وەزارەتەکانی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و تەندروستی دوای دوو ساڵ کۆتاییان بە پڕۆسەی پێداچوونەوە بە ناوی کەمئەندامان هێنا، دوای پشکنین ناوی زیاتر لە 15 هەزار کەس لە لیستەکە دەرهێنرا، بەڵام وەزارەتی کار و ڕێکخراو و کۆمەڵەکانی کەمئەندامانیش لە لیژنە پزیشکییەکان ڕازی نین و پێیانوایە کەموکوڕیی زۆریان هەبووە.
مانگانە 1.4 ملیۆن دۆلار بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە
ئەندازیار ئارام حاتەم، بەڕێوەبەری پلاندانان لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کە سەرپەرشتی پرۆسەی پێداچوونەوە بە ناوی کەمئەندامانی کردووە، بە (رووداو)ی گوت: پرۆسەکە کە دوو ساڵی خایاند، ئامانجەکەی دەرهێنانی ناوی کەسانی ناشایستە بوو لەناو لیستی کەمئەندامان، ئەوکات 122 هەزار کەمئەندام هەبوون، بەڵام دوای ئەوەی ڕامانگەیاند کە پێداچوونەوە بە لیستی کەمئەندامان دەکەین، هەندێک کەس هاتن و داوایان کرد ناویان بسڕینەوە و گوتیان ئەو مووچەمان ناوێت. ژمارەکە کەمتر بووەوە بۆ 107 هەزار. ئێستا کە کارەکان تەواو بووە، ژمارەی کەمئەندامان بووەتە 103623 کەس. 15602 کەس لە پشکنین دەرنەچوون، بەمەش ڕێژەی کەمئەندامان لە هەرێمی کوردستان 15% کەمبووەوە و لەمەودوا تەنیا ئەوانەی لە پشکنین دەرچوون مووچەی کەمئەندامی وەردەگرن.
کەمئەندامان بەسەر 12 جۆردا دابەش دەبن و زۆرترینی کەمئەندامانی جەستەیی لە پشکنینەکان دەرنەچوون کە ژمارەیان 10334 کەسە، دوای ئەویش نابینا دێت کە 3155 کەس دەرنەچوون، 901 کەسیش کە وەکو نابیست تۆمارکرابوون، دەرنەچوون، 495 بیرکۆڵ، 336 ئیفلیجی مێشک، 128 شیزۆفرینیا و 72 تالاسیمیا، 58 کورتەباڵا، 16 هیمۆفیلیا، 11 ئۆتیزم و 5 مەنگۆلیش لە پشکنین دەرنەچوون.
بەڕێوەبەری گشتی پلاندانانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەڵێت: لەم پرۆسەیدا نزیکەی 100 لیژنە کاریان کردووە، هەروەها لیژنەی باڵاش هەبوو لەناو دیوانی وەزارەت کە چاودێری کاری تۆڕەکانی دەکرد و نوێنەری کەمئەندامانی پارێزگاکانی #هەولێر#، #سلێمانی#، #دهۆک# و #هەڵەبجە#ش لەناو لیژنەکەدا بوون.
425 کەس کەمئەندام نەبوون
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هێشتا تێبینی لەسەر کاری لێژنەکان هەیە. ئارام حاتەم دەڵێت ئێمە ڕامان لەو ڕێژەی 15% یە نییە کە کەمکراوەتەوە، هۆکاری ئەمەش کەمتەرخەمی ئەو لیژنە پزیشکییانە بوو کە پشکنینیان بۆ کەمئەندامان دەکرد و هەندێکجاریش فێڵیان لێکراوە، نوێنەری کەمئەندامانی پارێزگاکانیش لەناو لیژنە باڵاکەی وەزارەت هەمان گلەییان هەبوو.
