فەرهاد، بەڕێوەبەری بەشی هونەری بەرگری شارستانی هەولێر بە (رووداو)ی گوت: لە ساڵی 2016 دا 43 کەس، ساڵی ڕابردوو 26 کەس و ئەمساڵیش تاوەکو ناوەڕاستی ئەم مانگە 17 حاڵەتی خنکان تۆمارکراون و هەموویان لە زێی گەورەدا خنکاون. لە کۆی ئەو 86 کەسە، 46یان عەرەب و ئاوارەی ڕۆژئاوای کوردستانن.
$90%ی خنکاوەکانی سلێمانی گەشتیارن$
پارێزگای سلێمانی ژمارەیەکی زۆر لە ناوچەی گەشتیاری هەیە، دیارترینیان هاوینەهەواری دووکانە، ساڵانە گەشتیارێکی زۆر ڕووی تێدەکەن و لە ئاوی دووکاندا مەلە دەکەن، هەر ئەمەش وایکردووی زۆرترین قوربانیانی ئاو لە سنووری ئەو پارێزگایە، گەشتیاران بن.
نەقیب ڕێکان جەمال مەحموود، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانیی پارێزگای سلێمانی بە (رووداو)ی گووت هەرچەندە لەماوەی ساڵێک و شەش مانگی ڕابردوودا تەنیا 17 کەس لە سنووری پارێزگای سلێمانیدا لە ئاودا خنکاون، بەڵام خنکاوەکان گەشتیارن، چونکە شارەزای ناوچەکە نین و پابەندی هێما و ڕێنماییەکانیش نابن، بۆیە 90%ی ئەوانەی لێرە دەخنکێن گەشتیارن.
$زۆربەی خنکاوەکان گەنجن$
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرگری شارستانی زۆربەی ئەوانەی لە ئاودا دەخنکێن لە ڕەگەزی نێر و توێژی گەنجانن، ئەگەرچی بەشێک لە قوربانییەکانیش ئافرەت و منداڵن، بەڵام کەمترینیشی لە ڕەگەزی مێن. ڕائید بێوار عەبدولعەزیز، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک دەڵێت زۆربەی ئەوانەی لە سنووری دهۆک خنکاون گەنجن و تەمەنیان لە 18 بۆ 28 ساڵیدایە، لەگەڵ ئەوەشدا منداڵ و ئافرەت و پیاوی بەتەمەنیشی تێدایە.
بەشێکی دیکەی ئەوانەی لەناو ڕووبارەکاندا دەخنکێن منداڵن، کە بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرگری شارستانی یەک لەسەر سێی قوربانییەکان پێکدەهێنن. بەڕێوەبەری بەشی هونەری بەرگریی شارستانی هەولێر لەمبارەیەوە دەڵێت لەو 86 کەسەی لە دوو ساڵ و نیوی ڕابردوودا لە سنووری هەولێر خنکاون، 29یان منداڵن.
$پابەندنین بە ڕێنماییەکان$
بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرگریی شارستانی پێیانوایە ئەگەر هاووڵاتیان و گەشتیاران ڕێنماییەکانیان جێبەجێ بکەن، ڕێژەی خنکان لە ئاودا زۆر کەم دەبێتەوە. ڕائید بێوار باڵەکی، گوتەبێژی بەرگری شارستانی سۆران دەڵێت هۆکاری یەکەمی خنکان لە ڕووباردا نەزانینی مەلەوانییە، چونکە مەلەکردن لە ڕووبار و مەلەوانگەدا جیاوازە، ڕووبارەکان تیژڕەو و خێران، هەروەها هەندێکجار کەلوپەل و تۆڕی ڕاوچییەکانیش لەنێو ڕووبارەکاندا بەجێدەهێڵدرێن کە ئەمەش دەبێتە هۆی خنکانی کەسی مەلەوانیش، ئێمە دوو تیمی جێگیرمان لە سۆران و مێرگەسۆر هەیە کە بەردەوام لەڕێگەی دابەشکردنی نامیلکە و هۆشیارکردنەوەی هاونیشتمانی و گەشتیاران لە شوێنە مەترسیدارەکان، کە لەڕێگەی هەڵواسینی تابلۆ لە شوێنە مەترسیدارەکانی ڕووبارەکان و مەلەنەکردن تێیدا ئاگاداردەکەنەوە.
$10 ئۆتۆمبێل کەوتوونەتە ناو ڕووبارەوە$
خراپی ڕێگاکانی سنووری شارۆچکەی سۆران، بەتایبەت ڕێگای هامڵتن هۆکاری چەندین ڕووداوی هاتوچۆ و کەوتنە ناو ئاوی ڕووبارە. ڕائید بەیار باڵەکی، دەڵێت ئەگەرچی هۆکاری سەرەکی خنکان لەئەنجامی ناشارەزایی و نەزانینی مەلەکردنە، بەڵام هەندیکجاریش بەهۆی خراپی ڕێگاوبانەکان و کەمی هێماکانی هاتوچۆیە، بەتایبەت ڕێگەی هامڵتن لەنێوان حاجی ئۆمەران و سۆران کە هێشتا تەواونەکراوە و ڕێگایەکی مەترسیدارە، تائێستا نزیکەی 10 حاڵەت هەبووە کە ئۆتۆمبێل لێیەوە هەڵدێراوە نێو ڕووبار و سەرنشینەکانی بوونەتە قوربانی، بۆیە پێویستە دیواری پاڵپشتی هەبێت، بۆ ئەوەی حاڵەتەکانی هەڵدێرانی ئۆتۆمبێل بۆ نێو ڕووبارەکان کەمببنەوە یاخود نەمێنێ.
$تەنیا یەک خنکاو نەدۆزراوەتەوە$
نزیکەی سێ مانگە تەرمی منداڵێک کە بەهۆی لافاوەوە لە ناحیەی فایدەی نێوان دهۆک - موسڵ خنکابوو نەدۆزراوەتەوە، ئەمەش تەنیا حاڵەتی خنکانە لە هەرێمی کوردستان کە نەدۆزرابێتەوە، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی دهۆک گوتی شەوی #05-05-2018# لە ناحیەی فایدە پیاوێک، کوڕەکەکەی و بووکەکەی و نەوەکەی کە لەناو ئۆتۆمبێلێکی تاکسیدا لافاو بردنی، شوفێرەکە ڕزگاری بوو، هەرچوار ئەندامی خێزانەکەش خنکان، تیمەکانمان توانیان تەرمەکەی سێ لە خنکاوەکان بدۆزنەوە، بەڵام هێشتا تەرمی منداڵەکە نەدۆزراوەتەوە.[1]
#27-07-2018#