لە هەرێمی کوردستان لە مانگێکدا نۆ کەس لە ئاودا دەخنکێن، هاوڵاتیان پێیان وایە، کە نەبوونی هێمای ئاگادارکردنەوە و تیمەکانی ژێر ئاو هۆکاری خنکانەکانە، بەرپرسانیش بەرگریی شارستانیی-ش دەڵێن: ئەو کەسانە شارەزاییان لەسەر ئاوەکان نییە و بەباشیی مەلە نازانن.
ساڵانە لە وەرزی گەرمادا گوێبیستی هەواڵی خنکانی هاوڵاتیان دەبین لەسەر ڕووبار و چەمەکان، بەڵام هیچ کاتێک هێندەی ساڵانی 2017 و 2018 هەواڵی خنکان نەبیستراوە.
بەگوێرەی ئاماری بەرگریی شارستانی لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، کە ڕۆژنیوز بەتایبەت وەریگرتووە، لە ساڵی 2017-دا 95 کەس لە ئاودا خنکاون، لە حەوت مانگی سەرەتای 2018-شدا 63 کەس لەئاودا خنکاون.
لە ساڵی 2017-دا لە پارێزگای #دهۆک# 29 کەس، #سلێمانی# 16، ئیدارەی #گەرمیان# 10، ئیدارەی ڕاپەڕین 14 کەس و لە پارێزگای #هەولێر#-یش 26 کەس لە ئاودا خنکاون.
هەروەها، لە حەوت مانگی یەکەمی ئەمساڵ-دا لە پارێزگای دهۆک 31 کەس، سلێمانی 7 کەس، گەرمیان دوو کەس، ئیدارەی ڕاپەڕین پێنج کەس و پارێزگای هەولێر 18 کەس لە ئاودا خنکاون.
بەهۆی ئەوەی لە #هەڵەبجە# هیچ تیمێکی ژێر ئاو نییە، بەڕێوبەرایەتیی بەرگریی شارستانی هەڵەبجە هیچ ئامارێکی خنکانی تۆمار نەکردووە.
بەگوێرەی ئامارەکەی ئەمساڵ، لە هەر مانگێکدا نۆ کەس لە ئاودا دەخنێکن و زۆرترینی ژمارەی خنکاوەکانیش دەکەونە سنووری پارێزگای دهۆکەوە.
ڕۆژنیوز ژمارەیەک گەنجی دواند، کە لەسەر ڕووباری سیروان مەلەیان دەکرد، ئەوان هۆکاری چوونە سەر ڕووباری سیروان-یان بۆ بەرزیی پلەی گەرما و کەمی کارەبا گەڕاندەوە، ئەمە جگە لە حەزی گەنجان بۆ وەرزشی مەلەوانیی.
ئەو گەنجانە، ئاماژەیان بۆ ئەوەشکرد، کە هیچ هێمایەکی ئاگادارکردنەوە لەسەر ڕووبار و گۆمەکانب دانەنراوە، تاکو هاوڵاتی ئاگاداربێت لە قوڵیی ئاوەکە و مەترسیدارییەکەی، ئەمەش هۆکارێکی خنکانە، نەزانینی مەلەوانییشیان بە هۆکارێکی دیکە زانی.
لە وەڵامی ئەوەی، کە بۆچی لەجیاتی ڕووبارەکان ڕوومەلەوانگەکان ناکەن، تا لە مەترسیی خنکان بەدووربن، ئەو گەنجانە، وتیان: نرخی مەلەوانگەکان زۆرە و بۆ دوو کاتژمێر 8 هەزار دینار وەردەگرن، باری دارایی هاوڵاتییش خراپە، بۆیە ڕوو لە شوێنێک دەکەین، کە پارەی پێویست نەبێت.
ئەحمەد سەلاح، یەکێک لەو گەنجانە و ئاماژەی بە بابەتێکی جیاواز لە وتەی هاوڕێکانی کرد و وتی: ئەو کارگە بەردانەی لەسەر ڕووباری سیروان کاردەکەن، بەهۆی دەرهێنانی لم لە گۆماوەکان، گۆمەکان قوڵ دەکەن، هاوڵاتییش بێئاگایە لە قوڵبوونی گۆمەکە و مەلەی تێدا دەکات، بەمەش مەترسیی لەسەر ژیانی دروست دەبێت.
لەسەر ڕووباری سیروان، چەند فریادڕەسێک هەن، کە ڕۆژانە و بەپێی دەرفەتی خۆیان و لە نەبوونی تیمەکانی بەرگریی شارستانییدا وەک ئەرکێکی مرۆڤایەتیی بەسەر ئاوەکاندا دەگەڕێن، بۆ ڕزگارکردنی ئەو کەسانەی ژیانیان دەکەوێتە مەترسییەوە،
فەرهاد فاروق، یەکێک لەو فریادڕەسانەیە و کە دانیشتووی شارۆچکەی #کەلار#ە، کە لەگەڵ هاوڕێکانیدا چەندین کەسیان لە مردن ڕزگارکردووە و بە ڕۆژنیوزی وت: ئەگەر کەسێک ژیانی بکەوێتە مەترسییەوە هەتا تەلەفۆن بۆ بەرگریی شارستانیی بکرێت بێت بەهانایەوە، ڕەنگە کەسەکە بخنکێت، بۆیە ئێمە هەوڵ دەدەین ژیانیان ڕزگار بکەین.
لە وەڵامی ئەو هاوڵاتیانەدا، سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی بەرگریی شارستانی گەرمیان، بە ڕۆژنیوزی وت: ڕووباری سیروان نزیکەی 80 کیلۆ مەتر دەبێت، تیمەکانی ئێمە ئەوەندە زۆر نین بتوانین لە زۆرینەی شوێنەکان بوونیان هەبێت و شوێنیان بۆ دابین بکەین.
سەرکەوت ئەحمەد، وتیشی: لەبەر خراپیی کارکردنی کارگەکانی چەو لم بە شێوەیەکی نایاسایی، مەلەکردنی گەنجان لەو شوینانە پڕ مەترسییە و ئێمە ڕازیی نین کەس لەوێ مەلە بکات، چونکە هیچ مەرجێکی سەلامەتیی تێدانییە.
لەبارەی زۆریی حاڵەتەکانی خنکان لە پارێزگای دهۆک، بێوار عەبدولعەزیز، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەرگری شارستانی دهۆک، بە ڕۆژنیوزی وت: بەشێکی زۆری ئەو کەسانەی بۆ مەلەکردن دەچنە سەر ئاوەکانی دهۆک شارەزییان لەسەر ئاوەکە نییە یان خەڵکی ناوچەکە نین یانیش منداڵن و باوک و دایکیان لەگەڵ نییە، هەروەها ڕێنماییەکانی بەرگریی و شارستانیی دهۆک پێشێل دەکرێن و بەهەند وەرناگرێن.
لەبارەی هەبوونی هێماکانی ئاگادارکردنەوەش ناوبراو، وتی: لە بەشێکی شوێنەکان هێمای ئاگادارکردنەوە و تیمی ژێر ئاومان هەیە، بۆ ئەو کەسانەی کە ژیانیان دەکەوێتە مەترسییەوە.[1]
#30-07-2018#