دواڕۆژ، عیسا عەبدولقەهار
کۆریای باشوور 300 هەزار دۆلار بۆ دەرمان و پێداویستی پزیشکی هەرێم تەرخاندەکات و هاوبەشە تەندروستییەکانیش هاوکاری تەندروستیان بۆ ئاوارەکان لە چەند شوێنێک ڕاگرتووە و بڕیاریاندوە ئەگەر کۆمەکی پێویست دابین نەکرێت ئەوا هەموو خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان ڕادەگرن.
ئەمڕۆ دووشەممە 30ی تەمموزی 2018، ناوەندی هاوبەشی قەیرانەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر هاوکاری حکومەتی کۆریای باشوور بۆ هەرێم و ئاوارەکان ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.
لەڕاگەیەنراوەکەی ناوەندی هاوبەشی قەیرانەکاندا، هاتووە بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان هۆشەنگ محەمەد لەگەڵ پارک یونگ کیو، کونسڵی گشتی کۆماری کۆریای باشوور لە#هەولێر# و سەهیۆن هان، بەڕێوەبەری نووسینگەی هەولێری ئاژانسی پەرەپێدانی نێودەوڵەتی کۆریا (KOICA) بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی ڕەوشی مرۆیی و هاوکارییە مرۆییەکان بۆ ئاوارە و پەنابەران و کۆمەڵگەی خانەخوێ کوبوونەوە.
بەپێی ڕاگەیەنراوەکەی ناوەندی هاوبەشی قەیرانەکان، کونسڵی گشتی کۆریا ڕایگەیاندووە کە وڵاتەکەی بڕیاریداوە هاوکاری مرۆیی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دابینبکات، بۆ ئەم مەبەستەش 10 ملیۆن دۆلاری لەڕێگەی ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ وەڵامدانەوەی مرۆیی تەرخانکردووە، هەروەها حکومەتی کۆریا بڕی 300,000 دۆلاری تەرخانکردووە بۆ دابینکردنی دەرمان و پێداویستی تەندروستی بۆ هەرێمی کوردستان.
ناوەندی هاوبەشی قەیرانەکانی هەرێم، ئاشکرایکردووە کە پێشکەشکردنی هاوکارییە تەندروستییەکان لە کاتێکدایە کە هاوبەشە تەندروستییەکان هاوکاریی تەندروستییان بۆ ئاوارەکان لەچەند شوێنێک ڕاگرتوە و بڕیاریاندوە ئەگەر کۆمەکی پێویست دابیننەکرێت ئەوا هەموو خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان ڕادەگرن.
هاوکات هۆشەنگ محەمەد، ئاماژەی بەوەکردووە کە هەر لە سەرەتای ڕوودانی قەیرانی مرۆیی و لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا، حکومەتی کۆریا بەردەوامبووە لە پێشکەشکردنی هاوکاری مرۆیی بۆ پشتگیریکردنی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستان.[1]
#30-07-2018#