بەشێک لەوانەی ساڵانێکە بەناوی کەمئەندام مووچە وەردەگرن، دەرکەوت کەمئەندام نەبوون. ئارام حاتەم گوتی: ئەو کەسانەی ڕێژەی کەمئەندامییەکەیان 0%ە 425 کەس بوون. هەشبوو ڕێژەی کەمئەندامییەکەی 5% یان 10% بووە، بەگشتی ئەوانەی لە پشکنینەکان دەرکەوتبێت ڕێژەی کەمئەندامییان لە 65% کەمترە، لە لیستەکە دەرهێنراون و مووچەکەیان بڕدراوە. دەبێت ناوی 10 هەزار کەسی دیکەش دەربهێنرێت.
کۆمەڵە و ڕێکخراوەکانی کەمئەندامانیش بەهەمانشێوە گلەییان لە کاری لیژنە پزشکییەکان هەیە. عومەر جەبار، سکرتێری گشتی کۆمەڵەی کورتەباڵاکانی کوردستان بە (رووداو)ی گوت: ئێمە پشتیوانی چاکسازییەکە دەکەین، بەڵام هێشتا پێویستە ناوی 10 هەزار کەسی دیکە دەربهێنرێت، چونکە کەمئەندام نین و لەلایەن لیژنە پزیشکییەکەوە بە کەمئەندام نووسراون و واستە و واستەکارییەکی زۆری تێدابووە، خەڵک هەبووە نابینا نەبووە، تەنیا چاویلکەیەکی ڕەشی لەچاو کردووە و لیژنەکە بە نابینا نووسیویەتی.
بەڵام سامان حوسێن، سکرتێری یەکێتی کەمئەندامانی کوردستان دەڵێت دەستبردن بۆ مووچەی کەمئەندامان چاکسازی نییە. وەزارەتی کار نانی 15 هەزار کەمئەندامی بڕیوە، کەمئەندام هەبووە ڕێژەی کەمئەندامییەکەی 64% بووە و مووچەکەیان بڕیوە. کەمئەندام هەیە قاچێکی نییە، بەڵام لەبەرئەوەی ڕێژەی کەمئەندامییەکەی نەگەیشتووەتە 65% مووچەکەیان بڕیوە و کەسیش نازانێت ئەو پارەیە چی بەسەردێت. پێشتریش 5 ملیار دینار لە پەرلەمان بۆ کەمئەندامان تەرخان کرا، بەڵام وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی خەرجی نەکرد و نازانین ئەویش چی بەسەرهات.
حکومەت کەمئەندامی نوێ وەرناگرێت
لە ساڵی 2012ەوە هیچ کەمئەندامێکی نوێ وەرنەگیراوە. لەوبارەیەوە بەڕێوەبەری پلانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی گوتی: داوامان لە ئەنجوومەنی وەزیران کردووە لە مووچەی دەرنەچووەکان کەمئەندامی نوێ وەربگرن، بەڵام بەشێوەی زارەکی ڕەزامەندی نەخێرمان وەرگرتووە.
بەڵام گوتیشی: بەهۆی پرۆسەی پێداچوونەوە بە ناوی کەمئەندامان بیانوومان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران نەهێشتووەتەوە، بۆیە پێشبینی دەکەم ئەنجوومەنی وەزیران چاوێک بە مووچەکانیاندا بخشێنێتەوە و زیادی بکات یان بڕیاری وەرگرتنی کەمئەندامی نوێ بدات.
6910 کەس پشکنینیان نەکردووە
بە گوتەی ئارام حاتەم 6910 کەس نەهاتوون بۆ پشکنین. ئەو گوتی: ئەوانە زۆر دەمێکە نەهاتوون و پشکنینیان نەکردووە، ئێمە تەنیا مووچەی 15602 کەسمان بڕیوە و هێشتا مووچەی 6910 کەسە نەهاتووەکەمان نەبڕیوە، ئەگەر تاوەکو 24/8/2018 پشکنین نەکەن، مووچەکەیان دەبڕین.[1]
#30-07-2018#