سیاسەتی تیرۆر و ڕەشەکوژی یەکێک لە پێناسە و سیاسەتە نەگۆرەکانی سیستەمی کۆماری ئیسلامی ئێران بووە و بە درێژایی مێژووی دەسەڵاتداریەتی ئەو مێتۆد و شێوەیەی لە دژی نەیاران و دژبەرانی خۆی بەکار بردووە و لە مێژوو دا نمونەی زۆر دیار لە بردنە پێشەوەی ئەو سیاسەتە هەیە کە دەتوانین ئاماژە بە تێرۆری ئەندامانی کۆمەڵە و سازمانی خەبات و حیزبی دیموکرات بکەین
کە لە ساڵی 1991وە تا ئێستا زیاتر لە 350 کەسی لە ئەندامانی ئەو حیزبانە لە ڕێگەی تۆڕە تیرۆریستەکانیەوە لە عێراق و هەرێمی کوردستان تیرۆر کردووە. لهنمونەی دیاری تر دەتوانین ئاماژە بە ساڵی 1996 بکەین کە بە هێزێکی سەدان کەسی سپای پاسداران بە چەکی قورس سنووری هەرێمی کوردستانی عێراقی بەزاند و کەمپی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە شوێنی نیشتەجێ بوونی ژن و منداڵە بەر ئاوری تۆپخانە و چەکە قورسەکانی دا و بنەماڵەکانی ئاوارەی شاری هەوڵیر کرد و زیانێکی زۆری بەو خەڵکی بێ چەک و کەمپەکەیان گەیاند.
لە 3 ساڵی ڕابردوویشدا چەندین تاوانی تیرۆریستی و بۆمب دانانەوە لەسەر بنکەکانی ئەو حیزبانە بەڕێوە چووە کە لە ئاکامدا کۆمەڵێک خەڵکی بێ تاوان کوژراو و بریندار بوون و هەروەها چەندین #پێشمەرگە#ی قارەمانیش شەهید بوونە کە دیارترینیان کردەوەی ترۆریستیەکەی بەردەم بارەگای حیزبی دیموکراتی کوردستان بوو کە تێیدا 7 پێشمەرگە شەهید بوون.
تۆپباران و مووشەکبارانی سنووری نێوان کوردستانی ئێران و عێراقیش وەک یەکێک لە ڕێگەکانی زیانگەیاندن بە حیزب و لایەنەکانی کوردستانی ئێران هەمیشە پەیرەو کراوە و لەدواترینیان لە ڕێکەوتی 26ی پووشپەڕی 1397ی هەتاوی(17ی جولای 2018) دوو پێشمەرگەی حیزبەکانی ئوپۆزیسیونی ئێران شەهید بوون.
هەموو ئەو ڕاستیانە ئەو پەیامەمان پێ دەدەن کە لەبەرانبەر سیاسەتە شەرئەنگێز و تێکدەرانەکانی ڕژیمی ئێران نابێ غافڵ بین و زیاتر لە هەر کاتێکی تر پێوستە بە وریاییەوە مامەلە بکەین لەگەڵ ئەو دۆخە نوێیەی دەسەڵاتی دیکتاتۆریەتی تاران تێی کەوتووە.
ئێستاش کە لە نێوخۆی ئێران دەنگی ناڕەزایەتی خەڵک سەبارەت بە سیاسەتە هەڵەکانی کۆماری ئیسلامی بەرز بووەتەوە، ڕێژیم بە مەبەستی چەواشەکردنی بیروڕای گشتی و ڕاکێشانی سەرنجی ئەوان بۆ دەرەوەی وڵات، لە ئامادەکاری و پیلانی بەرفراواندایە بۆ هێرشکردن بۆ سنوورەکانی کوردستان بە مەبەستی زەربەوەشاندن لە هێزەکانی کوردی ئوپۆزیسیونی ڕێژیم و، پێکهێنانی تەقینەوە و ترۆر و تۆقاندنی ژن و منداڵی نێو کەمپەکانی نیشتەجێی ئەوان لە کوردستانی عێراق.
بۆ ئەو مەبەستە پرۆپاگەندەیەکی زۆری لە ڕاگەیەنەکانی خۆی دەست پێکردووە بە مەبەستی خۆشکردنی زەمینەی ئەو هێرشە. نموونەکەی ڕاپۆرتێکە لە ناوەندی خەبەریتسنیمی سەر بە سپای پاسداران بڵاوی کردوەتەوە
ئێمە 5 حیزبی ئوپۆزیسیونی کوردی ئێران کە لە (ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران) پێکەوە کاری هاوبەش دەکەین، داوامان ئەوەیە، وێڕای ئاگاداربوون لە پیلانی دەستدرێژیە بەردەوامەکانی ڕێژیمی تاران، هاوکاریمان بکەن بۆ پووچەڵکردنەوەی پیلانی دەستدرێژیکەرانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەر ڕێگەیەکی گونجاو، پێش ئەوەی ژمارەیەک خەڵکی سویل لە سنووری کوردستان یان لە کەمپەکانی کوردە ئاوارەکانی ئێران هەڵکەوتوو لە هەرێمی کۆردستان ببنە قۆربانی هەر بۆیە
بۆ ئەو مەبەستەش ڕوو لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆنسولی وەڵاتان لە هەرێمی کوردستان و حکوومەتی هەرێم دەکەین لە هەر جۆرە هاوکاریی و پالپشتیەکی مەعنەوی درێغی نەکەن و پشتیوانمان بن.
ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران
#26-07-2018#