بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و کەمیی کارەبای نیشتمانی، بازاڕی هاوردەکردنی موبەڕیدەی لە هەرێمی کوردستان گەرم کردووە، بازرگانانی کوردستان ساڵانە نزیکەی 400 هەزار موبەڕیدەی ئاسن و پلاستیک بەهەموو قەبارەکانی لە ئێران و چینەوە هاوردە دەکەن.
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان، خاوەنی ئامارێک نییە لەبارەی ژمارەی ئەو موبەڕیدانەی کە ساڵانە لە ئێران و چینەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن، بەڵام بە گوتەی بازرگانان، ساڵانە نزیکەی 200 تاوەکو 250 هەزار موبەڕیدەی ئاسن و 200 هەزار موبەڕیدەی پلاستیک لە ئێران و چینەوە دەهێنرێن.
کەریم ڕەسوڵ، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای ئەلینا بۆ بازرگانیی گشتی و هاوردەکردنی موبەڕیدە کە بریکاری 5 مارکەی موبەڕیدەی ئاسنی ئێرانییە، بە (رووداو)ی گوت: بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لە وەرزی هاوین و کەمیی کارەبای نیشتمانی، خواستێکی زۆر لەسەر موبەڕیدە هەیە، بۆیە بازرگانان ساڵانە 200 تاوەکو 250 هەزار موبەڕیدەی ئاسن و نزیکەی 150 تاوەکو 200 هەزار موبەڕیدەی پلاستیک لە هەرێمی کوردستان ساغ دەکەنەوە.
کەریم ڕەسوڵ، پێیوایە هۆکاری بەردەوامیی فرۆشی ئەم ژمارە زۆرەی موبەڕیدە لە هەرێمی کوردستان جگە لە زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان، بۆ خراپیی جۆری بەشێک لەو موبەڕیدانەش دەگەڕێتەوە کە بازرگانان بەگوێرەی خواستی بازاڕ هاوردەی دەکەن. کەریم ڕەسوڵ گوتی: موبەڕیدە هەیە بەهۆی خراپیی جۆری پلێت و ماتۆڕی زیاتر لەساڵێک کار ناکات، بۆیە بۆ ساڵی داهاتوو خاوەنەکەی ناچارە موبەڕیدەیەکی دیکە بکڕێت، ئەمەش زیان بە ئابووریی هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت، چونکە پارەیەکی زۆر بۆ موبەڕیدەی خراپ دەچێتە دەرەوە.
کەریم ڕەسوڵ، نزیکەی 18 ساڵە موبەڕیدە دەفرۆشێ، پێشتر ساڵانە 150 تاوەکو 180 هەزار موبەڕیدەی ئاسنی لە ئێران هاوردە دەکرد و لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و هەندێ شاری عێراق بە تاک و کۆ دەفرۆشت، بەڵام ئەمساڵ کەمتر لەم بڕەی هاوردە کردووە. کەریم دەڵێت: لە هەرێمی کوردستان ژمارەیەک بازرگان و کۆمپانیای دیکە بریکاری هەندێ مارکەیان وەرگرتووە و خەریکی ئەم کارەن. عێراقیش بۆ هاوردەکردنی هەر موبەڕیدەیەک لە بازگەی سەفرە 27 دۆلار گومرگ وەردەگرێت، بۆیە وەک جاران ئەو ژمارەیەمان بۆ ساغ نابێتەوە، ئەمساڵ تا ئێستا تەنیا 60 هەزار موبەڕیدەی ئاسنمان لە ئێرانەوە هاوردە کردووە.
بە گوتەی کەریم، بازاڕی موبەڕیدە ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو باشترە، هۆکارەکەشی بۆ دانیشتووانی شاری مووسڵ دەگێڕێتەوە و دەڵێت: بەهۆی مووسڵەوە ئەمساڵ بازاڕی فرۆشتنی موبەڕیدە باشتر بوو لەساڵی ڕابردوو، چونکە بەبێ وەرگرتنی گومرگ موبەڕیدە لە هەرێمی کوردستانەوە دەچێت بۆ مووسڵ. بەپێچەوانەوە حکومەتی عێراق بۆ هەناردەکردنی هەر موبەڕیدەیەک لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ شارەکانی دیکەی عێراق 27 دۆلار وەردەگرێت.
نزیکەی 50 مارکەی موبەڕیدەی ئاسن بە هەموو قەبارەکانییەوە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا هەن، نزیکەی 99%یان مارکەی ئێرانین، بەگوێرەی کواڵیتی و قەبارەیان نرخیان جیاوازە، بۆ نموونە نرخی موبەڕیدەیەکی 2.5ی ئاسن بەگوێرەی کواڵیتی نرخی لە 70 دۆلارەوە دەستپێدەکات تا دەگاتە 175 دۆلار.
نووری کەریم، خاوەنی پێشانگایەکی فرۆشتنی موبەڕیدەی ئێرانی لە شاری #هەولێر# کە بریکاری مارکەی گوڵدنی ئێرانییە، موبەڕیدە بە قەبارەی 2 تاوەکو 6.5 هاوردە دەکات، دەڵێت لە هەرێمی کوردستان بەگشتی و شاری هەولێر بەتایبەت خواستێکی زۆر لەسەر موبەڕیدە هەیە، بۆ نموونە تەنیا من لە هەردوو پێشانگاکەم ئەمساڵ نزیکەی 10 هەزار موبەڕیدەم بەجوملە و تاک فرۆشتووە، بەدەیان پێشەنگا و بازرگانی هاوشێوەی منیش لە هەولێر هەن، بۆیە پێشبینی دەکەم ئەمساڵ تەنیا لە هەولێر نزیکەی 100 هەزار موبەڕیدە بەتایبەت لە هەردوو قەبارەی 2.5 و 4.5 فرۆشرابێت.
نوری کەریم هەروەها گوتی :ئەمساڵ خواستێکی زۆریش لەسەر موبەڕیدەی پلاستیک هەبوو، پێشبینی دەکەم کۆمپانیا و پێشەنگاکان بە تەنیا لە هەولێر ئەمساڵ نزیکەی 75 هەزار موبەڕیدەی پلاستیکیان فرۆشتبێت.
نووری دەڵێت خەڵکی کوردستان بەگشتی و هەولێر بەتایبەتی زیاتر خواستیان لەسەر موبەڕیدەی کواڵیتی بەرزە، بۆیە زۆربەی ئەو موبەڕیدە کواڵیتی نزمانەی بازرگانان هاوردەیان کردوون بۆ شاری مووسڵ هەناردە کراون، ئەوانە نرخیان بە جوملە لە نێوان 60 تاوەکو 70 دۆلاردایە.
جگە لە موبەڕیدەی ئاسن، ماوەی چەند ساڵێکە لە هەرێمی کوردستان خواست لەسەر موبەڕیدەی پلاستیکیش زیاد بووە کە بەشێکیان لە چین و ئێرانەوە هاوردە دەکرێن، چەند کارگەیەکیش لە هەرێمی کوردستان بۆ پێکەوانانی ئەو جۆرە موبەڕیدانە دامەزراون.
کەریم ڕەسول، کارگەیەکی بۆ دروستکردنی موبەڕیدەی پلاستیک لە هەولێر دامەزراندووە، ئەمساڵ 21 هەزار موبەڕیدەی بە سێ ناو و مارکەی جیا خستووەتە بازاڕەوە. ئەو دەڵێت: ماوەی دوو ساڵە خواستێکی زۆر لەسەر موبەڕیدەی پلاستیک زۆر بووە، ساڵانە لە هەرێمی کوردستان 150 تاوەکو 200 هەزار موبەڕیدەی پلاستیک دەفرۆشرێت کە نرخی جوملەیان بەگوێرەی قەبارە و کواڵیتی لە 100 دۆلارەوە دەگاتە 250 دۆلار.
لە هەرێمی کوردستان تەنیا یەک کارگەی بەرهەمهێنانی موبەڕیدەی ئاسن هەیە، ئەویش بەهۆی لێشاوی موبەڕیدەی ئێرانی و دابەزینی بەهای تومەن، خەریکە دابخرێ. کارگەکە جگە لە ژمارەیەک موبەڕیدەی ساڵی ڕابردوو، هیچ موبەڕیدەیەکی تازەی دروست نەکردووە، ئەمە لەکاتێکدایە پێش شەڕی #داعش# ساڵانە 7 هەزار موبەڕیدەی دەخستە بازاڕەوە.
عادل محەممەد، خاوەنی کارگەی سوپەر ئەلیکترۆنیک بۆ دروستکردنی موبەڕیدەی ئاسن لە ناوچەی چیمەنی نزیک شاری #کەرکووک#، دەڵێت: ئەمساڵ بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی پلێت و هەرزانیی نرخی موبەڕیدەی ئێرانی کە هۆیەکەی دابەزینی نرخی تومەنە، هیچ موبەڕیدەیەکمان دروست نەکرد، تەنیا 250 موبەڕیدەی ساڵی ڕابردوومان مابوو خستمانە بازاڕ.
عادل موبەڕیدەکانی بە جوملە بە 155 دۆلار لە بازاڕ دەفرۆشت، بەڵام هەمان موبەڕیدە کە ئێران دروستی دەکات، بەهۆی دابەزینی بەهای تومەنەوە لە کوردستان بە 65 دۆلار دەفرۆشرێ، بۆیە عادل ناچار بوو بەرهەمهێنان لە کارگەکەی ڕابگرێ.
$سووریا موبەڕیدە لە کوردستان دەکڕێ$
خاوەنی کارگەیەکی دروستکردنی موبەڕیدەی پلاستیکی لە هەولێر دەڵێت: بەشێک لە بەرهەمی کارگەکەمان هەناردەی سووریا کردووە، لە بەغداش خواست لەسەر مارکەکانی ئێمە هەیە، بەڵام بەهۆی وەرگرتنی گومرگ، تێچووەکەی زۆر دەبێ و ناتوانین لە نرخدا کێبڕکێ مارکەی چینی و ئێرانی بکەین.
گوتیشی :بیرمان لە دروستکردنی موبەڕیدەی ئاسنیش کردووەتەوە، بەڵام لە نرخدا ناتوانین کێبڕکێ لەگەڵ کارگەکانی ئێران بکەین، بۆیە وازمان لە بیرۆکەی دروستکردنی هێنا.[1]
#30-07-2018#